شۆڕشی برسیەكان و قۆستنەوەی لەلایەن سیاسیەكان

ئەوانەی ئەمجارەش لە بەغداو پارێزگاكانی خوارووی عێراق رژاوەتە سەر شەقام، زۆرینەی گەنجی بێكار و برسیە، ئەوان پرسی نەبوونی و هەژاراری و بێكاری هانی داون كە دژ بە دەسەڵاتداران خۆپێشاندان ئەنجام بدەن.

 

لە دوای ڕووخانی رژێمی سەدام لە سالی ،2013 شەقامی عێراقی و خەڵكەكەی هەمیشە ئامادەی خۆپیشاندانی تێدابووە، بەڵام هەر چەند ساڵ جارێك ئەو خەلكە هەژارە لایەنێكی سیاسی دەیقۆزێتەوە و سواری شەپۆڵی ناڕەزایەكانیان دەبێت.

 

هیچ گومانی تێدانیە عێراق وەك وڵاتێكی دەوڵەمەند و خاوەنی یەدەگێكی زۆری سەرەوەتی نەوتی، لە ساڵانی دوای ڕووخانی رژێمی سەدام داهاتەكەی نەخراوەتە خزمەتی بووژانەوەی وڵات و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ چین و توێژەكانی، بگرە عێراق لە ئێستادا لە ریزی وڵاتە قەرزارەكان و سیستەمەكەشی لە ریزبەندی ولاتە گەندەڵەكانی جیهان هەژمار دەكرێت.

 

گەندەڵی لە دامودەزگاكانی حوكمڕانی، دەسەڵاتی پشكپشكێنەی مەزهەبی و حزبی، هەمیشە وەك دیاردە مایەی نیگەرانی خەڵكەكەیەتی، واتا چین و توێژەكانی خەڵكی عێراق بەهۆی ئەو نادادیەی كە لە وڵاتەكەیان پەیرەو دەكرێت هەمیشە ئامادەیە كە وەك پووشێك كە ئاگر بگرێت.

 

ئەوەی لەو چەند رۆژەش لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی شیعە دەگوزەرێت، هەر هەمان سیناریۆی جارانە، واتا خەڵكی ناڕازی ئامادەیە و سیاسیەكانیش تیختیخەیان دەدەن ئەمجارەشیان لە دژی كابینە تازەكەی عادل عەبدولمەهدی.

 

ئاساییە كە حزبی سیاسی پێشەنگایەتی جەماوەری ناڕازی بكات دژ بە نادادی و دیاردەی گەندەڵی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت هەر ئەوە نیە، بگرە عێراق وەك جەستەیەكی بریندار هەمیشە خەڵكی دیكە برینەكانی دەكوڵێنێتەوە، لە دەستوردانی دەرەكی بگرە، تا ئەوانەی كە لەناوخۆی وڵات بەدەستی دەرەكی هەڵدەسوڕێن.

 

دەستوەردانی دەرەكی لە كێشەكانی ناوخۆی عێراق هەمیشە هۆكاربوون و دەبن كە خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەكانی خەڵك بە لاڕێدا ببردرێن، ئەگینا بۆ دەبێت خەڵكانێك كە هەڵگری درووشمی هەلی كار و دژایەتی گەندەڵیان هەلگرتووە پەنا بۆ سووتانی دامودەزگایی میری ببەن.

 

لە ئێستادا پرسیارێك لەسەر دۆخی ئێستای عێراق خۆی فەرزدەكات، بەوەی ئایا ئەو دەوڵەتە بە بوونی دەیان كێشەی ناوخۆی، وە بوونی عێراق بە مەیدانی یەكلاكردنەوەی ململانێ جیهانی و ئیقلیمیەكان، وە كێشەی نەبوونی خزمەتگوزارێ بۆ هاوڵاتیانی و گەندەڵی و نادادیش سەربار، ئەو وڵاتە بەروو كوێ هەنگاو دەنێت؟

 

ئەوەی تا ئێستا روون نیە ئەویە كەعێراق بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەڕوات، شەڕ و ململانێی ئەمەریكا و ئێران پرووشكی ئاگرەكەی خەریكە عێراق دەسووتێنێت، ئاسەوارەكانی شەڕی تایفی و فرە مەرجەعی هۆكارن كە رێگانەدەن عێراق ببێتە دەوڵەتی خاوەن دامەزراوەیی بەهێز تا حكومەت بتوانێت رۆڵی خۆی لە پاراستنی سەروەت و سامانی خەڵك ببینێت و بەڵێنەكانی كە لە كارنامەی حكومەت هاتووە بە پڕاكتیك بكات، دەزگا چاودێریەكانیشی كە خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەبینێتەوە زۆرینەی بە قسەو راسپاردەی مەرجەعە دینیەكان هەڵدەسوڕێندرێن.

 

ئێمەی كورد لە هەرێمی كوردستان كە دەستمان كەوتۆتە ژێر سەری ئەو دەوڵەتە بێسەرووبەرە كە عێراقە، لە قازانجمان نیە كە ئەو دەوڵەتە لەوە زیاتر تێك بچێت، چونكە تێكچوونی عێراق كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەلكی هەرێمی كوردستانیش دەبێت، بە تایبەت كە لە ئێستادا خەلك مانگانە لە چاوەروانی بەغدایە مووچەیان بۆ بنێرێت.

 

لە كۆتاییدا دەڵێین خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مافی هەر چین و توێژێكی كۆمەڵگایە، بۆیە نابێت ئەو مافە بەزەبری لوولەی چەك سەركوت بكرێت، وە سیاسیەكانیش سواری مەوجەی ناڕەزایەكانی خەڵكی ناڕازی بن.

 

خەباتی مەدەنی دەبێت بكرێتە سیمایەكی تازە كە ئەرك و مافی خەلكی خۆپیشاندەر دیاری بكات، لە خستنەرووی داخوازیەكان و نەبەزاندنی هێلە سوورەكان .

هیوا سەید سەلیم

Hits: 35
Category: