عێراق وڵاتی شۆو فۆتۆ

 

سەدام حسەین مۆدێلی سیاسی شۆ (نمایش) و وێنەی لەعێراقدا بە چڕوپڕی داهێنا.
ئەو مۆدێلە سیاسیەی فۆتۆ و شۆکانی سەدام، بەمیرات بۆ دوای خۆی بەجێما. هەر سەرکردەکی عێراقی بە گەندەڵی و خراپیەکانیەوە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کردووە بە سێبەرەکەی ، هەرچی دەکا و دەبا، بەوێنەی لەباوەشگرتنی منداڵێک یان هاوڵاتیەکی بێدەرەتان، لەزاکیرەی خەڵکدا دەسڕێتەوە.

خەڵەتاوترین میللەتی دنیا، گەلانی عێراقە. چونکە لەژێرکاریگەری وێنەو شۆی سەرکردە جومبازەکانیدا ئەو ژیانەی قبوڵکردووە کە ستەم و نەهامەتی بۆ بەرهەمدەهێنێت. بێگومان کوردیش بەدەر نیە لەگەمەی شۆو فۆتۆی نێوان خەڵک و سەرکردەکانیدا.

هاتنی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شۆوە سیاسیانەی ئەم سەرکردە عێراقیە لە ڕێگای وێنەکانیەوە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە :

- ئەو هەر گومرگەکانی باشووری عێراق لەحەشدو حیزبە شیعیەکان وەرناگرێتەوە. بەشیعەکان دەڵێت من گومرگی ژێردەستی کوردەکانیش دەخەمەوە ناو سیستەمی مالی عێراقەوە کە مەحاڵە.

-ئەو بەنیازە لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بەشداربێت. لەلایەک بە حیزبەکوردیەکان دەڵێت پشتیوانم بن بۆئەوەی ببمەوە سەرۆک حکومەتی داهاتوو لەبەغدا، لەلایەکی ترەوە بەخەڵکی کوردستانیش دەڵێت من موچەم بۆ هێناون بۆیە لەداهاتوودا لەڕێگای نوێنەرەکانتانەوە لەپارلەمان دەنگم پێبدەن.

- ئەو پیاوی شۆ و فۆتۆیە سەردانەکەی بۆ لای حکومەت و حیزبەکانی حکومەتی هەرێمە، بۆیە مەگەر بەفۆتۆ پێمان بڵێت ئەو هاتووە بۆلای خەلک، ئەگینا جگە لەسەردانی زامنکردنی داهاتووی وەک سەرۆکی حکومەتی عێراق هیچ پرۆژەو قسەیەکی بۆ داهاتووی خەڵکی ئێمە پێ نیە.

 

هونەر تۆفیق

 

Hits: 48
Category: