كێشەی موچە..

هەندرێن شێخ راغب

كێشەی موچە لەبەغدا نیە..؟ لاپەڕەكانی رابردوو هەڵبدەنەوە، ئەوكاتەی جەیشی عێراقی كۆمەڵكوژی دەكردین‌و ماڵ‌و حاڵی وێران دەكردین، بەڵام موچە‌و نەوت‌و بەشەخۆراكی مانگانە لەكاتی خۆی دەهات بۆ كوردستان. عێراق كێشەی خاكی لەگەڵ كورد هەیە، نایەوێت كەركوك بداتە كورد، چونكە ئەمنی قەومی تورك‌و فارس‌و عەرەب وا دەخوازێت، ئێستا هەموو عێراق بە توركیا‌و ئێرانەوە بە بێ كەركوك رازین دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنین..بەمەی ئێستا هەمانە.

هەموو رێككەوتنێكی كورد‌و عێراق، توركیا تێكی داوە، ئێرانیەكان خنكاندویانە، لە رێككەوتنی شاو صەدام‌و كۆتایی شۆڕشی ئەیلول، بۆ تێكدانی گفتوگۆ‌و رێككەوتنی یەكیەتی‌و صەدام لە هەشتاكان..

بەهۆی سیاسەتی نەوتی هەرێم‌و ئابوری سەربەخۆ، عێراق بودجەی بڕی. توركیا هیچی نەكرد بۆ پشتیوانی هەرێم، توركیا دەزانێت قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستورییە، بۆیە ناتوانێت بە هێزی سەربازی بێتە ناو هەولێرو لەناوی بەرێت، زۆر سیناریۆی كرد یەكێك لەوانە داعشی نارد بۆ هەولێر، بەڵام ئەمریكا نەیهێشت..؟ توركەكان پەنایان بۆ شتێكی دیكە برد بۆ لاوازكردن‌و تێكدانی هەرێم ئەویش كارتی ئابوری بوو..تەبعەن بە ئاگاداری ئێران‌و عێراقیش؟؟. ئێستا توركیا دەستی بەسەر نەوت‌و پارەو داهاتی ئەم هەرێمە داگرتووە، نایەڵێت رێككەوتنی موچە‌و بودجەی كورد‌و عێراق سەربگرێت، هاتوە  گرێبەستێكی پەنجا ساڵی لەگەڵ حزبێك كرد..ئەمەش خراپی حكومرانی‌و نەبوونی ستراتیژی ئێمەیە..ئێمە تێ كەوتوین، چارەسەر ئەوەیە دۆسیەی نەوت‌و داهاتەكەی لەگەڵ توركیا یەكلایی بكەنەوە، ئینجا دەتوانن خۆتان لەگەڵ عێراق بگەنە رێككەوتنێك.

توركیا باشترین سیاسەت بە نەوتی ئێمەوە دەكات، لەدژی ئێمە. نایەڵێت كورد‌و عێراق بگەنە هیچ رێككەوتنێك، كورد لەبەر ناكۆكی‌و دابەشبوونی ناوخۆیی لەهەرێم، ناتوانێت روبەروی توركیا ببێتەوە، ئەم دابەشكارییە ئیقلیمیە وایكردووە هەرێم لە بڕیاری سیاسی یەكگرتوو نەبێت. ئینجا ماڵوێرانیەكە ئەوەیە لەبەغداو هەولێرو سلێمانی كورد بۆتە سێ كوتلەو سێ زۆنی سیاسی جیاواز. بەم هەموو دابەشكاری و ناشەفافی‌و پێچ و پەنایە لەگەڵ یەكتری‌و لەسیاسەتی حزبەكاندا، بەم زوانە قەیرانەكان چارەسەر نابن.

Hits: 39
Category: