بۆچی پاپا دێت بۆ عێراق؟

سەردار عەزیز

مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ پاپای ڤاتیکان لە ئەبوزەبی ئیمارات بەڵگەنامەیەکیان لە گەڵ ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزھەردا واژۆکرد دەربارەی برایەتی ئاینەکان و ئاشتی. پاپا دەیەوێت ھەمان دۆکیومێنت لە گەڵ شیعەی موسوڵمانیشدا واژۆ بکات. ھەرچەندە تەمومژێک لە دەوری ئەم پرسە دروستکراوە لە لایەن نەجەفەوە. ھەر ئەمەشە کە پاپا بە پێویستی نابینێت کە نوێنەری سوننەکان ببینێت، ئەوانیش لێی نیگەرانن. وەک ھەموو شتێکی تر لە عێراقدا، سەردانەکە بە چاویلکەی تایفییەت دەخوێنرێتەوە.

سەردانی کوێ و کوێ دەکات؟

لە بەغدا دادەبەزێت، ھەندێ دیداری لە گەڵ حکومەت و دیپلۆماتاندا دەبێت لە گەڵ لایەنە مەسیحییەکان. پاشان دەچێت بۆ نەجەف، ئینجا بۆ ناسرییە، بۆ شاری ئور، پاشان دێتە ھەولێر، لەوێوە سەردانی موسڵ و قەرقوش دەکات، ئینجا لە یاریگاری فرانسۆ، نوێژێکی جەماعەت دەکات و دەگەڕێتەوە.

بۆچی پاپا دەچێتە ئور؟

ئور وەھا دادەنرێت کە شوێنی لە دایکبونی پێغەمبەر ئیبراھیمە. ئیبراھیم باوکی ئاینە ئاسمانییەکانە. بۆ  پرۆژەکەی پاپا بۆ ئاشتی نێوان ئاینەکان، ئیبراھیم فیگەرێکی گرنگە، چونکە ھەموان کۆدەکاتەوە. ئیبراھیم ناوی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوننەکانیشە.

خەڵکی ناسرییە ھیوایان وەھایە کە سەردانەکە ببێتە ھۆکاری ئەوەی کە چاوی دونیا ئازار و مەرگ و برسێتی و خۆپێشاندانەکانی شارەکەیان ببینێت. ھەندێکیش ھیواخوازن کە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی گەشتیاری ئاینی بۆ ناوچەکە. ئیتر، ھەریەکە و بۆ لەیلای خۆی دەگری.

ئایا سەردانەکەی نەجەف چۆن لە عێراقدا دەخوێنرێتەوە؟

بەرەی قوم بە نیگەرانییەوە تەماشای دەکەن. وەھای دەبینن کە حەوزەی نەجەف ھێندەی تری بەھێز دەکات و شەرعیەتی نوێنەرایەتی شیعەی پێدەبەخشێت. بۆیە گوێمان لە ھەندێک گیز و گازە لە لایەن موقتەداوە.

ئایا سەردانەکە چی دەگەیەنێت؟

سەردانی پاپا نیشانەی ئەوەیە کە عێراق لە درێژایی مێژودا جێگای ئاین و کەلتور و خەڵک و گروپی جیاواز جیاوازی زۆر بووە. بەڵام لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقییەوە، ئەم خەسڵەتی فرەییە لە عێراقدا بەرەو نەمان دەچێت. سەردانی پاپا ئاماژەیە بۆ بونی ئەم جیاوازییە، لە ھەمانکاتدا بۆ بونی مەترسی لە سەر ئەم جیاوازییە. چونکە لە ملیۆن و نیوێک مەسیحی کەمتر لە نیو ملیۆن لە عێراقدا ماوون و ئەوانیش بە نیازی ڕۆشتنن.

ئایا سیاسییەکان دەیانەوێت چۆن سودی لێببینن؟

ھەر لایەک دەیەوێت بە سودی خۆی بیشکێنێتەوە. بەغدا دەیەوێت وێنای ئاشتی و سەقامگیری بگەیەنێت لە دۆخێکی ناسەقامگیر و سەختدا. ھەولێر دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە مەسیحی تەنھا لە کوردستان سەلامەتن. سەدر دەیەوێت دژایەتی ڕکابەرەکانی پێبکات.

ئایا سەردانەکە ھیچ دەگۆرێت؟

نەخێر. چەند ڕۆژێک ھەراو ھوریا و وێنەگرتن و قەرەباڵغی دروست دەبێت. پاشان ھەموی وەک خۆی لێدێتەوە.

مەریخ چیمان پێ دەڵێت..؟

لوقمان حەوێز...

دیمەنەکانی هەسارەی مەریخ، ئاماژەن بە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی نوێ لە بیرکردنەوە...

مرۆڤەکان لەوەتەی هەبوون لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی تا سەدەی شازدەهەمی زایینیش بە گشتی وایان زانیوە کە گەردوون پێکهاتووە لە پانتاییەکی تەخت کە ئەوان لەسەری ژیاون و پێیان ووتووە زەوی کە لەلای ئەوان سەنتەری هەموو گەردوون و بوون بووە، بە پێی لێکدانەوەکانیشیان خۆر و مانگ و ئەستێرەکانیش بە دەوری ئەو سەنتەرەدا سوڕاونەتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست بووە...

بەڵام لەسەرەتای سەدەی شازدەهەم و بە وردی لەساڵی 1514 ی زایینی گەردوونناسی بەناوبانگ نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس زۆر بوێرانە ووتی: گۆی زەوی سەنتەری بوون و گەردوون نیە، تەنێکی زۆر تایبەتیش نیە، ئەم لێکدانەوە نوێیەی ئەو بە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس ناودەبرێت، ئەم لێکدانەوە و بۆچوونەی ئەو سەرەتای سەرهەڵدانی ڕابوونێکی زانستی نوێ بوو، ئیلهام بەخشیش بوو بۆ هەموو فیزیاناس و زاناکانی دوای خۆی کە بوێرانە و بێ ترس لێکدانەوە زانستیەکانیان بخەنەڕوو...

بێ گومان دوای ئەو بە نزیکەی 100 ساڵ زانای گەورە گالیلۆ گالیلی ئەوەشی سەلماند کە هەسارەی زەوی جگە لە سوڕانەوەی بە دەوری خۆر بە دەوری خۆشیدا دەخولێتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست دەبێت...

ئێمەش کە لەئێستادا هەین لە سەردەمێکی زۆر سەرنجڕاکێشدا دەژین، زانیاریەکانمان لەهەموو بوارەکان ئەوەندە زۆربوون و زۆر خێرا زۆرتریش دەبن، ڕۆژانە چەندەها شتی نوێ فێردەبین، وێنە و پشکنینەکانی سەر هەسارەی مەریخیش پێمان دەڵێن کە هەسارەکەمان کە تاوەکو ئێستاش تاکە جیهانە بۆ ئێمە پێدەچێت ئەوەندە شوێنێکی تایبەتی نەبێت لە گەردوون، ئەوەتا هەسارەیەکی تر کە بەپێوەرە گەردوونیەکان بێت لەپاڵ ئێمەیە، بەڵام وەکو زەوی چەم و شاخ و گڵ و بەردی لێیە، ئاوی لێبووە و دور نیە پێشتر ژیانیشی لێ بووبێت...

پرسیارە گەورەکانیش ئەمانەن: بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێستامان تەنیا لە گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان پتر لە 40 ملیار هەسارە هەیە کە لە زۆنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دوریەکانیان لە ئەستێرەکانیان ڕێگە دەدات بە سەرهەڵدانی ژیان تیایاندا ئەگەر پێداویستیەکانی تری ژیان بەرجەستەبوون، کەواتە دەبێت دۆخەکانی ئەو دەیەها ملیار هەسارەیە چۆن بێت..؟ ئاخۆ دەبێت لەچەندیان ژیانی سادە یان فرەخانەیی سەری هەڵدابێت..؟ ئەم ژمارەیەش تەنیا ئاماژەیەکە بە هەسارەکانی ڕێی کاکێشان کە تەنیا تاکە گەلەئەستێرەیەکە، ئەی باشە دەبێت چی بگوزەرێت لە گەلەئەستێرەکانی تر کە ژمارەیان تەنیا لە گەردوونی بینراو پترە لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە..؟؟! بۆ زانیاریشتان تێکڕای هەموو گەردوون گەلێک لە گەردوونی بینراو گەورەترە، بەڕاستی هەموو گەردوون و بوون سەرسوڕهێنەرە، ئەقڵ وەستێنیشە بۆیە ئیتر منیش لێرە دەوەستم..!

لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا، تیشکێک لەسەر کوردستان

سه‌ركۆ یونس

ئابوریناس

نەتەوە یەکگرتووەکان، (20)ی شوباتی هەموو ساڵێک، بەڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی داناوە،  لەبڕیارەکەیدا ئاشکرای کردووەو دەڵێت: گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم یادە دەڵێت: دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بنەمایەکی سەرەکیە لە بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەناو نەتەوەکاندا.

یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، لەم کاتەدا کە جیهان سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرئەنجامەکانیەتی، ئاستەنگێکی تری خستوەتە بەردەم جێبەجێکردنی دادی کۆمەڵایەتی، لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا.

لاوازی کەرتە ڕاستەقینەکانی ئابوری و بەرەوپێشچوونی ئابوری ژمارەیی (دیجیتاڵی) لەڕێگای ئینتەرنێتەوە، بەدەستهێنانی داهات و قازانجێکی لەڕادەبەر بۆ کەمینەیەک لەلایەک و بێکاربوونی ملیۆنان دەستی کار و هەژاربوونیان لەلایەکی ترەوە، جێبەجێکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی، کەمتر و سنوردار کردووە.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەڵدەستێت بەدابەشکردنێکی دادوەرانە و پاک و بێ گەرد، لە سامان و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری یاسایی.

هەروەها کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەدەستهێنانی مافەکانی گەلانی خانەخوێ و کۆچکەراندا. لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان کە ڕوبەڕووی گەلان دەبێتەوە، بەهۆی جۆری ڕەگەز یان ڕەنگ یان تەمەن یان ئایین یان کلتور.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دادەنرێت بەسەرچاوەی گەشەپێدان، ئامانج پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.

فەرهەنگی "ئۆکسفۆرد" پێناسەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردوە بە: دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادگەر و هاویەک، پارێزگاری مافەکانی هەموو تاکێک بکات و بڕیارەکان بەشێوەیەکی پاک و ڕاستگۆیانە دەربکرێت.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراتیە.

نادادی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تەنانەت ئاینیش، جیاوازی چینایەتی دروست دەکات، کە کۆمەڵگا تووشی پەرتەوازەیی و ڕق و نائارامی دەکات.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پێش ئەوەی یاسا و سیستەم بێت، هۆشیارییە، کەبەداخەوە لەکۆمەڵگای کوردیدا بوونی هۆشیاری لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، بۆیە دادی کۆمەڵایەتیش بەهەمان ئاستی هۆشیاری مرۆڤەکانی کۆمەڵگای کوردی، دێتە کایەوە.

گومانی تێدا نییە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بابەتێکی ڕێژەییە و دادی کۆمەڵایەتی بەڕەهایی بوونی نییە، بەڵام دەکرێت مەودای جیاوازییەکان کەمتر ببێت.

هەروەها تێڕوانینی دەستەڵاتداران و لایەنە حکومڕانەکان، بۆ دادپەروەری ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت، لەسەر جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری لەکۆمەڵگادا، بەداخەوە لەهەرێمدا ئەم تێڕوانینە نێگەتیڤە بۆ چەمکی دادپەروەری و سەروەری یاسا.

پرسیارەکە ئەوەیە،ئایا لەهەرێمدا تاچەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی پەیرەو دەکرێت، لەسەر بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؟

ئایا کار بەو ئامڕازوپێوەرانە دەکرێت، بۆ بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگادا؟

لێرەدا، بەکورتی پێوەرەکانی دادی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەرێمدا دەخەینە پێشچاو.

* یەکسانی و جیاکاری نەکردن،دەرفەتی وەک یەک:-

ئەم پێوەرە لەهەرێمدا کاری پێ ناکرێت، ئەو دەرفەتی کارانەی کە دەرەخسێنرێن، جیاکاری تێدادەکرێت و بەیەکسانی دابەشناکرێت بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیدا، بەڵکو بەهۆی پشتگیری لایەنەکان و خزم خزمێنەوە، ئەم پێوەرە پشتگوێ خراوە.

دەرئەنجامی گەندەڵی، ڕێژەی بێکاری، ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەئێستادا زیاترە لە (30%) دەستی کارکەران، بێکاری بەردەوامیش دیاردەی هەژاری لێ دەکەوێتەوە، بەمەش کۆمەڵگا دواکەتوو دەکات.

*دابەشکردنی داپەروەرانە بۆ دەرامەت:-

ئەم پێوەرە لە هەرێمی کوردستاندا، نەکاری پێ کراوە نەکاری پێ دەکرێت، ئەوەی هەیە لەدەرامەت و داهاتی نەتەوەیی لەئێستادا بەهۆی گەندەڵی کارگێڕی و سیاسییەوە بەفیرۆ دراوە و دەرامەت و داهاتەکان بەیەکسانی و دادپەروەرانە دابەشناکرێت، چینێکی کەم، خاوەنی هەموو شتێکن، چینە زۆرەکەش خاوەنی هیچ شتێکن، بێ بەشن لەداهات و خێروبێری وڵات بە تایبەتی چینی گەنجانی خاوەن بڕوانامە، چینێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داهات و سامانەکانیان، لەسەر حسابی زۆرینەی کۆمەڵگا زیاد دەکات و زۆرینەی کۆمەڵگاش داهات و بژێویان، بەرەوخوارتر دەڕوات.

* بیمەی کۆمەڵایەتی:-

لەهەرێمی کوردستاندا، بیمەکردن لەسنورێکی بەرتەسکدایە، ڕێژەیەکی کەمی هاونیشتیمانیان بیمەیان بۆ کراوە، ئەویش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە.

بیمەی کۆمەڵایەتی، بوارەکانی پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی و تۆڕەکانی پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. تائێستا حکومەتی هەرێم، نەیتوانیوە بیمە بۆ هاونیشتیمانیان دابین بکات، هیچ دامودەزگایەکی فەرمی کار لەم بوارەدا ناکەن.

* دابین کردنی کاڵا گشتییەکان:-

ئەم پێوەرە، لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، جیاوازی هەیە، لەهەندێ شاروشارۆچکە تاڕادەیەکی باش زۆربەی کاڵا گشتیەکان دابین کراوە، لەهەندێ شوێنی نیشتەجێبوونیش کە خاوەندارێتیان بۆ کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە، دابینکردنی کاڵا گشتیەکان، کەوتووەتەسەر کەرتی تایبەت، لەبەرامبەردا هاونیشتیمانیان بڕێک پارە دەدەن.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن، کەموکوڕی زۆر هەیە لەدابینکردنی کاڵا گشتیەکاندا، بەگشتی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و پڕۆژەگشتیەکانی وەک پارک و باخچە.

لێرەو لەوێ ڕۆژانە گوێبیستی داواکاری و گلەیی هاوڵاتیان دەبین لەم بوارانەی سەرەوە.

* دادپەروەری لەنێوان نەوەکاندا:-

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە، پشکی شێر بۆ نەوەی پێشووە و نەوەی ئێستا و داهاتوو، بێ بەش ماونەتەوە بەدیار داهاتوویەکی نادیارەوە، چونکە بەپێی داتاکان و بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێم بێت، هەرێم نزیکەی (27) ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە، ئەمە سەرەرای کێشە و قەیرانەکانی تر.

نە بۆ ئێستا نە بۆ داهاتوو دادپەروەری بەدی ناکرێت، کاتێک کە یاسا سەروەر نەبێت و کار بەدەقی یاسایی نەکرێت، هیچ جۆرە دادپەروەرییەک بەدی نایەت، لەنێوان تاکەکان و دەسەڵاتداراندا. یاسا لەهەرێمدا بۆ بێ دەستەڵاتەکان و ژێردەستەکان جێبەجێ دەکرێت و بەڵام خاوەن پایەی کۆمەڵایەتی و حزبی و گەندەڵکارە گەورەکان لەسەرووی یاساوەن.

هیوادارین، لەساڵانی داهاتوودا، تێڕوانینی حکومڕانانی هەرێم، لەمەڕ دادپەروەری کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەردابێت، هەرێمیش وەک وڵاتانی تر، بتوانێت پێوەرەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ هاونیشتیمانیان جێ بەجێ بکات.

شەڕی گەورەكان

هەندرێن شێخ راغب

لەم جوگرافیایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەم دابەشكاریەی دروست بوو، دوو خاسیەتی داوەتە كێشەی كورد، خاسیەتی نوقڵ و خاسیەتی كارت.. كاتێك ئەمریكاو روسیا گەمەیەكی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن ئەوا كێشەی نەتەوەی وەك ئێمە دەبێتە نوقڵی شیرینی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیەكانیان، پێچەوانەی ئەوە ئەگەر لەگەڵ یەكتر ناكۆك و دژ بوەستنەوە هەوڵیانداوە كێشەی كورد بكەنە كارت و لەدژی پێگەی یەكتر بەكاریبهێنن..بۆ ئەوەی وێنەكە روونتر بكەمەوە بابەتێك دەخەمەروو: لەم رۆژانەی رابردوو توركیا رایگەیاند ئامادەن دەستبەرداری ئێس 400ی روسی ببن و بیدەنەوە روسیا، بە مەرجێك ئەمریكا واز لە هاوكاری و پشتیوانی كورد بێنێت لە سوریا. واتە كورد بكە نوقڵی شیرینی رێككەوتنمان، منیش دەبمەوە دۆستت..

سیاسەتی نێودەوڵەتان و گەمەی ئیقلیمی وەك توركیاو ئێران، هەمیشە زەبری توندی لە كێشەی كورد داوە، بۆیە ئەگەر كورد بتوانێت خۆی لەوە دوور بگرێت ببێتە نوقڵ یان ببێتە كارت، زۆر باش بەرپێی خۆی دەبینێت، دەتوانێت رێگایەك بۆ خۆی بدۆزێتەوەو بەم رێگایەدا بڕوات، بەڵام ئەمە سەختە، چونكە دابەشكاری كوردو نەبونی قەوارەی سەربەخۆی كورد و نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەكە نایەڵێت كورد لە دورەوە بوەستێ. هەندێ جاریش خودی بەرژەوەندی كوردو كێشەكەی ئەوە دەخوازێت لەناو گەمەكە بێت، بۆ نمونە ئێستا ناكرێت كورد لە سوریا واز لە ئەمریكا بهێنێت، یان بەتەنیاو بێ هیچ گرەنتی و چارەسەریەكی سەرەكی بچێتەوە دیمەشق و كۆتایی بە دۆستایەتی ئێستای خۆی بهێنێت لەگەڵ ئەمریكا، ئەوكات نەك نوقڵ بەڵكو دەبێتە ئاردی ناو دڕكان..

لەعێراقیش دۆخەكە سەختە، چونكە شەری ئێران و ئەمریكاو گەمەی نێوانیان گۆڕەپانەكەی عێراقە، هەولێر پایتەختی قەوارەی كورد دەدرێتە بەر موشەك ؟ لێرەدا خۆت بتەوێت یان نا، لایەنێكی ناو ململانێەكەی، هەرچەندە كورد تا دەتوانێت و بۆی دەچێتە سەر گرنگە هیچ جۆرە بەشداریەكی لە ململانێی ئێران و ئەمریكا نەبێت، هاوسەنگی خۆی رابگرێت. بەڵام فشارەكە توندە، بەغداد سیاسەتی سەربەخۆی نیشتمانی و دەستوری نیە، كە بەغداش كێشەی هەبوو، هەولێریش پریشكی سەرەكی بەردەكەوێت.

كورد لەبەردەم گۆرانكاری تازەوچاوەڕوان كراودایە، پەیوەندی ئێران وئەمریكا هەتا سەر بەمجۆرە بەردەوام نابێت، یان جەنگ و گۆڕانكاری، یان رێككەوتنی نوێ دێتە ئاراوە، بۆ هەردوو ئەگەر لەئێستاوە كورد دەبێت خۆی ئامادە كردبێت، چونكە هەر گۆڕانكاریەك لە ئێران، گۆرانكاری گەورەیە، شەڕی گەورەكانە، كورد دەكەوێتە ناو ململانێكان، دەبێت وریاو خاوەن وەرەقەی ئامادەكراوی خۆی بێت.

لەعێراقیش شەڕی گەورەكان هەیە، كورد بەم پەرتەوازەییە ناتوانێت هەرێمێكی بەهێز لەناو عێراق دروست بكات. دۆخی كورد لەعێراق لەناوخۆیدا ناجیگیرو نا تەندروستە..پەیوەندی ناو ماڵی كورد تەواو شپرزەیە، بۆیە یان تێكچون، یان رێكخستنەوە، یان بەجێمان و بوونە نوقڵ چاوەڕێی كێشەی كورد دەكات لە عێراق.

هەرێمی كوردستان بەمجۆرە عەقڵیەتە ئیدارە نادرێت، دەبێت كورد دوورگەی دیموكراسی و ئازادی و جیاوازیەكان دروست بكات، بۆ ئەوەی پارێزراو رێز لیگیراو بێت. بۆ ئەوەی رێز لیگیراو بین، تەنها قوربانی دان و خوێنی شەهیدەكانمان بەس نیە، بەڵكو دیموكراسی و ئازادی و كرانەوە مەرجی سەرەكین.

شەڕی گەورەكان لێرەیە، گەورە بە، تاوەكو پارێزراو بیت. بچوك بیربكەیتەوە، محەلی دەبیت و دەبیتەوە شیمالی حەبیب.

چۆن پرسی ژن و كۆمەڵگە لە نێوان (بەكاڵاكردن یان بە حیجابكردن ) تێبپەڕێنین؟

هیوا عومەر

ئەوەی دەگوزەرێت لە كوردستان گۆڕین و بچوككردنەوەی دۆزی ژنە لە دۆزێكی ئینسانی و چینایەتی و كۆمەڵایەتی و رەگەزییەوە بۆ (بەكاڵاكردن یان بە حیجابكردن )، كە هەردووكی دوو دیوی یەك دراون و بەشێكە لە لێكەوتەكانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، بەو تایپەی لە كوردستان فەرزكراوە.

لە ئاستی یەكەم

بچوككردنەوەی ژن دەبینین بۆ جەستەیەك یا بوكەڵەیەكی دروستكراوو كردنی بە بڕاندێكی دونیای بزنس، وەك كاڵایەكی بازرگانی لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكان و هەندی كەناڵی ڕاگەیاندن و بەگشتیش لە بازاری سەرمایەداری نمایش دەكرێت، كە درێژكراوەی تیۆری كارە وەك كاڵا،كە لەوێدا كۆیلایەتییەكی شاراوە یا داپۆشراو دەبینین .

لە ئاستی دووەم

نمایشكردنی بەكۆمەڵی جۆرێكی تایبەت لە باڵاپۆشی و لەچك بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو چوارچێوەی ئازادی تاكەكەسی و بژاردە و كردەی مرۆڤێكی خودان ئیرادەی سەربەست، بەڵكو دەبێت وەك خۆی بیبینین، كە بەشێكە لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوەی تەماعی بنیاتنانی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی، ئەو پرۆژەیەی ئاینی لە ئایدیایەكی تاكە كەسی و ویژانیەوە قۆرغكردووە بۆ شەرعیەت پێدان بە پرۆژەیەكی سیاسی لە واقعێكی دیاریكراودا.

لە جیهانی ئیسلامی بەهۆی تایبەتمەندی لە بەرهەمهێنان و واقعی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و مانەوەی سیماكانی پێش مۆدێرنیتە و ناكاملی دەوڵەت، پێگەی ئاین و ڕۆڵی لە ژیانی كۆمەڵایەتی، ویژدانی، كەلتووری، سیاسی زۆر جیاوازە وەك لە خۆرئاوادا، هەربۆیە لەگەڵ پاشەكشەی زیاتری رۆڵ و بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی دەوڵەت، جێگایەكی باشتر بۆ ئەو رۆڵگیرانەی ئاین چۆڵ و هۆڵ دەبێت، چەندان فێستیڤاڵی هاوشێوەی "حەوتەمین فێستیڤاڵی تاجی زێڕین" دەبینین كە لەوێدا، ئەوان وەك كردەیەكی رزگاری و گەیشتن بە بەختەوەری و ئارامی دەیبینن و پێیان دەفرۆشڕێت .

هەڵكشان و بەكۆمەڵایەتیبوونی هەردوو ئاستەكەو دیاردەی نیهیلیزم، پوچگەرایی و خۆشبونی بازاری كردەی نمایشی (استعراچ) دەتوانین وەك ئەنجامێكی سیستەم لێی بنواڕین و ئاستی یەكەم و دووەمی پێ‌ گرێبدەینەوە .

فەرزكردنی سیستەمی ئابوری بازار لە وێنەی نیولیرالیزم كە رۆژانە ماف و ئازادییەكان زیاتر دەقڵیشێنێتەوەوە و هیچ سێبەر و بەهایەكی مرۆیی نەماوەتەوە لەبەردەم هێرشی كۆمپانیا وسەرمایەدارەكاندا هاوكات لەگەڵ پاشەكشەی رۆڵی دەوڵەت لە بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی و زاڵبونی حوكمی جەبەڕوتی سەرمایەداریدا، پرسێكی هاوپەیوەندیدارن، بەیەكەوە لێكەوتەی لەسەر لاینەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و كلتورییەوە جێهێشتووە .

لە لاكەی تر دەتوانین وەك غیابی رۆڵی هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكان و ئازادیخوازەكان بیبینین كە لەم سەردەمەدا بە جیاواز لە سەردەمانی تر سەڕەڕای هەڵكشانی زیاتری جیاوازی چینایەتی و بێكاری و هەژاری و پرسە كۆمەڵایەتییەكان هتد ... ئایدیای چەپ و كۆمۆنیستەكان لە دۆخی نوخبەویی و دوورە كۆمەڵایەتی بڕاندراوەتەوە. ئەگەر ئەمرۆ ئیسلامییەكان لە رێگای ئاین، پارتی و یەكێتیش لە رێگای بەخشینەوەی پلەو پۆست و دارایی گشتی وەك غەنیمەتی شەر، هەزاران كچ و كۆری گەنجیان لەخۆیان كۆكردبێتەوە، ئەی ئێمە چیمان لە هەگبەدایە و چیمان كۆكردۆتەوە؟.

چۆن دەتوانین، تیور گرێبدەینەوە بەواقیع و هیوایەكی راستەقینە دروست بكەین، هیوایەك كە بتوانێت پەراوێزخراوەكانی دوونیای سەرمایەداری رێكبخات و ئاراستەیان بكات بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی تر، كەتیایدا لایەنی كەمی دادپەروەری و یەكسانی و شكۆی ئینسانی تیادا پاررێزراوبێت. هیوایەك بۆ ئەوانەی ئەمرۆ بە ناچاری و لە ئەنجامی نائومێدیان لەدۆخی بژاردەی (بەكاڵاكردن یان حیجابكردندان ) دەربازیان بكات و هیچ نەبێت توانای پیشاندانی ئاسۆیەكی تر و بژاردەیەكی تر بخاتەروو .