بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

دەمەوێت بە ھەندێک پرسیار و وەڵامی سادە چەند لایەنێکی ئەم روداوە رون بکەمەوە.

یەکەم، بۆچی بایدن ئەم کارەی کرد؟

لە ھەشتاکانەوە ئەرمەنییەکان بەردەوام لۆببی دەکەن بۆ ئەم کارە. بەشی زۆری ئەرمەنییەکان لە شاری گلێندەیلن لە نزیک لۆس ئەنجیلیس. بڕێکی زۆریان دەوڵەمەندن. ساڵ لە دوای ساڵ لە خۆڕێکخستن تۆکمەتربوون. زۆر سەرۆکی پێشوتر پەیمانی دانپیانانی پێدان.

لە کتێبی خوێندنی ئایدیالیستێک، سەمانتا پاوەر چاپتەرێکی ھەیە بە ناوی ٢٤ی نیسان، باس لە ئەوە دەکات کە چۆن ئۆباما لە پەیمانی کەمپیەنی ھەڵبژاردنی پەشیمان بوەوە. پاوەر ئافرەتێکی دۆستی ئەوانە، زۆر دۆستی کوردیشە. ھەموو سەرۆکەکانی پێشوو ھەر کاتێک بیریان لە دانپیانان کردبێتەوە خێرا وەزارەتی دەرەوە، کۆنگریس، پەنتاگۆن ھاتونەتەتە سەر خەت و رێگرییان کردوە. بەڵام ئەمجارە کەس نەبوو بەرگری بکات لە تورکیا. جاران تەنانەت لۆبیی ئیسرائیلیش داکۆکی لە تورکیا دەکرد، کە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام سوپاس بۆ ئەردۆگان، تورکیا ئێستا بێدۆستە.

ڕەنگە پاشگەزبونەوەی ئۆباما پاڵنەری بایدن بوبێت، ئەو رۆژە ھێنری بارکی وەھای دەگوت. بەڵام ئایرلەندی بونی بایدن ھۆکارێکی سەرەکییە، لە دژایەتی ستەمی ئیمپراتۆرییەت. بە کورتی زۆر ھۆکار لە ئارادابون کە دۆخەکەیان بەم ساتەوەختە گەیان کە ئاسانبێت بۆ بایدن بڕیاری لە سەر بدات.

بۆچی تورکیا دژ بە ئەم بە جینۆسایدناساندنەیە؟

ئەم تاوانە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش رویداوە، بەڵام بۆچی تورکیا دژایەتی دەکات؟ بە گشتی چەند ھۆکارێک ھەیە.

یەکەم، پوچەڵبونەوەی حەقایەکی کۆماری تورکیا. جینۆسایدی ئەرمەن گەرچی لە دوا ساتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا رودەدات، بەڵام دەبێتە بەشێکی سەرەکی چیرۆکی تورکیای نوێ. تورکیای نوێ لە سەر نکوڵی و سڕێنەو و زاڵبون دروست بوە. بۆیە کۆمەڵێک دێوزەمەی زۆر راوەدوی دەنێت.

دووەم، ترس لە داوای قەرەبوکردنەوە. ھەرچەندە کارەکەی بایدن ھیچ پێودانگێکی یاسایی نیە، زیاتر ئەخلاقییە، بەڵام تورکەکان لە قەرەبوی ماددی و خاکی دەترسن.

سێیەم، ئەو چیرۆکە بەتاڵ دەبێتەوە کە تورکیا خاکی تورکە. ھەبونی غرور و ھەست بە کەمییکردن لە کەسایەتی تورکدا، وەھایکردوە کە دەترسێت جینۆساید وەک بەشێک لە مێژوی ببینرێت.

ئایا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا؟

ھەتا ئیستا ھەر وەڕین ھەیە ھیچ ھەنگاوێکی کرداریی نیە. تورکەکان ماستەرن لەوەی کە بقیێڕێنن و ھەروەھا زووش فس ببنەوە. بۆیە مەگەر سودی ھەڵبژاردنی ھەبێت، ئەگینا ئەردۆگان ھیچ کارێک ناکات. ئەمریکاش ھەوڵیدا بە جۆرێک کارەکە بکات کە پەرچەکرداری کەم بێت. ئەوەتا تۆڵەی خۆی لە کوردی داماو دەکاتەوە.

ئایا وانەکانی چین بۆ ئێمە؟

یەکەم بە جینۆسایدناساندن پرسێکی سیاسیی و بەرژەوەندییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی نەبێت نابێت ھیچ بکرێت. بە پێچەوانەوەی دەبێت بەردەوام کاربکرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن وەک سودێک و کارێکی سیاسی بتبینن. ئەمە واقیعی دونیایە، تاڵە.

دەبێت ئەم دانپیانانە بەکاربێت بۆ دروستکردنی خیتابێک بۆ ڕێگرییکردن لە دوبارەبونەوەی بە سەر خەڵکانی تردا بە تایبەتی کورد نەک ھەر لە باکور بەڵکو لە باشور و رۆژئاواش.

پەیامەکانی ئەمریکا لە  دۆسیەی ئەرمەنەوە

به‌رهه‌م كه‌لهوڕی

کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنەکان پەڵەیەکی ڕەشه لە مێژووی  عوسمانیەکان ، ئەوان دوو فاکتەری جیاکەرەوەیان هەبوو کە جیاواز بوون لە تورکە  عوسمانیەکان ، یەکێکیان نەژادی بوو کە تورک نەبوون دووەمیشیان ئایینی بوو کە مەسیحی بوون و ئیسلام نەبوون هەر بۆیەشە تورکەکان بە پاڵنەری بەهێز کردنی هەژموونی خۆیان وەک تاکە نەژادی خاوەن دەسەڵات بمێننەوە و ترسیشیان هەبوو لە دروستبوونی پەیوەندی ئەرمەکان بە جیهانی گەورەی مەسیحیەت واتە بە ووڵاتە زلهێزە ڕۆژئاواییەکان و لە ئەنجامدا  ئەم تاوانە ئینسانیەیان ئەنجامدا .

هیچ گومان لەوەدا نیەکە ئەمە تاوانێکی گەورەی قێزەونە دژ بە تەواوی مرۆڤایەتی  و تەنانەت خودی تورکەکانیش ناتوانن بەرگری لەم تەوانەیان بکەن ، بەڵام پرسیارێک دێتەوە پێشەوە ، ئایا ئەم بڕیارەی ئەمریکا دژ بە تورکیا لەم کاتەدا پاڵنەرەکانی تەنها ئینسانی مێژوویین  یاخود ئەمیش کۆمەڵێک مەرام و مەبەستی تری سیاسی  لە پشتە  ؟

من پێم وایە مەرامەکانی زیاتر سیاسین و بۆ ملکەچ کردنی تورکیایە بە سیاسەتەکانی خۆی ، ئەگەر نا تاوانی هاوشێوەی ئەم تاوانە لە مێژوودا نموونەیان زۆرە ، تەنانەت خودی ئەو ئەمریکایەش لەسەر کوشتارگەی هیندیە سورەکان دروست بووە ، لە مێژووشدا هاوشێوەی ئەم  تاوانانە  ( کوشتنی بە کۆمەڵ  ) گەلێک زۆرن و مێژووش تۆماری کردوون ، گەرتۆزێک نزیکتر بینەوە و بێینەوە لای خۆمان وەک بەناو ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ....هتد  ، ئەی بۆچی ئەمەریکا و ووڵاتە زلهێزەکان تا ئێستاش تەنانەت قسەیەکی بەخێریشیان بۆ نەکردووین ؟!

تورکیا ڕاستە ئەندامی ناتۆیە و بە حیساب هاوپەیمانی ئەمەریکایە ، بەڵام لە واقیعدا تورکیا کۆمەڵێک پەتپەتێنی سیاسی ئەنجامدا وە و زۆر ڕووی لە ڕوسیا کردووە  تەنانەت چەکی موشەکی ئێس 400 یشی لێ کڕی سەرەڕای ناڕەزایی دەربڕینی ئەمەریکا ، واتە تورکیا لە زۆرێک لە هەڵوێست و جموجۆڵە سیاسیەکانی بەرەو ڕوسیا هەنگاوی ناوەو هاوپەیمانیەتیشی لەگەڵ بەستووە و  کاربەدەستانی ئەمریکیش لە لێدوانەکانیان نیگەرانی خۆیان لەو نزیک بوونەوەیە دەربڕیوە بەڵام تورکیا زۆر حیسابی بۆ ئەم نیگەرانیانەی ئەمەریکا نەکردووە .  ئەمەریکاش ئاگاداری ئەم جموجۆڵ و گەمە سیاسیانەی تورکیایە و دەیەوێت بیخاتەخانەیەکی تاوانکاری و ئەوپەڕی بێ هێزی و لاوازیەوە و تورکیا ناچار بکاتەوە کە له گوێڕایەڵی ئەو دەرنەچێت و ملکەچی سیاسەتەکانی بێت  و تەنازولاتی بۆ بکات و  لە باڵی ڕوسیاش دوور بکەوێتەوە .

ئێران و گەمەی  ڕێکەوتنی ئەتۆمی

به‌رهه‌م كه‌لهوری

ئێران ئێستا سەر بە باڵی ڕوسیا و چینە لەبەرامبەر  ئەمەریکا و بەریتانیا و ...هتد و  لەسەردەمی ترامپ ئەمەریکا تاک لایانانە لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ووڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران کشایەوەو زەبرو زەنگ و فشارو هێزی دژی ئێران بەکارهێنا  بەڵام نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت جگە لە  دروستبوونی ئاشوبوو شەڕو نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لە عێراق . هەر سرووشتی کۆماریەکانی ئەمریکا وایە هێندەی پەنا بۆ زەبرو زەنگ و هێز دەبەن بۆ فەرزکردنی هەژموونی خۆیان هێندە باوەڕیان بە گفتو گۆ و دانوستان و ڕێکەوتن نیە . بەڵام  بەهاتنی دیموکراتەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات ڕەوشەکە گۆڕا و هەر لەسەرەتای گرتنە دەسەڵاتی جۆ بایدن داوای لە ئێران کرد کە بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێکەوتنی ئەتۆمی 5+1  ، بەڵام ئایا ئێران بەتەواوەتی دەچێتە ژێر ڕکێفی ووڵاتە ڕۆژئاواییە زلهێزەکان ؟!

پێم وا نیە ئێران بەتەواوەتی بچێتە ژێر ڕکێفی ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ، لەوانە :

1_ شەڕو ململانێی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا تازە نیە ،  هەر لەسەرەتای شۆڕشی  ئیسلامی ئێرانی  ئیعلانی شەڕیان کردووە لەگەڵ ڕۆژئاوا و تا ئێستاش هەر بەردەوامن لە دژایەتی کردنی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا .

2_ ئێران خۆی تەنیا نیە لە بڕیار دان ، ئەو بە نوێنەرایەتی باڵی ڕوسیا دژایەتی ناتۆ دەکات .

3_ باڵانسێکی هێزی  نێو دەوڵەتی هەیە کەلە زانستی سیاسیشدا باس کراوە ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باڵانسی هێزی ڕوسیا و ئەمەریکایە و ئێرانیش لەم ناو چەیە نوێنەرایەتی باڵی ڕوسیا دەکات ، بۆیە هەر پاڵەپەستۆیەکی ئەمریکی بکەوێتە سەر ئێران ئەوا باڵانسی سیاسەت و  ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەچێت ، بۆیە پێم وایە ئەمەریکاش ئەم لێکدانەوە دوور مەودایانە دەکات لەسەردەمی بایدندا و  هەڵەکانی ترامپ دوبارە ناکاتەوە کە بەهیچ جۆرێک حیسابی بۆ ئەم هاوکێشانە نەدەکرد .

کەواتە ئەوەی بەردەوام دەبێت بریتیە لە تەسلیم نەبوونی ئێران لەسەر  پرسی ئەتۆمی بەڵکو تەنیا کات دەکوژێت و هیچی تر .

با لە ئەرمەنەوە فێربین

یەک سەدەیە لۆبی ئەرمەن کار بۆ ئەوە دەکات کە پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە لە ساڵانی سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی لە دژیان ئەنجامدراوە بە جینۆساید بناسێت.

ئەوان لەو ماوە زەمەنیەدا نە فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە تێکۆشانیان ساردی کردنەوە، و بێ نە بێ ئومیدیش بوون کە لەو پرسەدا جیھان پشتیوانیان لێ بکات. بگرە ئەوان زۆر بە بەرنامە بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن لۆبیان لەسەر ئاستی ولاتە کاریگەرەکانی جیھان دروسستکرد و کاریان بۆ ئەو پرسە کرد.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە ساڵانە لە ٢٤ نیسان یادی دەکرێتەوە، پێشتر لە لایەن چەندین وڵاتی وەک (ئەڵمانیا و فەرەنسا و روسیا و ئیتاڵیا) وەک جینۆساید ناسیندرابوو. وا ئەمساڵیش لە ھەمان رۆژدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی خۆی لە ناسینی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بە جینۆساید بردە سەر.

ئەو بەڵێنەی کە ساڵی پار لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایبووی، کە ئەگەر بگاتە کۆشکی سپی کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن دەکات.

بەم ھەنگاوەشی (بایدن) دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە بەڵینی بۆ ئەرمەنەکان دەکاتە کردار، چونکە پێش ئەو زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا ئەو بەڵێنەیان بە ئەرمەنەکان دابوو، بەڵام بە لە بەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان (ئەمەریکا- تورکیا) لە بە فەرمی داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان خۆیان بە دوور دەگرت.

شایانی باسە ساڵی ١٩١٥ دەوڵەتی عوسمانی لە دوا ساتەکانی دەسەڵاتی خۆیدا و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شکستی لە جەنگی جیھانی یەکەم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو لە ھاوڵاتی ئەرمەنی کە دانیشتوو ژێر قەلەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی بوونە رادەگوازێت و بەشی زۆریان رووبەڕویی کۆمەڵکوژی دەکرێنەوە.

پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە ئینکاری لێکراوە، ئەوە نەبێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی تورکیا سەرخۆشی لە قوربانیانی ئەو کارەساتە کرد، بەڵام ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت تورکیا بە چەمکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید زۆر ھەستیارە دژایەتی ھەر ھەوڵێک دەکات کە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن بدرێت.

شایانی باسە ئەرمەنەکان تاکە نەتەوەی ناوچەکە نەبوونە کە لە لایەن ھێزە بالادەستەکانی ناوچەکە کۆمەڵکوژ کرابن، بگرە نەتەوەی کورد لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی و میراتگرانی ئەو دەوڵەتە لە دەوڵەتەکانی تورکیا و عێراق بە تایبەتی ، چەندین جار پرۆسەی کۆمەڵکوژی لە دژ ئەنجام درواە، لە (ئەنفال و راگواستن و کۆمەلکوژی، کیمیاباران....ھتد). کە ھەموو ئەمانە بە پێی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە رەگەزی سەرەکی جینۆساید ھەژمار دەکرێن.

شایانی باسە تورکیا وێڕای ئەو فشارانەی بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەن ھێشتا دەستی لە کۆمەلکوژی کورد ھەڵەگرتووە، نموونەی ئەو سیاسەتەی کە لە عەفرین پەیڕەوی دەکات لە (راگواستن و گرتن و کوشتن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.)
لێرەوە دەپرسین کە ئایا کورد بۆ جینۆساید ناساندنی پرسی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە کە لە رابردوودا داگیرکەران دەرھەق بە میللەتی کورد ئەنجامیان داوە چی کردووە؟ و چۆن چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین؟

گومانی تێدانیە کە لەبەر چەندین ھۆکار پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و کورد بەراورد ناکرێت، جارێ دەبێت بزانین ئەرمەن دەوڵەتی تایبەت بە خۆی ھەیە، تا ئێستا کورد نیەتی، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین ئەوەی لە پرسی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەن لە وڵاتان رۆڵ دەگێڕێت لۆبی ئەرمەنیە، نەک خودی دەوڵەتەکە، کە لەمەشدا کورد ئەگەر بە بەرنامەکاری کردبا ئێستا دەبووە خاوەنی کەرستەی لۆبیەکی کاریگەر کە بتوانێت کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد بکات، بەلام دیار کە نەیکردووە.

شایانی باسە لە رووی یاسایی کورد لە باشووری کوردستان دەیتوانی سوود لە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاونەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ببینێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان نەک ھەر ئەوەیان نەکرد، بگرە ھاوکاری ئەو دادگایەش نەبوون بۆ رادەستکردنی تاوانبارانی ناوخۆ کە ژمارەیان زیاتر لە سێ سەد تاوانباربوون کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا داواکرابوون.

لێرەدا تێدەگەین ئەگەر لە ئایندەدا بمانەوێت کۆمەڵکوژەیەکانی کورد بە جینۆسیاد بناسرێت، دەبێت چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین، و لە ئاستی وڵاتان لۆبی درووست بکەین، تا لۆبی کورد رۆڵی لە ھەلبژاردنی ولاتان ھەبێت.

ئەرمەنەکان لە دوو ھەلبژاردنی گرنگی سەرۆکایەتی فەرەنسا و ئەمەریکا توانیان کارتی بەردەستیان بەکاربھێنن بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژی ئەرمەن، با کورد لە ئێستاوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندە ئەم بابەتە بخاتە کارنامەی خۆی، ئێستا نا سەد ساڵی دیکە، با ئەو پرسە کاری لەسەر بکرێت. وەک چۆن دەبینین لە ئێستادا وا ئەرمەنەکان بەرھەمی سەد ساڵ تێکۆشانی خۆیان وەردەگرنەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن، لە رۆژی ٢٤/٤/٢٠٢١دەڵێت: 'بۆیە دانمان نا بە جینۆسایدی ئەرمەن تا کارەساتی وا روونەداتەوە'
ئێمەی کوردیش تا جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیاباران نەکرێینەوە دەبێت کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەلکوژەیەکانمان بکەین.

 

نووسەر : هیوا سەید سەلیم

 

کام ڤاکسین دەبێتە ھۆی خوێن مەیین؟

 

لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێت ، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیکاو فایزەر.

لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بووە باسی ھەموو جیھان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد . حەزدەکەم لەم چەند خالەدا بە کورتی ڕاستیە زانستیەکان بخەمە روو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە ئێستاو داھاتوودا لە کوردستان بەکاردەھێنرێت .

1-دیارەی خوێن مەین پێش سەرھەلدانی کۆرۆنا و ڤاکسینەکان ھەر ھەبووەو ئێمەی دکتۆر رۆژانە حالەتی خوێن مەین دەستنیشان و چارەسەر دەکەین ، دیارە ئەوەی تێبینی کراوە دوای ڤاکسین کێشەی خوێن مەین لە ھەندێک ئەندامەکانی لەش روویداوە ، بەلام ئەوەی زیاتر باس دەکرێت کێشەی خوێن مەیینی یەکێک لە خوێن ھێنەرەکانی مێشکە ، ئەو حالەتە پێش کۆرۆناش ھەر ھەبووە ، ھەنووکە ئەو ئامارانەی کە لەژێر دەستن وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو حالەتە لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە ، ھەندێک زیاترە بە بەراوردکردن بە دۆخی ئاسایی ، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردەی خوێن مەیین پەیوەندی بە ڤاکسینەکان ھەبێت.

2-لە ئەوروپاو ئەمریکا گرنگیەکی یەکجار زۆر بە ئامارەکان دەدرێت ، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاکسین زۆر بە ووردی چاودێری دەکرێت . لە ئەگەری ھەر کێشەیەکی لاوەکی یاخود مردن بە ووردی تۆمار دەکرێت ، لەبەر ئەوە ئامارەکان جێگای باوەری خەلک و ناوەندە زانستیەکانن . ئەوەی تاکوو ئێستا تێبینی کراوە لەھەر ملیۆن کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرن ، پێنج کەس تووشی خوێن مەیین دەبن لە مێشک . سەرەتا وا نیشاندرا کە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنھا لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بوونی ھەیە ، بەلام لە چەند رۆژی ڕابردوو دەرکەوت ھەمان کێشە لە ڤاکسینەکانی فایزەریش تێبینی کراوە بەرێژەیەکی تۆزێک کەمتر . ھەرچەندە داتای وورد و باوەرپێکراو بۆ ڤاکسینی سینۆفارم بەردەست نیە ، بەلام وا دەردەکەوێت کە کێشەی خوێن مەیین زۆر کەمتر بێت بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینەکانی تر.

3-.دیارە لە ئەگەری روودانی خوێن مەیین ، چارەسەری ھەیە ، بۆیە رێژەی مردن بە ھۆی کێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریاریەی لەژێردەستە لە ھەر ملیۆن کەسێک تەنھا یەک کەسە.

4-ڤاکسینەکان کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە رێژەی جیا جیا ، بەلام ئەوەی تێبینی کراوە ھەموو ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردوونەوی رێژەی تووشبوون بە توندی بە پەتاکە . وا دەبینرێت ئەو کەسەی کە ڤاکسین وەردەگری لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. ھەرچەندە چەند رۆژێک پێش ئێستا لێکۆلینەوەیەک لە ئەمریکا وا نیشان ئەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیش وەردەگرن بۆی ھەیە بە توندی تووشی پەتاکە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبێت ، بەلام بە بەروارد لەگەل ئەو ژمارەیە زۆرەی خەلک کە لە ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە، مردن بە ھۆی پەتاکە زۆر دەگمەنە دوای ڤاکسین وەرگرتن .

5-لە ئەمریکا ھەردوو ڤاکسینی فایزەرو مۆدێرنا بەکاردەھێنرێت ، کەچی لە بەریتانیا بە رێژەیەکی یەکجار زۆر ڤاکسینی ئەسترا زێنیکا بەکارھاتووە ، ھەندێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە کەسانی بەتەمەن کاریگەرترەو برێکی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو کەسانە بینراوە کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینی فایزەر ، لە راستیدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زیاتر لەھەر ڤاکسینێکی تر بەکارھاتووە لە سەرنسەری جیھان . تەنانەت رێکخراوی تەندرووستی جیھان دەزانێت کە ئەسترازێنیکا رۆلی سەرەکی دەبێت بۆ رووبەروبونەوەی ئەو پەتایە.

رۆژانە ھاوولاتیانی کوردستان پەیوەندیم پێوەدەکەن ، پرسیار دەکەن کام جۆری ڤاکسین باشەو کامیان بەکاربھێنم . لە وەلامدا دەلێم ھەموو ڤاکسینەکان باشن و کاریگەرن . کێشەی خوێن مەیین دیاردەیەکی یەکجار کەمە، تەنانەت لە ئەگەری روودانیش چارەسەری ھەیە . بۆیە دەبێت ھەر کەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ڤاکسینەکان وەرگرن ، چونکە لە چاوەروانی ڤاکسینێکی دیاریکراو بۆی ھەیە تووشی پەتاکە بیت و لە کاتانەدا کێشەی خوێن مەین بە ھۆی ڤایرۆسەکە بە ھیچ شێوەیەک لەگەل ڤاکسینەکان بەراورد ناکرێت .

لەئەگەری ئەوەی کە ھەموو ڤاکسینەکان لەھەمان کاتدا لەبەر دەست بێت ، دەکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تەرخان بکرێت بۆ کەسانی سەروو تەمەن شەست سالی ، چونکە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەین روونادات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڤاسینەکە کاریگەرتر بێت .ڤاکسینی سینۆفارم بدرێت بە کەسانی خوار چل سالی ، چونکە وادەبینرێت کە کیشەی خوێن مەین لەو ڤاکسینە زۆر کەمە.ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە کەسانی چل بۆ شەست سال.

من خۆم بروای تەواوم بە ھەموو ڤاکسینەکان ھەیە و لەو باوەرەدام کە ھەر جۆری ڤاکسینێک لەبەردەستە دەبێت بەکاربھێنرێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ئەگەری بەرکەوتنیان زۆرە یان ھەلگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن.

تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دراوە بە خەلک لە سەرانسەری جیھان ، بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، کە کێشەی خوێن مەین دەگمەنە و تا دێت ئەو مەترسیە بەرامبەر ڤاکسینەکان كەمتر دەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بووترێت، کە لە مێژووی ڤاکسینەکاندا ھیچ کێشەیەكی تەندرووستی لە ماوەی درێژ دوای ڤاکسینەکان بەدی نەكراوە، دیارە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناش ھیچ جیاوازیەکی لەگەل ڤاکسینەکانی تر نیە، ئەو پروپاگەندانەی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەكرێت، کە لە ماوەی درێژخایەندا کێشەی تەندروستی دەنێتەوە، ھیچ بنەمایەکی زانستی نیە.

کوردستانیانی خۆشەویست ، پێویستە ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی تر پێشوازی لە ڤاکسینەکان بکەین و دوو دل نەبین لە ڤاکسین وەرگرتن ، جا ئەو ڤاکسینە ھەر جۆرێک بێت .

 

دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو -لەندەن