ڕووسیا و تورکیا سیاسەتی ئیدلب لە لیبیا بەڕێوەدەبەن

سەلاح خدر

ڕووسیا و تورکیا هەمان سیاسەتی ئیدلبی سوریا لە لیبیاش بەڕێوەدەبەن، ڕێبازی بناغەیی ئەو سیاستەش ئەویە کە هەردوو وڵات پشتیوانی و هاوکاری هێزە دژبەرەکانی یەکتر بکەن، لەگەڵ کاتدا ئەو هێزانە دەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و پاشانیش لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن.

لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هۆشیاری داوە لەوەی مەترسی هەیە ڕووسیا و تورکیا لیبیا لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.

ڕووسیا و دەوڵەتی تورک، هەریەک لەو دوو وڵاتە دەیانەوێت لە لیبیا ببنە خاوەن هێز، بۆ ئەو ئامانجەش ڕێبازی سیاسەتی ئیدلب بەکاردەهێنن، ئەوان هەم هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزیەکانن هەمیش خۆیان وەک هێزی چارەسەری نیشان دەدەن.

بەم شێوەیە پلان دەکەن بەرژەوەندی خۆیان پێش بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە بخەن کە دەست لە لیبیا وەردەدەن.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت داگیرکاری خۆی لە لیبیا فەرز بکات و سود لە سەرچاوەکانی وزە و دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە ببینێت.

ڕووسیاش دەیەوێت خۆی وەک هێزی بەکاریگەر نیشان بدات، هەربۆیە هەردوو وڵات پلان دەکەن هێزە دژبەرەکانی ئەو وڵاتە بۆخۆیان بەکاربهێنن، ئەوان لەبەرچاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بانگەوازی بۆ ئاگربەست دەکەن بەڵام هەر خۆیان گوێ لە یەکتر ناگرن و سیاسەتی شەڕخوازی گەرمتر دەکەن.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕژێمی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ئاگربەست لە لیبیا ڕێکەوتوون، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە تورکیا نیازی خۆی ئاشکرا کردەوە بەوەی ئیبراهیم کاڵن وتەبێژەکەی ئەردۆغان گوتی، ئەوان بێشەرت و مەرج پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن، ئەو مەرجەش کە تورکیا داوای دەکات کشانەوەی هێزەکانی سوپای نشتیمانی لیبیایە لە شارەکانی سیرت و جفرە.

لەبەرامبەر ئەو داوایەدا دواین جار جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر و ولاتی میسر ڕایانگەیاند کە ئەوان مەرجێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکەن، بەپێچەوانەوە هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کۆتایی بەداگیرکاری دەوڵەتی تورک بێنن لە لیبیا.

وەک ئەنجامیش دیارە ئەو شتەی دەسەپێندرێت لە واقعەوە دوورە و ئاڵۆزیەکانی لیبیا چارەسەر ناکات.

ئەڵمانیا کە ئێستا سەرۆکایەتی یەكێتی ئەوروپا دەکات، سیاسەتی ڕووسیا لە لیبیا وەک پڕۆژەی پارچەکردن و دابەش کردن بەناو دەکات.

وەزیری بەرگری ئەڵمانی ئانیگریت کارن باوەر هۆشیاردا لە پارچەکردنی لیبیا لەنێوان ئەنقەرە و مۆسکۆدا، کارن باوەر ئەوەی وەک مەترسی بۆسەر یەکێتی ئەوروپا بەناو کرد.

ناوبراو گوتی تاکە شێک کەلەئێستا پێویستە بکرێت جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی بەرلینە، بۆ ئەوەش پێویستە ناردنی چەک بۆ لیبیا ئاستەنگ بکرێت.

Hits: 60
Category: