بۆ زارای محەمەدی: سوپاس بۆ ژنێک کە بە مەرجەوە دەژیی

مه‌ریوان وریا قانع

بڕیاری زیندانیکردنی زارا محەمەدی بۆ ماوەی دە ساڵ لەبەرئەوەی وانەی زمانی بە کۆمەڵێک خوێندکار گوتوەتەوە، تاوانێکە مەگەر تەنھا لەناو سیستمێکی سیاسیی و یاسایی ھاوشێوەی ئەوەی ئایەتوڵاکانی ئێراندا دەربچێت. وێناکردنی زمان وەک ھەڕەشە، وەک مەسەلەی ئاسایش، تەعبیرە لە فۆبیایەکی سیاسیی و ئەمنیی، لە عەقڵیەتێکی سیاسیی ترسناک، کە ئاکاری سەرەکیی ئەو ڕژێمەیە لە ئێراندا حوکمڕانیی دەکات. لە سەدەی بیستەمدا و لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا کە دروستدەکرێن. کورد دووچاری دوو کێشەی سەرەکیی دەبێت. یەکەمیان کێشەی بە ”کەمینەبوون“ە لە چوارچێوەی چەند دەوڵەتێکی نادیموکراس و ستەمگەردا کە سنورەکانی ئەو دەوڵەتانە وەک پێدراوێکی موقەدەس وێنادەکەن. دووھەمیان بە ”ئەمنیکردنی“ سەرجەمی خواست و داخوازییە سادە و دەستەجەمعیەکانی ئەم بە کەمینەکراوەیە و سەریکردنیەتی وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی. ئەوەی لە دۆخی ئەم خانمەدا دەیبینین کۆبوونەوە و بەرجەستەبوونێکی ئاشکرای ھەردوو کێشەکەیە. یەکەمیان کورتکردنەوەی کوردە لە ناو سیستمی حوکمڕانی ئەمڕۆکەی ئایەتوڵاکانی ئێراندا بۆ کەمینەیەکی بێماف. دووھەمیان سەیرکردنی ھەر مافێک لە مافەکانیەتی، بە مافی فێربوون و خوێندنی زمانەکەیەوە، وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی.

زمان موڵکی ئەوانەیە کە قسەی پێدەکەن، بەشێکە لە شوناس و ئاکاریان، ئامرازیی پەیوەندییکردنی ئەوانە بە جیھان و بە یەکتریی و بە خۆشیانەوە. ھەر مامەڵەکردنێکی زمان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنی، تەعەداکردنێکی ڕاستەوخۆیە لە سەرەتاییترین مافی ھەڵگرانی ئەو زمانە و لە مرڤبوونی ئەوان. پاراستنی زمان بەشێکە لە پاراستنی پلورالبوونی جیھان و پلورالبوونی مرۆڤەکان. ئەوەی بەرامبەر بەم خانمە ئەنجامدراوە تەنھا تەعداکردنە سەر مافی ئەو نییە وەک مرۆڤێک و سەر زمانەکەی وەک زمانی میلەتێک، بەڵکو تەعداکردنیشە لە پلورالبوونی جیھان و لە فرەیی مرۆڤەکان.ڕژێمی ئایەتوڵاکان ڕژێمێکە لە دەرەوەی مێژوودا و لە دەرەوەی مافە ھەرە سادەکانی مرۆڤدا. ڕژێمێکە بە سەدان شێوە تاوانبار و بە سەدان شێوە ترسناک. ڕژێمێک دژ بە مرۆڤ لە مانا ھەرە سادەکانی مرۆڤبووندا، دژ بە مرۆڤ وەک خاوەنی زمانێک لە زمانە زۆرەکانی جیھان.

ئەوەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا حوکمڕانییەک لە ئارادابێت لە بوونی زمانێک بترسێت، پێشئەوەی شتێک لەسەر زمانەکە و ھەڵگرەکانی بڵێت، شتێک لەسەر ئەو حوکمڕانییە دەڵێت: حوکمڕانییەک دژ بە ئینسان، چنراو بە تاوان و بە سوکایەتیکردن بە سادەترین مافەکان.

سڵاو لەم خانمە ئازا و خاوەن ئیرادەیە، لە مرۆڤێک لە سەختترین ساتیشدا ڕازینییە بەبێ مەرج و بەبێ ڕێزگرتنی خۆی و ڕێزگرتنی زمانەکەی وەک بەشێک لە خۆی، بژیی.

کۆرۆنا یەکسانخوازە ....

هه‌ڤاڵ عه‌بدولڵا ابراهیم

 لەم ڕۆژانە لەیەکێک لەتیڤیەکان سەیری هەواڵەکانم دەکرد باسی رێنمایه‌كانی ده‌كرد‌و گه‌رم بوو له‌سه‌ر بایه‌تی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئه‌م تیڤیه‌ سه‌ر به‌ ماڵباتی  ئەوکۆمەڵە تیڤیەییه‌ ، تەنانەت قەیرانی دارایی لە شەڕی بەغداو داعش و کۆرۆناش ، نەیتوانی سەرجەم تیڤیەکانی هەردوو زۆنی دەسەڵات داخەن .

لەکاتێکدا تیڤیەکانی زۆربەی لایەنەکانی تر بەهۆی قەیرانی دارایی داخران ، بێ جگە لەهەندێ تیڤی لایەنی تر نەبێ کەلەکەناڵی تر هاوکاری دەکرێن .

بابێمەوە سەر هەواڵەکە بێژەرەکە لێدوانی چەند بەرپرسێکی هەردوولایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی ڕادەگەیاند ،لەوانە لەبەرسەلامەتی هاوڵاتیانی خۆشەویستمان داوادەکەین ، پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن لەپەتای کۆرۆنا ، منیش دەڵێم و پێم باشە خەڵک پابەندبێت بەخۆپارێزی ، بەڵام گوتم بیست و نۆساڵە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی هەردوولایەنی دەسەڵاتدارو شەریک ، هەرچی خۆراکی بێ کوالێتە دەرخواردی ئەم خەڵکە داماوەکراوە ، کەچی ڕۆژێک نەمان بیست هیچ بەرپرسێک بێتەگۆ بڵێ ، ئەمەکارێکی خراپ و نەشیاوە میللەت ژەهر خوارد دەکرێت ، بەڵکو لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەردەوام ڕیکلامیان بۆ جۆری خواردنەکان دەکرد . له‌كاتێكدا له‌چه‌ندین به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆو نوسین‌و رونكردنه‌وه‌ به‌به‌ڵگه‌وه‌ خراپی و ژه‌هراوی بوونی ئه‌م كاڵایانه‌ خراوه‌ته‌روو، كه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكدا بوایه‌ داواكاری گشتی كابینه‌ی حكومه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه‌.

بۆیه‌ یەکسەر وتەی ئەو برادەرەم هاتەوە یاد ، لەسەرو بەندی پەیدابوونی کۆرۆنا برادەرێکم گوتی ئەم پەتایە ، یەکسانخوازە هەژارو دەوڵەمەند ناناسێت بەیەک چاو سەیری هەموویان دەکات ، گوتی ئەگەر ئاوا نەبایە ئێستا زۆرێک لەبەرپرسان لەدەرەوەی کوردستان دەبوون .یان هه‌ر باسیان نه‌ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌ك ئه‌وان نه‌گرێته‌وه‌، هه‌رگیز به‌م شێوه‌ جددیه‌ باسی ناكه‌ن.

ئەقڵی تەسك بەئاگات ناهێنێتەوە!

رێبوار فەتاح

"تایبەتە بۆ ئەو دۆستانەی، کە هەر شتێك یان کەسێك دەخرێتە بەرپرسیار، یەکەوڕاست هەڵدەچن و دەست دەکەن بە ناشرین بێژی. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دیواری هەندیك کەسم، وەك زبڵدان دیووە. ناشیرین بێژی وەڵامی هیچ نیە؛ دیبەیت و تێگەیشتن وەڵامە، هەروەك لاوازی گوزارشکردن دەردەخات."

پێش ڕژێمی بەعس ئەو مامۆستا عەرەب زمانانەی دەنێران بۆ کوردستان، زۆرتر نەیارانی ڕژێم بوون، وەك شیوعیەکان. ئەم مامۆستا شیوعیانە، بۆ ئێمەی قوتابی لاوی کەمزان، چرا بوون. زۆرجار لە ئەرکی خۆیان، وانەبێژی، زیاتریان دەکرد. هەندێكیان هێندە ساکار و مرۆڤ بوون، دوای قوتابخانە لە چایخانەکان لەگەڵمان کۆدەبوونەوە و بە ئەزمون و ئەقڵی گەورەیان ڕۆشنیان دەکردینەوە. لە دەمێکدا کە سەرچاوەی بە کەڵك زۆر کەم بوو، ئەم مامۆستایانە، کتێبیان بۆ دەهێناین بیخوێنیتەوە و فێری ژیانیان دەکردین.

دوای سەرکەوتنی بەعس بەسەر حزبی شیوعی بێ پڕۆگرامدا -- کە تەنیا نەهامەتی بۆ عێراق نەهێنا، بەڵکو بۆ خۆشی و بۆ باوەڕی نوێخوازیش هێنا، ئیدی شیوعی نەما و ڕژێمی بەعسیش کوردستانی بە دەستگای سیخوڕی و داپڵۆسین تەنی. ئەو مامۆستایانەی کە دەنێران بۆ کوردستان، بەشێك بوون لە پڕۆگرامی بە بەعسی کردن و بە عەرەب کردن. هەندێك لەم مامۆستایانە، تەنیا بە واژۆی حزبی بووبوون بە مامۆستا. کتومت بە پێچەوانەی شیوعیەکانەوە، کەسانێکی بێمۆڕاڵی بودڵە بوون، کە نە لە پڕۆگرامی قوتابخانە تێ دەگەیشتن، نە دەسەکانی ژیان. کادێری بەعس بوون.

لە پۆلی چواری گشتی بووین، یەکێك لەم بەڵا بەعسیانەمان بۆ هاتبوو؛ زمانی عەرەبی پێ دەگوتین. نەك تەنیا نەیدەزانی دەرس بڵێتەوە، بەڵکو ئەقڵی هێندە تەسك بوو، کورد و کوردبوونی لا سووك بوو. هەمیشە جەختی ئەوە بوو کە کورد و زمانی کوردی نین.

بە ڕاستی بێزاری کردبووین. هەر ئەمی عەرەب نەبوو. لەم قوتابخانەیەدا، بەڕێوەبەر و جێگرەکەی، دوو کورد بوون، لەم عەرەبە بێمۆڕاڵ تر بوون. قوتابخانەیان لە قوتابیان کردبوو بە دۆزەخ. فەلسەفەی ژیانیان، وەك ئەوی بەعس، تەنیا شکاندنی قوتابیان و سووك کردنیان بوو. لە جێیەکی دیکەدا لە عودەی ئەمانیش دێم. با بۆم بوەستن.

لەو دەمەدا ئێمەی قوتابی لاو، عەرەبیمان زۆر نەدەزانی. هەرچ وشەیەکی کوردیمان بەکاردەهێنا، مامۆستای عەرەب دەیگەڕانەوە بۆ ڕەگێکی عەرەبی، کە ئەسڵوفەسڵی نەبوو. بەردەوام زمان و کولتووری کوردی دەخستە ژێرپرسیار و ژێرپێوە، کە بۆ ئێمەی لاوی کورد تێکشکان بوو.

ڕۆژێك مامۆستا پەڕەیەکی سپی پێ بوو. ئەم پەڕانە، ئێستا کەمن، لە قەوارەی ئەی چوار گەورەتر بوون و ئەی سێش نەبوون. لێی پرسین، بە کوردی بەمە دەڵێن چی. هیچ ئامانجێکی نەبوو، تەنیا بە ئەقڵتەسکی خۆی دەیویست گاڵتە بە کورد و کوردی بکات. هاوپۆلێکی چوختیمان هەبوو لە پێشەوە دادەنیشت، عەرەبیشی دەزانی. وتی مامۆستا، ئێمە بە کوردی پێی دەڵێین 'خورشیدیی'؛ پێی ڕادەبوارد. خورشیدی لەوەوە هاتووە، کە هێندە گەورەیە، دەکرێ چیرۆکی دڵداری خورشید و خاوەری لەسەر بنوسرێ. مامۆستای ئەقڵ تەسك، وتی، تەواوە! ئەوەش عەرەبیە. لە 'خوش أیدی'یەوە هاتووە. ئێمەش دامانە قاقای پێکەنین. لەو رۆژەوە بە مامۆستای ئەقڵتەسك خڕ بووین؛ پێمان ڕادەبوارد.

پەندی چیرۆك: هەمیشە باشترە، ئەقڵت فراوان بێ و گەر نازانیت بپرسە، بخوێنەرەوە، بگەڕێ و گوێ لە خەڵك بگرە با منداڵیش بن.

گه‌ڕانه‌وه‌ی لێڤایه‌سانی روسی

سه‌ردار عه‌زیز

لێڤایەسان ئەفسانەیەکی ئاینی جولەکەیە. بەڵام ئەوەی زیاتر لەدونیای ئێمەدا ناسراوە، ناونیشانی کتێبە هەرە بەناوبانگەکەی تۆماس هۆبزە. بەکورتییەکەی یانی دەوڵەتێکی گەورەو بەهێز کەهەمووان لێی بترسن. لای هۆبز مرۆڤ بونەوەرێکی خراپەکارە، دەبێت سەرکردیەک یان حکومەتێکی وەهای هەبێت کە لەکۆکراوەی هەموو خراپەکارییەکان خراپتربێت، هەتا مرۆڤەکان وەها لێبکات لەخراپەکانیان خۆیان بەدوور بگرن. ئەمە یەکێکە لەتێزە سەرەتاکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی. دیارە مەبەستی سێرگێ میدڤیدیڤ لەکتێبەکەیدا ئەوەیە کەدەوڵەتی ترسناکی روسی گەڕاوەتەوە. سێرگێ میدڤیدیڤ مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لەقوتابخانە باڵای ئابوری لەمۆسکۆ. ئەوەی وەها لەم کتێبە دەکات کەدەگمەن بێت، بەبەراورد بەئەو هەموو کتێبانەی تر کەبەردەوام لەسەر روسیا دەنووسرێت، ئەوەیە کە نووسەرەکەی هێشتا لەناو روسیادا دەژی. لەڕۆژئاواو دونیادا خولیایەکی گەورە هەیە بۆ تێگەیشتن لەڕوسیاو بەتایبەتی لەکەسایەتی ڤلادیمێر پوتین. ئەم کتێبە وەک کتێبەکانی تر نیە کە لەسەر روسیا نووسرابێت، بەڵکو لەزۆر رووەوە تایبەتە.

بۆ من لەمێردمنداڵیەوە روسیا بەشێک بوو لەخەیاڵم. کاتێک لەتەمەنی پانزەو شانزە ساڵیدا دەستم بەخوێندوە کرد، ئەوەی بەردەست بوو، لەهەموو بوارێکی تر زیاتر، ئەدەبیاتی روسی بوو. بەهۆکاری ئەوەی کەزۆرێک لەکورد، بەهۆی پەیوەندی باشی عێراق و روسیا، چوبوونە روسیاو زمانی روسی فێربووبوون. جەلال تەقی یەکێک بوو لەوەرگێڕە باشەکان. بەڵام کتێبەکانی سەردەمی مێردمنداڵی بەگشتی ئەدەبی بوون. سێرگێ زۆر سوود لەئەدەب دەبینێت بۆ راڤەکاریەکانی و ئەدەب رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەداڕشتنی خەیاڵی روسیدا. لەسەردەمی کارکردن لەسەر تێزی دکتۆراکەم، کەتەرخانکراوە بۆ مۆدێرنە لەپەراوێزی ئەوروپادا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەیس، روسیاش زۆر هاوشێوە دەهاتە بەرچاوم. روسیا وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپەراوێزی ئەوروپادایەو پەیوەندییەکی زێدە ئاڵۆزی لەگەڵ ئەوروپادا هەیە. کتێبەکەی سێرگێ بەوتاری کورت کورت ناوەوەی روسیامان پێدەناسێنێت، کەچەندێک پڕ لەئاڵۆزی و دابڕاوە لەدونیای ئاگایی ئێمە. سەرەتا حەزدەکەم هەندێک لەسەر ستایڵ قسە بکەم. سێرگێ ئەکادیمییەکی روسی دەرەکیە. بەو مانایە میتۆدی بیرکردنەوەی سیاسی وەک شارەزایانی تری سیاسی نیە لەناو روسیادا. سێرگێ خۆی رەخنەی ئەمە دەکات. بەدیدی ئەوە لەناو روسیادا شتێک نیە ناوی زانستی سیاسەت بێت. ئەوەی لەوێ زاڵە جیوپۆلەتیکە. ئەو ئەم زاڵکردنەی جیوپۆلەتیک بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ناخوازرێت رۆڵی تاک و گروپ و کێشەکانی کۆمەڵگا زەق بێتەوە. جیوپۆلەتیک، ئەمڕۆ لەڕوسیا بەتەوژمێکی تایبەتەوە سەریهەڵداوە وەک لەتێزەکانی ئەلکسەندەر دوگیند دەیبینین، ئامانجی ئەوەیە کەڕوسیا وەها وێنا بکات کە لەبەردەم هێرشی رۆژئاوادایە. بۆیە روسیا دەبێت خۆی لەڕۆژئاوا بپارێزێت، نەک تەنها لەڕووی سەربازیی و ئاسایشەوە، بەڵکو لەئاستی کەلتوری و جیوپۆلەتیکەوە. تێزی روسیا دەخوازرێت ئابڵۆقە بدرێت و روسیا لەبەردەم مەترسیدایە و روسیا دەبێت، رێگەنەدات ناتۆ لەسنورەکانی نزیکبێتەوە هەموو بۆ ئەوەیە کە لەناوەوە خەڵکی روسیا دەستەمۆ بکەن. سێرگی بڕوای وەهایە کەڕۆژئاوا لەڕوسیا ناترسێت و دەزانێت لە ناوەوە چەند قلۆرە، لەم رووەوە زۆر ناوو ناتۆرە هەیە بۆ روسیا، لەنێویاندا سەربازگەیەکە لەدەوری چەند کێڵگە نەوتێک. روسیا کە لەڕێگای میدیاو سەربازو سایبەرەوە هەوڵدەدات وێنایەکی وەها بۆ خۆی دروستبکات کەهێزێکی جیهانییە، لەناوەوە ناتوانێت رێگاوبانەکانی خۆی قیرتاوبکات. بەجۆرێک بەدیدی سێرگێ روسیا بەئاراستەیەک دەڕوات کە بریتی بێت لەکۆمەڵێک شاری لەیەکتر دابڕاو. ئەو بەبەتانییەک وێنای دەکات کە لەلایەن پەروانەوەی خورابێت. لەئاستی ستایڵدا سێرگێ دژ بەم تێزی جیوپۆلەتیکەیەو دیدێکی رەخنەییانەی هەیە بۆ دەسەڵات. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج بوو بۆ من، هاوشێوەی کاربوو. ئەم کتێبەی سێرگێ کۆمەڵێک نووسراوە کەوەک ستون لەڕۆژنامە لیبرالەکانی روسیادا بڵاوبووەتەوە، لەتوێی ئەم کتێبەدا سێرگێ کۆیکردوونەتەوەو جارێکی تر پیاداچوونەوەی بۆ کردوون. ئەم کورتە سەرنجانە لەڕووداو و دیاردەو بۆنەی جیاواز هەریەکەیان لەڕوانگەیەکی نوێوە روسیامان بۆ راڤە دەکەن، کە بۆ چاودێری دەرەکی لەزاڵبونی دوو قوتابخانەی جیوپۆلەتیک و ئەدەبیاتی کەسایەتی پوتین ناتوانین بیانبینین. کەسایەتی پۆتین مایەی سەرنجێکی زۆرە لەڕۆژئاوا، چونکە کۆمەڵێک خەسڵەت لەخۆی دەگرێت کە لەچیرۆکە سیخوڕییە ئەفسانەییەکان دەچێت. کورتە نووسینەکانی سێرگێ کراوە بەچوار بەشی سەرەکییەوە: بەشی یەکەم لەژێر ناوی شەڕ بۆ پانتایی. بەشی دووەم، شەڕ بۆ سیمبول. بەشی سێیەم، شەڕ بۆ جەستەو بەشی چوارهەم، شەڕ بۆ یادەوەری. ئەم شەڕانە کەڕوسیا لەناوەوە دەیکات، کارێکی رۆژانەیە لەپێناو مانەوەو تۆکمەکردنی ئەو رژێمەیە کەئێستا لەدەسەڵاتدایە. بەگشتی سێرگێ هێڵێکی مێژویی دەبینێت کە لەسەدەی شانزەوە هەتا ئەمڕۆ درێژدەبێتە. لەسەردەمی ئیڤانی تۆقێنەرەوە هەتا ئەمڕۆ. روسیا ناوێرێت لەخۆی بنواڕێت و بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە کەڕابردووەکەی بەرهەمبهێنێتەوە بۆ ئەوەی لەئێستاو داهاتووی خۆی بپارێزێت. بەزمانێکی تر روسیا ناتوانێت واقیعی خۆی ببینێت و رێگە نادات کەزانست و ژانرەو کەسایەتی دروستبێت کە هەوڵی ئەمە بدات. سێرگێ بەئازارەوە باسی ئەوە دەکات کەمانای چیە لەڕوسیای ئەمڕۆدا رۆشنبیر بیت. بەدیدی ئەو دەبێت هەمیشە بەوپەڕی ئاگاییەوە وشەکانت هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی خۆت لەسزاو بەندیخانەو هەڕەشە بپارێزێت. بەڵام ئەو ئەمە بەنەرێتێکی کۆنی روسی دەزانێت. کتێبەکەی سێرگێ دەربارەی بابەتی ئاڵۆزو گرنگن بەڵام بەزمانێکی دەوڵەمەند. سیڕگێ فرە ژانرەیە، لەئەدەبەوە دەگوێزێتەوە بۆ مێژوو، لەوێوە بۆ زانستی سیاسەت و ئابوری. ئەم فرە دیسیپلین و فرە ژانرەییە بۆ من مایەی چێژێکی زۆربوو. شێوازێکە کەخۆم زۆر هەوڵئەدەم کاری پێبکەم. تێگەیشتن لەڕوسیا بۆ کورد هەمیشە گرنگ بووە. لەئێستاو داهاتوودا گرنگی زیاتر دەبێت. روسیا دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت وەک هێزێک و ئەکتەرێک. لەکوردستانی رۆژئاڤا هێزێکی بڕیاردەرە. لەباشور ئەکتەرێکی سەرەکی بواری نەوت و غازی هەرێمە. لەمیانەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کوردستانی باکورو هەروەها لەپەیوەندی لەگەڵ ئێراندا کاریگەری هەیە لەسەر پرسی کورد لەو وڵاتەدا.

بەڕێز: سەركونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی كوردستان

نامەیەكی كراوە

رۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1991، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی دەركرد، دواتریش هێڵی 366 و ناوچەی دژە فڕینی لێكەوتەوە و ناوچەیەكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرا لە عێراقدا. ئەم بڕیارە دوای كۆڕەوە ملیۆنیەكەی خەڵكی كوردستان هات، دەوڵەتی فەرەنسا مامانی سەرەكی لەدایك بوونی ئەم بڕیارە بوو. رۆڵی گەورەتان بینی لە دروستكردنی ئەم ناوچەیەی ناوی هەرێمی كوردستانە لەعێراق. دوای نزیكەی 30 ساڵ جارێكی دیكە گەلی كورد كەوتۆتەوە ناو تەنگوچەڵەمەیەكی بێ ئەندازە مەترسیدار. بە بەرچاوی ئێوەوە هاوڵاتیانی كوردستان لەسەرەتاییترین مافیان كە موچە‌و قوتی رۆژانەیانە بێ بەشن. بێباك كە كەس نیە ئەم قەیرانە لەبەرۆكی هاوڵاتیانی كوردستان بكاتەوە.

دیموكراسی‌و گەشەی سیاسی‌و ململانێی ناوچەكە پوكاوەتەوەو دەنگی فڕۆكە‌و بۆمب‌و ناپاڵم بەر دەرگای ماڵی كوردانی گرتووە. ئێوەی بەڕێز دەبێت بزانن سیاسەت‌و بڕیارو ئاسایشی جیهان لەدەستی ئێوەو چوار دەوڵەتی دیكە دایە( فەرەنسا، ئەمریكا، بەریتانیا، چین، روسیا)..هەر كێشە‌و گرفت‌و جەنگ‌و ئاڵۆزیەك هەبێت دەبێت ئێوە ئەم پێنج دەوڵەتە لە ئەنجومەنی ئاسایش چارەسەری بكەن، ئەمە نەخێرەو نە منەتە بەسەر هیچ نەتەوەو گەل و ناوچەیەك لەم جیهانە، چونكە ئەم پێنج دەوڵەتە خۆتان دەستتان بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و نەتەوەیەكگرتوەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشدا گرتووە. بۆیە ناكرێت رێز لە بەهاو پرەنسیپ‌و بنەمای نێودەوڵەتی‌و ئاسایشی گەلان‌و دەوڵەتان نەگرن. ئێوەی بەڕێز كە لەئەنجومەنی ئاسایش ئەندامن، هاوكات هێزی گرنگی ناو یەكیەتی ئەوروپان، بەرامبەر ئەم داگیركاریەی توركیا بێ دەنگ و لاوازو بێ بڕیار وەستاون. جێگای سەرسوڕمانە بۆچی لەبەرچاوی ئێوە توركیا بە فڕۆكەو ناپاڵم‌و تانك و پۆستاڵ سنوری دەوڵەتان دەبڕێت‌و گوندو ژینگەو هاوڵاتی مەدەنی‌و بێ تاوان دەكوژێت ‌و سوتماك دەكات، بەڵام ئێوە هیچ هەڵوێستتان نیە. بۆچی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشن؟ بۆچی زلهێزن؟ بۆچی خاوەنی یەكیەتی ئەوروپان؟ بەداخەوە لەكاتێكدا توركیا خەریكی كۆمەڵكوژی كورد‌و داگیركاری كوردستانە، وەزیری كاروباری دەرەوەی یەكیەتی ئەوروپا دێتە توركیاو شان بەشانی كاربەدەستە نادیموكراسیەكانی ناو دەوڵەتی توركیا دەوەستێت، ئەمەش پرسیاری زۆر دروست دەكات، ئایا ئێوە مەسئولیەتی خۆتان لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و یەكیەتی ئەوروپا لەبیرچۆتەوە؟ ئایا مافی مرۆڤ‌و دیموكراسی‌و مەدەنیەت لای ئێوە بەهای بەتاڵن؟ ئایا ئێوە گەلانی بن دەست‌و بێكەسی خاوەن مافی رەوای وەكو ئێمەتان بەتەنیا جێهێشتووە؟

ئەگەر ناتوانن هیچ بڕیارێك لەبەرژەوەندی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ‌و سنوری نێودەوڵەتان بدەن، كەواتە بۆچی گلەیی لە داعش دەكەن‌و بە تیرۆریستی دەزانن، چونكە داعشیش بڕوای بەسنورو مافی ئەوی دیكە نەبوو! ئێوە بەزوویی بۆ روبەربونەوەی داعش بڕیارتان وەرگرت‌و بەخوێنی پێشمەرگە‌و شەڕڤانی كورد، داعشتان لەناوبرد؟ ئەمڕۆش بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی‌و بەهای سیاسی دەوڵەتان‌و مەوقیعی ئێوە لە ئەنجومەنی ئاسایش وا دەخوازێت، كێشەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا بەلایەكدا بخەن، توركیا سزا بدەن لەسەر ئەم هێرشە نا بەرپرسیاریانەی دەستی داوەتێ.

لەرێگەی بەڕێزتانەوە دەخوازم پەیامی هاوڵاتیەكی كورد لە هەرێمی كوردستان لەعێراقدا، بگاتە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە بەڕێزەكەتان.

هاوڵاتیانی كوردستان مافی سروشتی خۆیانە لەسەر خاك‌و نیشتمان‌و هەرێمی خۆیان، بە كەرامەت‌و ئاسایش بژین، خاوەنی داهات‌و كارو بژێوی سادەی خۆیان بن، ئەمە كەمترین بەرپرسیاریەتیە ئێوە بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و گەلانی ناوچەكە بیبینن.

كاتێكی خۆش‌و سڵاوی دۆستانە

هەندرێن شێخ راغب

هاوڵاتیەكی كورد لە هەرێمی كوردستان..هەولێر..8-7-2020