ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا : ئێستانیوز : بەشی :بیروڕا 30/10/2019

با بەرپرسانی هەرێم پێشی تای بەڕەکەی بەخۆدادەن

 

دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە دەنگی 403 ئەندام لە بەرامبەر دەنگی 16 ئەندام ئەو بڕیارەی پەسەندکرد کە داوا لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکات سزا بەسەر کاربەدەستان و حکومەتی تورکیا بسەپێنێت لە بەرامبەر هێرشەكەی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژاوای کوردستان(باکوری سوریا).

بەگوێرەی پرۆژە بڕیارەکە دوای ئەوەی دەنگی پێویستی ئەنجوومەنی پیرانیش بەدەستدێنێ، دەبێت دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا چەند سزایەک بەسەر تورکیادا بسەپێنێت کە خۆی لە ڕاگرتنی ڤیزە بە کاربەدەستانی تورکیا و سڕکردنی سەروەت و سامانی ئەو کاربەدەستانەی کە دەستیان هەبووە لە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژاوای کوردستان(باکوری سوریا) و دیاریکردنی ئەو کەسە بیانیانەی بەمەبەست زانیاری یان تەکنۆلۆجیای سەربازییان بە تورکیا داوە لەو ئۆپراسیۆنەدا و قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بە تورکیا، هەروەها دەبێت سەرۆکی ئەمریكا سزاکانی یاسای CAATSA بەسەر تورکیا بسەپـێنێت، واتە یاسای ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سەپاندنی سزاکانەوە کە لە ساڵی 2017 وە کاری پـێدەکرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەریەک لە ئێران و ڕوسیا و کۆریای باکور.

ئەوەی جێی سەرنجەو دواجار خەمێکی دیکە دەبێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری سزاکاندا ئاماژە بە سەپاندنی سزا بەسەر گەورە بانکی دەوڵەتی تورکیا (هاڵك بانك) دراوە ، ئەو بانکەی کە حسابی بانکی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.

ئەگەرچی تائێستا روون نییە ئاخۆ داهات وشێوازی حسابە بانکیەکەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان چۆن چۆنیی بووە، بەڵام پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هەرچی زووە پەلە بکەن بۆ دەرهێنان یا گواستنەوەی حسابی ئەو بڕە داهاتەی(هاڵك بانك) کە قووتی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی پێوە بەندە، ئەوە لە کاتێکدا لە ئەگەری تێکچوونی زیاتری بارودۆخی عێراق، ڕەنگە داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بۆ ماوەیەک، تاکە سەرچاوەی بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم بمێنێتەوە.

 

دارەوانی مام نوری

 

Hits: 97
Category: