ئەو ژنە ئەنفالکراوەی کوردستانی ئەسپاردەی کازمی کرد

 

هێشتا هەزاران ئێسكوپروسكی ئەنفالكراوان لە منداڵ وژن و گەنج‌و پیر لە بیابانی عەرەبین، هەزاران گوند وێران و كاولگەن، كوێت نیوەی ئەمەش وێران نەبوو، حكومەتی عێراق 360 ملیار دۆلار قەرەبووی داوەتەوە، كەچی تا ئێستا داوای لێبوردنێكی لە كورد نەكردووە، قەرەبویەكی نەكردونەتەوە..بەڵام كە سەرۆك وەزیرانی عەرەب دێت كوردستانی ئەسپاردە دەكەن؟؟ ئەمە راگەیاندنی فەشەلی ئێوەیە، نەك خۆشەویستی بۆ كازمی..

 

 

 

لە نێو ئاپۆڕای جەماوەریدا لە کاتی سەردانیکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پاریزگای دهۆک ژنە ئەنفالکراوەی بادینان زۆر بەگەرمی باوەشی پێدادەکات و پێی دەڵێت: کوردستان سپاردەی تۆ بێت.

 

ئەو قسەیەی ژنە خێر لەخۆنەدیوەکەی پاشماوەی ئەنفالی بادینان بریتیە لە لووتکەی بێ ئومێدبوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و توێژی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تایبەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی. ٢٩ ساڵە، ژنێک کە نموونەی هەزارانە لە دایکی جەرگ سووتاو، و یەکیکە لەو خێزانە لە یەک دابڕاوی کۆمەڵگای کوردی، ئەو لە هەرێمی کوردستان سەرۆکێک یان بەرپرسێکی شك نەبردووە دەردە دڵی خۆی لابکات، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کەسێک لە دەرگای نەداوە.

 

ئەو ژنەی وای بە کازمی ووت ئەو هێمای قوربانی گەلەکەیەتی و رۆژگارێک سوپای عێراق لە هەڵمەتی نەگریسی ئەنفال ئازیزترین کەسی لێ دابڕیوە، و لە بیابانەکانی عێراقی عەڕەبی زیندە بەچاڵی کردووە، ئێستا دێت باوەش بە سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەکات، و بە ئاهێکی ساردەوە هەموومان سپاردەی ئەو برا عەڕەبە چاوڕەشە دەکات ئەرێ ئەو دیمەنە بۆ کاربەدەستانی هەرێم چەندی بەچەندە؟

 

هەر کەسێک لە شوێنی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بایە دەبووە لە بەرامبەر قسەی ئەو ژنە ئەنفالکراوە شەرم دایبگرێت، بەلام کوا ئەوانە دەزانن شەرم چیە؟ کەسانێک دزی و گەندەڵی لە بەرهەمی خوێنی شەهیدان بکەن شەرم لای ئەوانە دەمێکە شەرم باری کردووە.

 

ساڵی پار کاتێک ژنە شەهید و ئەنفالکراوان لە خۆپیشاندانی دەڤەری سلێمانی بانگیان دەکرد: (عەبادی - عەبادی)، دەوترا ئەوە دەستێکی سیاسی لە پشتە، دەستێکە دەیەوێت پرسی کورد بباتەوە بەغدا، ئەوانە بەکرێگیراوی بەغدان، دەی با بزانین بۆ داواکەی ئەو ژنەی بادینان کە ئاڕاستەی کازمی کرد چیتان هەیە؟ ئەری دەتوانن بەویش بڵێن دەستی لەپشت بووە؟

 

لە هەرێمی کوردستان دەمێکە دەبوو ئەو دەسەڵاتە لە خۆی بپرسێت بۆچی بەرفراوانترین توێژی قوربانیدەری کوردستان کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانن پەنا بۆ بەغدا و سەرۆک وەزیرانی ئەوێ دەبەن؟ ئەگەر ئەو کاتە وازیان لە بەخشینەوەی تۆمەت بهێنیا، و بە پیر داوای خۆپیشاندەران بچووبانایە ئەمڕۆ ژنە ئەنفالێکی دیکە لە بادینان باوەشی بە کازمی دانەدەکرد. ئەرێ کاربەدەستەکانی کوردستان ئێوە دەزانن کە ئێمە زیاتر لە یەک چارەگە سەدەیە کوردستان و چارەنووسی خۆمان سپاردەی ئێوە کردووە، ئێوەش هەموومانتان خستۆتە بەردەستی چینێکی مشەخۆری گەندەڵ، تا لەسەر حسابی خوێن و تێکۆشانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان خۆیان بە ناڕەوا دەوڵەمەند بکەن، و هەرێمی کوردستان نوقمی نادادی بکەن، لەوەش خراپتر ئەوەیە لەو هەرێمەی ئێمە کە بەرهەمی رووبارێکە لە خوێنی شەهیدان، تا دێت لە سایەی دەسەڵاتی ئێوە ئازادیەکانمان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە، لەسەر قسەیەکی حەق خەڵک دەخرێتە زیندان.

 

لە هەموو وێستگەکانی دوای ڕاپەرێن خەلکی کوردستان قوربانی زۆری داوه، بەرگەی نەهامەتی گەورەی گرت، بەڵام ئەوە ئێوەن خەلکی خۆتان برسی دەکەن، بە ناڕەوا دەست بۆ مووچەی مووچەخۆران دەبەن، لەبەرامبەر ئەوەشدا نابێت کەس لێتان بپرسێت داهاتی ئەو هەرێمە چیە و چەندە و چی بەسەر دێت؟ دەباشە پیرۆزتان بێت سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانەکەی عێراق بۆ دەروازە سنووریەکان، با بزانین ئەوەی چەند ساڵە لە میللەتەکەتان دەیشارنەوە دەتوانن لەو میوانە ئەزیزەتان بیشارنەوە؟

 

ئەرێ بەڕاست دوای نمایشەکەی مستەفا کازمی ئێوە واز لە پشتی لاپتۆپەکانتان دێنن یان نا؟ ئەرێ کەس لە ئێوە ئامادەیە سەرێکی پاشماوەکانی ئەنفال لە ناوجەکانی گەرمیانی خێرلەخۆنەدیو بدات؟ یان نانێک لەگەل خێزانێکی نەخۆشی چەکی کیمیاوی لە هەلەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان و گۆپتەپە بخوات؟

 

ئەرێ ئیوە بەنیازن کارێک بکەن خەڵک خۆی سپاردەی بەغدا نەکات؟ یان خێر و بیری ئەو مەملەکەتە هەر دەبێت بۆ ئێوە بێت و میللەتیش پرسیە؟

 

 

هیوا سەید سەلیم

 

یا اللە، کام اللە؟

هه‌ژار هه‌ورامی

سالی 1981تازە بەتازە کۆماری ئیسلامی توانی بووی بە ڕۆژ لە شارەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان زاڵ ببێت بە سەر خەڵکی کورددا وبە یارمەتی هەندێک جاش وشڕوشاتاڵی هەل پەرست لە هەندێک لە گەرەکەکان و شەقامەکانی شاری  سننە مەقراتی جاش وپاسداریان دامەزراندبوو و خەڵکیان بە حەق وناحەق ئەزیەت دەدا وهەوڵیان دەدا بە ڵێدان سەرکوت وئەشکەنجە وئیعدام وسێدارەخەڵک چاوترسێن بکەن .

ڕۆژێکیان وەرزی هاوین بوو ، دەڕۆیشتم بۆ ناو شار لە خیابان فەرەح لە نزیک ماڵ مشیر دیوان ،بینیم سەیارەکی جیبی کا ام سێ چوار پاسداری لاوی سەر وبژ وڕیش ئاڵۆزکاو لە گەڵ جاشە کوردێک ڕێگەیان لە ژن ومێردێکی خەڵکی گەرەکەکە کە تازە هاوسەر گیریان کردبوو ،گرتبوو .بەبیانووی ئەوەی پرچی کچەکە بە دەرەوە بووە وزولفی کەوتووەتە بەر دیدی نامەحرەم و ئەمە دژ بە بۆ چوونی خودایە لە قورئاندا ودژی فەرمایشتی رەسوولی خودایە، دژی بۆچوونی ائمە اگهارە . وە حیجابی ئیسلامی نییە . دەیانهەویست بە زۆر لە مێردەکەی داببڕن وسواری جیبەکەی بکەن ولە گەڵ خۆیان بیبەن . بەڵام چەند کەسێک ڕێبوار ودووکانداری ئەو گەڕەکە ڕێگەیان نەدەدا بەو کارە ونەیان دەهێشت منیش چوون ژن ومێردەکەم دەناسی وئەو کارەی پاسدارەکانم پئ ستەم بوو ،تێکەلیان بووم و دژی کردەوەی پاسدارەکان وستامەوە. ،یەکێک لە پاسدارە کان بە بێ تەل ناوەندی پاسدارەکانی ئاگادار کردەوە ،کە لەوێیەوە نزیک بوو ،بە چاو ترووکانێک 20 پاسداری پڕ چەک  گەیشتنە شوێنەکە ،یەکیان کە کەمێک بە تەمەن بوو ،پرسی چی بووە بۆ ڕێگەتان لە برادەرانی پاسدار گرتووە لە ئەنجامدانی شئووناتی ئیلاهی . یەک دوویەکمان ووتمان ئەوانە ژن ومێردن بە یەک نامەحرەم نیین ،بۆ دەبێت دایان ببڕن وژننەکە بە زۆر ل گەڵ خۆیان بەرن ، زۆری پئ ناخۆش بوو کە لە ڕوویدا ووستاینەوە. ووتی باشە کێشە نییە وەرەن لە گەڵیان شایەتی بدەن وسوێند بە اللە بخۆن و بەریان دەدەین ، هەموویان سوار سەیارە کردین وبردمانیان بۆ یەکێک لە مەقەڕەکانیان بە ناوی کۆمیتەی دژایەتی  مەفاسید . هەر ئەوەندە ئێمەیان بردە ناو حەوشەی مەقەرەکەیانەوە ، بە فەرمانی هەمان پاسدار کە فریوی داین ووتی وەرن سوێند بخۆن بە اللە بەرتان دەدەین .ئەوەی پاسدار لەو مەقەرە بوو ڕژانە سەرمان وبە قامچی و زەنجیر و قونداغی تفەنگ تێر وپڕیان لێداین . ئینجا کەڵەپچەیان کردە دەستمان و بە بازنەی چوار وپێنج کەسی ئێمەیان خستە ژێر زەمینێکی (سەرداب) بۆگنخی وتاریکەوە . جگە لە ژن ومێردەکە ئێمە دوازدە کەس بووین . من و کاک خ... وکاک ت.... و پیاوێکی تەمەن مامناوەند بە چوار کەلە پچە دستمانیان پێکەوە گرێدابوو . کەلەپچەکان جۆرێک بوون لە گەڵ هەر تەکان وبزووانێک توندتر دەبوون ،بۆیە نەدەبووا زۆر دەست وباڵمان تەکان بدەین ، ئێمەیان بردە بەردەم بەرپرسی شوێنەکە ودەستیکرد بە پرسیار ولێکۆلینەوەدەیوت بە فرزندان امام حوسین دەڵێن درۆزن ، برادەری پاسدار گەمارۆ دەدەن وناهێڵن فەرمانەکانی اللە جێ بەجێ بکات  .لە گەڵ هە پرسیارێک بە پۆستاڵ لەقەیەکی لێ دەداین و ئەو کاک خ ... موسڵمانێکی بە تەواو مەعنا بوو ،دەستی چەپی بە کەڵەپچەیەک  بەسترابوو بە دەستی ڕاستی منەوە و دەستی ڕاستیشی بەسترابوو بە دەستی کابرای نەناسی مامناوەند تەمەنەوە ، لە گەڵ هه ر لەقەیەک کە لە کاک خ یان دەدا هەڵدەبەزییەوە پڕ بە دەنگ دەیووت یا اللە ،یا اللە ، یا اللە ووتنی ئەو و هەلبەزینی دەبوو بە هۆی تووند بوونی کەلەپچەکان و خەریک بوو مەچکمان بشکێنێت . کابرای مام ناووەند تەمەنی نەناس تەحەمولی نەما و ووتی ‌ئەرێ کەم هەڵبەزێ وکەم بڵێ  یا اللە بابی ئێمەت گ ... ئەو پاسدارە کە پرس وجۆی لێ دەکردین ووتی بۆ ئێوە اللە دەپەرەستن ،ئەی بۆ لە ڕیفراندوم کەس دەنگی نەدا بە کۆماری ئیسلامی ، ئێوە مونافق و مولحیدن ، دووبارە مستەکۆڵەیەکی لە کاک خ .. دا . هەمیسان ووتی یا اللە وهەڵبەزییەوە .پاسدارەکە لێ پرسی کام اللە ، کاک خ وەڵامی دایەوە ووتی اللە یەک کە رەحمان ورەحیمە ، پێم وایە لە بێ دەسەڵاتی یان زۆڵیەتی ئەم ولامەی داوە ، بەلام کابرای پاسدار دەستی خوێندبووەوە و دەیگووت اللەی ئیمە قاسم و جەبارە ،روحم بە مونافق ومولحد ناکات ، دووبارە بە هەموو هێزیەوە بە پۆستاڵ لەقەیەکی لە کەلەکەی کاک خ .. کوتا وئەویش هەمیسان ووتی یااللە . ئەمجارە دەستی ڕاستی من لە بەر تەکان وشەکان وزەبری توند بوونی کەلەپچەکە  خوێنی لێ هات . لەو ڕۆژە بە دوواوە زانیم دوو جۆ ر اللە ودوو جۆر موسڵمانمان هەیە، اللە یەک رەحمان ورەحیمە کە خودای موسڵمانی بێ دەسەڵات وستەم لێکراوە ، اللە یەکیش کە قاسم وجەبارە وخودای موسڵمانی دەسەڵاتدار و ستمکارە .

سیستەمی وەزارەتی پەروەردە و تاکێکی کڵۆڵ!

پەروەردە ئامادەکاری نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیانە" جۆن دیوی ١٩٥٢.وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا یەکدەست کاردەکەن لە پێناو درووستکردنی تاکێکی لاوازی و سست، کە هەموو ئامانج و خەونێکیان کردۆتە نمرەی بەرز لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و کارێکی گونجاودا. بێئاگا لەوەی کە ئایا ئەو تاکە تاچەندە شارەزا و کارامەیە لە جێبەجێکردندا، تاچەند دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کۆمەڵە بەهرەیەکی هەبێت کە ئەوانیتر نەیانبێت، واتا دیاریکردنی ئاستی خوێندکار دەبێت پێشبڕکێ بێت بۆ نۆڕین لە چۆنییەتی و چەندییەتی بەهرەکان نەک نمرەیەکی بەرزی سەر پەڕە کە پەلوپۆی دامەزراوەکان و کۆمەڵگە تێکدەشکێنێت و دەروەستی پێویستییەکانی کۆمەڵگە نایات. سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کاردەکات لەسەر ئاخنینی زانیاری بۆ ناو مێشکی فێرخوازان، تاکە ئامانجی ئەم سیستەمە دەرچوونە لە تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە و زەقکردنی یەکەمەکانە، نەگبەتی ئەو ڕوانگەیە بۆ تەواوی دانیشتوان گوازراوەتەوە کە توانای تاکەکان بەندە بەو نمرەیەیەی کە لە قۆناغەکانی خوێندندا بەدەستی دێنێت، هەر ئەوەش ئەرخەیانیان دەکات و ئەهوەنیان دەکاتەوە، نەک ئەوەی کە خۆی فێری دەبێت بە ئەزموونکردنی لە ژیاندا. ساڵانە لێشاوێک خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن بەڵام، سیستەمە چەوتەکەی فێرکردن بە هەمان شێوەی قوتابخانە هەر ئاخنین و توتی ئاسایە، کە دواتر ٤ جۆر مرۆڤ ئامادە دەبێت بۆ ناو کۆمەڵگە، ئەوانیش: نمرە بەرزێکی و بێتوانا، بێتوانایەکی نمرە کەم، بەتوانایەکی نمرە کەم و بەتوانایەکی نمرە بەرز، کۆمەڵگە پێویستی بە سێیەم و چوارەمە، وەلێ ئەم سیستەمە دنەی بوون بە یەکەم و دووەم دەدات، کە تاکێکی کڵۆڵن و جمەیان دێت لە کۆمەڵگەدا. ئەوەی ئێمە گەرەکمانە بۆ برەودان بە پیشەی تاکەکان و تەواوی کۆمەڵگە، برەودانە بە فێرکردنی تواناکانی تاک،نەک بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز کە مێشکی خوێندکارانی ئیفلیج کردووە و لێبڕاوانە هەموو هەم و غەمیان بۆتە یەکەم بوون. نەک ئەوەی کە ئایا سبەی دەردەچن ئەو دامودەزگەیەی بۆی دەچن پێویستییان بە چ جۆرە تاکێکە. لە غیابی دانەمەزراندنەوەی یەکەمەکانی زانکۆدا ئەوە بە زەقی دیارە لە ناو کەرتە ئەهلییەکاندا کە ڕوانین و گەڕانێکی ورد دەکەن بۆ تاکێک کە توانا و بەهرەیەکی جیاوازی هەیە لەوانی تر، زانیاری عەمبار نەکردووە و پاڵیدابێتەوە، ورد و چالاکانە هەوڵی داوە برەو بەو توانایانە بدات کە لە ژیاندا گرینگن وەکو: فێربوونی زمان، شارەزایی کۆمپیوتەر،شێوازی ئاخافتن و خۆگونجاندن هتد.چۆن دەتوانین برەو بە توانا و کارامەییەکانی خوێندکاران بدەین و باریانبهێنین؟

١- بە پڕاکتیکردنی وانەکان: ئەوەی کە تا ئێستا نەکراوە و دەبێت بکرێت گرنگیدانە بە ئەنجامدان نەک کۆپیکردنی زانیارییەکان،خوێندکار پێویستی بە ماتریاڵی زانستییە تاوەکو لەو بابەتانە بگات و ئەزموونیان بکات کە لە کتێبەکاندا جێگیرکراون. بۆ نمونە کاتێک باسی کۆمەڵەی خۆر دەکرێت لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییەوە، گرینگە بە پڕاکتیکی نیشانی بدرێت، چونکە لە ژیاندا قوتابی بەری ناکەوێت.

٢ - هۆشیاری تاک: هەموو ئەو کێشانەی کە لێرەدا گەشە و نما دەکەن بە هۆی نائاگایی و ناهۆشیاریی تاکەوە دێتە بەرهەم، ئەم ناهۆشیارییەش بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی سیستەمی پەروەردە کە نەیتوانیوە لە ناو بابەتەکاندا جێگیری بکات یان وانەیەک تایبەت بکات بە هۆشیاری تاک، بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا کە بیر ناکاتەوە چۆن قوتابییەکان هۆشیار ببنەوە بەوەی لە ناو ژینگەدا بەری دەکەون زەبری کوشندەیان لێدەدەن، بەشەکەی تری دەکەوێتە ئەستۆی خێزان کە بێباکانە تەقەلا و کۆشانی کەم دەکەن بۆ گرنگیدان بە منداڵەکانیان، بڕوایان وایە کە پارەپێدان و دابینکردنی خواردن و جلوبەرگ هەموو شتێکە بۆ منداڵەکەی، ئەوانە نەوەکان زل و مل ئەستور دەکەن، نەک پەڕجووی کارامەییان بخوڵقێنن،ئەمانە مافن و باسکردنیان نەنگییە.

٣- گۆڕینی سیستەمی هەڵسەنگاندن: گرینگە لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا هەر بابەتە و بە شێوازێکی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجام بدرێت، بێ سڵەمینەوە دەڵێین: ناکرێت و کارەساتە بابەتەکانی وەکو میوزیک، هونەر، وەرزش، کۆمپیوتەر و ئایین بە شیوەی تاقیکردنەوەی نووسەکی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

٤- گرنگی و بایەخدان بە زانکۆ و پەیمانگە پیشەییەکان: دەبێت حکومەت بە شێوەیەکی کاریگەرانە کار لەسەر کردنەوە کۆمەڵێک زانکۆ و پەیمانگەی پیشەیدا بکات، کە ئەمڕۆ بوونەتە مایەی گرنگیپێدان لە هەموو جیهاندا لەوانە: میکانیک، نێت، IT،کشتوکاڵ، کۆمپیوتەر، ئەندازیاری هتد. کە ئەمانە دەستی کارن لە کۆمەڵگەدا و دەبنە هۆکاری بوژانەوەی کۆمەڵگە.

٥- شارەزایی لە تەکنەلۆژیا: ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە نایکات فێرکردنی کۆمپیتەر و ئامێرە زیرەکەکانە، کە ئەمڕۆ لە هەرە گرینگترین ئامرازەکانی فێربوون، گەشەکردن و ژیانکردنن. گرینگە تاک هۆشمەند بێت و بەر لە تەواوبوونی زانکۆ بە شێوەیەکی باش خۆی فێری کۆمپیوتەر و بەرنامە فێرکارییەکان بکات.

٦- زمانی دووەم و سێیەم: سیستەمی پەروەردەیی هەرێم نەیتوانیوە کەس فێری زمانێکی تر بکات. کەواتە هەم دیسان گەر بمانەوێت تاکێکی وریا و خاوەنکار بخەینە ناو ژیانەوە، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بەردەوام هانبدرێن بۆ فێربوونی زمانێکی تر کە هاوکاریان دەکات لە دەستکەوتنی کاردا و لە هەمان کاتدا لە ڕووی مەعریفییەوە کۆمەکییان دەکات.

٧- بازاڕسازی: بازاڕسازی وەکو باقی لێهاتووویەکانی تر لە ناو مەنهەجی خوێندنی حکومەتدا جێگیر نەکراوە و کاری لەسەر ناکرێت، بۆیە دەبێت خێزان و تاک هەوڵی کرانەوەی تاک بدەن بەرەو دنیانی مادەدا و فێربن چۆن پارە بەدەست دێت و چۆن دەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژە.

٨- توانای گفتووگۆ: بەشێکی زۆری خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان دوو تاک درووستدەکەن: یەکێکیان لاواز و سستە، دەچێتە زانکۆ ناتوانێت دەقەیەک قسە بکات، چونکە ژینگەیەکی لەباری بۆ نەڕەخساوە و ترسێندراوە لە قسەکردن. ئەوی تریان تاکێکی زۆربڵێ یە، کە بەدوورە لە هەموو ئەتەکیەتێکی قسەکردن و بەهایەکی باڵا. تەواوکردنی خوێندن بەدەستهێنانی شەهادەیەک و نمرەیەکی بەرز نییە، بەڵکو فێربوونی ژیانە، بە شارەزابوون لە کارامەییە گرنگەکانی ژیاندا، ئەو کارامەییانەی کە تاکێکی جیاواز و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا درووستدەکەن، ئەو کارامەییانەی کە بێ سێ و دوو سەرجەم دامودەزگە ناحکومییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و فریادڕەسی دامودەزگە حکومییەکانیش دەبن.

هیوا زێڕه‌

ماددە ھۆشبەرەکان و مەترسیەکانی لە ھەرێم

مادەی ھۆشبەر ئەو ماددە سروشتی و دەستکردانەن کە وەکو چارەسەری پزیشکی بۆ کەمکردنەوەی ئازار و بێ ھۆشکردنی پێش نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێت ھەر لە دێر زەمانەوە مرۆڤ ئاشنا بووە بە بەکارھێنانی پێکھاتەی سروستی رووەک بۆ چارەسەری پزیشکی و بەردەوام پەرەی پێداوە لە ڕووی چەندایەتی و جۆرایەتیەوە، سەرەتا تەنھا بۆ چارەسەری پزیشکی بوو دواتر بۆ مەبەستی مەستکردن و ھۆش بردن بەکادەھێنرا، سەرچاوەکانی ماددەی ھۆشبەر:

١ ــ ماددەی ھۆشبەری سروشتی: ئەو جۆرانەن کە راستەخۆ لە پێکھاتەی سروشتی ڕووەکیەوە بەرھەمدێن، گرنگترین ئەو ڕووەکانەی کە ماددەی ھۆشبەری لێ بەرھەم دەھێنرێت: ـ کانابی ھندى Cannabis indica ـ خشخاش لە رەگەزی Papaver ـ قات Catha edulis ـ کۆکا Erythroxylum coca لە گەل دەیان جۆری روەکی تر.

٢- ماددەی ھۆشبەری پیشەسازی: بە شێوەی پیشەسازی لە تاقیگەو کارگەکاندا لە ڕووەکە سروشتیەکانەوە دروست دەکرێن.

٣- ماددەی ھۆشبەری دروستکراو: لە ریگەی کارلێکی کیمیاوی نێوان ماددە کیمیاویەکان دروست دەکرێت.

جۆرەکانی مادەی ھۆشبەر:

ــ حەشیش: لە ڕوەکی کانابی ھندیەوە دروست دەکرێی بە ھۆشبەری ھەژاران ناسراوە بە ھۆی کەمی نرخەکەیەوە.

ــ ئەفیون: لە شیلاوی گوڵی خەشخاشەوە دروست دەکرێت.

ــ کۆکایین: جۆرێکی ترسناکە له رووەکی کۆکاوە دروست دەکرێت.

ــ مۆرفین: لە رووەکی خەشخاشی جۆری Papaver somniferum دروست دەکرێت.

ــ ھیرۆیین: بە ھەمام شێوە لە رووەکی خەشخاشی جۆری Papaver somniferum دروست دەکرێت.

ھۆشبەرە دەستکردەکان:

ـ ھۆشبەری وڕێنەکردن (هلوسة) وەکو الفلاکا (Alpha PFP)

ـ ماددەی وریاکەرەوە (منبھات) وەکو ئەمفیتامین Amphetamin بۆ چالاک کردنەوەی مێشک بەکاردەھێنرێت.

ـ ماددەی ھێورکەرەوە (المھدئات) بۆھێورکردنەوە و خەو لێکەوتن بەکاردەھێنرێت.

سەرەڕای ئەم جۆرانە سەدان جۆری ترسناکی تر لە ژێر ناوی جیاجیا دروست کراون، ترسناكترين جۆرەکانی مادە ھۆشبەرەکان (کریستال میث، فلاککا Flakka یان ھۆشبەری زۆمبی، خوێی گەرماو (املاح الحمام) کە لە خوێ و بانزین و کبریت پێکھاتوە، وونجا whoonga، تمساح Krokodil و LCD (Liqued-Crystal Display).

بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە رێگەی دەم و لوت و سرنج لێدانەوە (خوێن) دەبێت وە جۆرێکیان ھۆشبەری ژمارەییە Digital لە رێگەی بیستنی مۆسیقا بە شەپۆلی دەنگی دیاری کراو دەبێت.

بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە دەرەوەی رێنمایی پزیشکی قەدەغەکراوە بە پێی یاسا، زیان و مەترسیەکانی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە سەر ژیانی مرۆڤ:

ـ ئالودەبوون

ـ خەمۆکی و تێک چوونی باری دەروونی

ـ ورینەکردن و رشانەوە

ـ لاوازبوونی جەستە

ـ بێ ھۆش کەوتن

ـ وشکبوونی پێست

ـ کەمبونەوەی ترکیز

ـ خوێن بەربوون

ـ تێکچوونی دۆخی فسیۆلۆجی لەش لە فشاری خوێن و لێدانی دڵ و ھەرسکردن و ھەوکردنی جگەر و لە دەستدانی بەشێک لە خانەکانی مێشک و ھتد

ـ زۆر جار بێچارەسەرکردن مردنی بەدواوە دەبێت.

ترسناکترین جۆرەکان فلاکا و تمساح و کرستال میث و خوێی گەرماو و LCD کە لە کاتی بەکارھێنانیدا مرۆڤ لە دۆخی ئاسایی خۆی دەردەچێت و ترسناک و درەندە و کوشندەو شڵەژاو دەبێت رەفتار و ھەلسوکەوتی نائاسایی دەکات و ھەندێ جار دەگاتە كوشتن و خواردنی گۆشتی مرۆڤ وەکو زۆمبیەکان.

ساڵانە ملێۆنەھا کەس ئالودەی ماددە ھۆشبەرەکان دەبن وە لە چەندین وڵات بووە بە دیاردە کە ئەرک و تواناو خەرجیەکی زۆری پێویستە بۆ چارەسەەکردن، لە عێراقدا پێش پرۆسەی ئازادی بە دەگمەن ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنرا و بازرگانی پێوە دەکرا و دوای ڕوخانی رژێمی پێشوو و والابوونی دەروازە سنوریەکان و لاوازبوونی سیسیەمی چاودیری پۆلیس و ھێزی ئاسایشی ناوخۆ و سالانە رێژەی بازرگانی کردن و بەکارھێنانی ھۆشبەرەکان روو لە زیادبونێکی ترسناکە بە تایبەتی لە ناوەراست و خوارووی عێراق.

لە ھەرێمی کوردستان سەرباری توند و تۆڵکردنی لایەنی ئەمنی و یاسایی لەم رووەوە بەڵام لەم دە ساڵەی دوایدا بە ھۆی قەیرانی دارایی و کەمی کار و دانەمەزراندن و زیادبوونی رێژەی گەنجانی بێ کار بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان ھاتۆتە کایەوە و بەردەوام روو لە زیابوونە بەڵام تا ئێستا نەبووەتە دیاردە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری ئەویش بە ھۆی ئاین و داب و نەرێت و کەلتور و ترسی یاسا و دەسەڵات..

تریاک و کریستال و حشیش و حەپی ترامادۆل و دەیان حەپی جۆراو جۆر زۆرترین ئەو ھۆشبەرانەن کە لە خاڵە سنوریەکان و بازگەکان ئاودیوی ھەرێم دەکرێ و بازرگانی پێوە دەکرێت لە ئێستادا لە کافتریا و چاخانە و شوێنە گشتی و تایبەتیەکان و زیندانەکاندا بە نھێنی دوور لە چاوی خەڵکەوە بەکار دەھێرێن، بەکارھێنان و ئالودە بوون بە مادە ھۆشبەرەکان لە ھەرێم زەنگێکی خەتەرناک و کێشەیەکی گەورەیە وە داھاتووی گەنجانی ئەم وڵاتە دەخاتە ژێر مەترسیەکی گەورەوە، رەنگە ئەمەش پلان و بەرنامەی دارێژراوی دوژمنان و نەیارانی گەلەکەمانی لە پشتەوە بێت وە کێشە و قەیرانەکان و نەبوونی کار ھەلی باش بن بۆ بلاوبوونەوە و بەرپابوونی ئەم دیاردە نەخوازراوە لە نێو کۆمەڵگەدا، بە پێی راپۆررت و ئامارە نھێنیەکان ژمارەی بەکاھێنەران و تێوەگلاوانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەڵکشاندایە ئەمەش ھەڵوێستەیەکی جدی دەوێ لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ بە گژاچوونەوەو بنەبڕکردنی ئەم حاڵەتانە کە ھەرەشەی گەورەی دروست کردووە لە سەر داھاتووی گەنجان و ڕۆلەکانمان وە پێویستە بایەخێکی تەواوی پێ بدرێت لە رووی ماددی و مەعنویەوە ئەگینا ئەگەر لە سنوری خۆی تێپەرێت چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبێت و کارێکی ئاسان نابێت.

 

د. سیروان حەسەن

 

شەڕی گەیشتن بە كۆشكی سپی: كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ یان بایدن؟

چەند مانگێكە ئەمەریكا لەنێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دایە، پرۆسەكە بە كۆنگرەی دوو حزبی ڕكابەر (كۆماری و دیموكرات) بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٠دەستیپێكرد.

رۆژی (٣ )ی نۆڤەمبەر قۆناغی یەكەمی دەنگدان لە تەواوی ویلایەتەكانی ئەمەریكا دەستپێدەكات، دانیشتوانی ئەمەریكا لە ٥٠ ویلایەت دەنگ بۆ ٥٣٨ كەس دەدەن، كە دواتر ئەوان (٤٦)مین سەرۆكی ئەمەریكاهەڵدەبژێرن، لە پرۆسەیەكدا كە لە رۆژی دووشەمەی یەكەم لە مانگی ١٢ ئەنجام دەدرێت.

لە نێو كێبركێ توندی نێوان كۆماریەكان و دیموكراتەكان، هەردوو حزب لە رێگەی كۆنگرەی پارتەكانیان كاندیدانی خۆیان بۆ ئەو پێشبڕكێیە یەكلاكردۆتەوە، جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان و دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكانە.

باگراوندی سیاسی هەردوو ڕكابەرەكەی سەرۆكایەتی:
جۆ بایدن:
لە تەمنی ٧٧ ساڵەی دایە، لە ٢٠/١١/ ١٩٤٢ لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە دایك بووە، كۆلیژی مافی تەواو كردووە، و پێش ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سینات هەڵبژیرێت كاری پارێزەری دەكات، لەو كارەیدا زۆر هاوكاری هەژارانی كردووە، نووسینگەی پارێزەری گشتی دەكاتەوە بۆ كاری خۆبەخشی.

لە تەمەنی ٣٠ی ساڵی كاندید دەكڕێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لە ویلایەت دێلەوا، شایانی باسە لە دەستوری ئەمەریكا هاتووە كە مەرجی كانیدبوون بۆ ئەنجوومەنی پیران ئەوەیە كاندید تەمەنی ٣٠ ساڵ بێت، بەلام بۆ ئەنجوومەنی نوینەران دەستوور مەرجی ٢٥ ساڵی دیاریكردووە.

جۆ بایدن، لەبەر خۆشەویستی لە نێو جەماوەر لە هەلبژاردنی ساڵی ١٩٧٣ سەركەوتن بەدەست دێنێت، و دەبێتە یەكەمین كەس لەو شەش كەسەی كە بچووكترین سیانتۆری ئەنجوومەنی پیران دەبن، و تا ئێستاش شەش جار بۆ ئەو پۆستە هەلبژێردراوە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەو خوولەش لە چوار گەورەترین ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت لە رووی تەمەنەوە، كە تا ئێستا ٣٦ ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە، لە ماوەی شەش خوول كە هەر خوولێكی ئەنجوومەنی پیران بەپێی ماددەی یەك لە دەستوری ئەمەریكا تەمەنی شەش ساڵە.

ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەركەوتنی بایدن لە هەلبژاردنەكانی كۆنگرێس:
-جۆ بایدن لە هەژارەوە دێتە ناو سیاسەت، تەنانەت لە یەكەمین پڕۆسەی خۆ كاندیدكردنی پارەی نابێت ریكلامی پێبكات و لە رێگەی پۆستەوە ریكلامەكانی خۆی دەگەیەنێتە دەنگدەرانی، كاتێك دەبیتە سیناتۆریش لە رێگەی شەمەندەفەر هاتووچۆی كردووە.
-ئەو كاتەی كە پارێزەر دەبێت بە خۆبەشی خزمەت دەكات.
-كاركردنی دژی جیاوازی ڕەگەزی، بەتایبەت كاتێك پشتیوانی ڕەشپیستەكان دەكات بۆ بەدەستهێنانی خانووی نیشتەجێ بوون، شایانی باسە كاتی خۆی بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی لە ئەمەریكا خانوو نەدەدرا بە كەسانی ڕەشپێست تەنانەت ئەگەر كەسەكە پارەداریش بووبێت.
-داكۆكیكردنی لە پرسی ژینگەپارێزی.

زانیاری زیاتر لەسەر جۆ بایدن:
-بایدن سالی ١٩٧٨ كاندیدی دیموكراتەكان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە بەشێك لە وتارەكەی بریتی بووە لە وتاری كەسێكی سیاسی وڵاتی بەریتانیا، ئەو بابەتە لە لایەن ڕكابەرەكەی قۆسترایەوە، سەرنجام بایدن لەو پرۆسەیە كشایەوە، و لە هەمان كات دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران كرد، بەڵام داواكەی ڕەتكرایەوە، بەشیك لە كۆماریەكان رۆڵیان هەبوو لە ڕەتكردنەوەی ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە.

-جۆ بایدن یەكێك لەو سیناتۆرانە بوو هەمیشە لە خزمەتی ئەمەریكا كاری كردووە و دوور بووە لە حزبایەتی تەسك، ئەمەیان وایكردووە باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەشێكی سیانتۆرە كۆماریەكانیش هەبێت، بۆ نموونە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بۆش یەكێك لەو سیناتۆرە دیموكراتانە دەبێت دەنگ لە قازانجی لێدانی عێراق دەدات كە دیموكراتەكان دژی ئەو بڕیارە بوون.

-ساڵی ٢٠٠٨ پرۆژەی دابەشكردنی عێراق بۆ سەر سێ هەرێمی فیدڕاڵی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران دەكات .
-لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئۆباما دەكرێتە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا.

گرنگترین ووتەی جۆ بایدن:
دەتوان وەك كەسێك بە شادی بمرم بە بی ئەوەی ببمە سەرۆكی ئەمەریكا بەڵام ئەوەیان رێگا لە كاندیدبوونم ناگرێت بۆ ئەو پۆستە.

دوو ڕووداوی كۆمەلایەتی كە كاریگەریان لەسەر ژیانی سیاسی بایدن داناوە:
-ساڵی ١٩٧٣ كاتێك كاندید دەبێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران خێزانەكەی و كچێكی و دوو كوڕەكەی تووشی رووداوی هاتووچۆدەبن، سەرەنجام ژنەكەی و كچەكەی گیان لەدەست دەدەن، ئەو رووداوە وای لێدەكات لە كاندیدی بكشێتەوە بەڵام پارتەكەی لێ قەبوول ناكات.
-سالی ٢٠١٥ (ئۆ بایدن )ی كوڕی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی سەرەتانی مێشك گیان لەدەست دەدات، ئەو كوڕەی كە ئەندامی داواكاری گشتی بووە و كاندید بووە بۆ حاكمی ویلایەتەكەی كە تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت باوكی توانای چارەسەری نابێت، ئەم رووداوە دەبێتە هۆی ئەوەی بایدن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ٢٠١٦ بكشێتەوە. (1)

 

 

ئا: هیوا سەید سەلیم