پێداچونەوە بە نەخشەی سیاسی

لەسەرەتای نەوەتەكانەوە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازەی راگەیاند، هەرچەندە دیوی ئاشكرای پڕۆژەكە خۆی لە رێكخستنەوەی پەیوەندیەكان بەشێوەیەكی گشتی و لە نێوان هێزە هەرێمی و دەرەكیەكان بە تایبەتی دەنواند، بەڵام دیوە شاراوەكەی چەند رەهەندێكی هەبوو، لەوانە سیاسی ، ئابووری ، ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتەكان.

ئەو پڕۆژەیە بەهۆی هاوكێشە سیاسیەكان و ململانێی زلهێزەكان، لەڕووی عەمەلیەوە خاوبوونەوەیەكی تەواوی بەخۆیەوە بینی، ناچار وڵاتە یەكگرتوەكان بەتایبەت فەرمانڕەوایی دیموكراتیەكان بیریان لە ئالیەتێكیتر كردەوە، بنج و بنەوانەكەی لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ دوو هێز بنیاتنرابوو لە بری ئەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك هێز و حكومەتی جۆراوجۆر مامەڵە بكەن، لەو بڕوایەدابوون ئەوە ئاستەنگی زۆر بۆ بەرژەوەندیەكانیان و مۆنۆپۆڵكردنی سەروەت سامانەكانی دەڤەرەكەیان دێنێتە پێشێ.

ئەو دوو هێزەی كە بەلایانەوە مەقبوڵ بوو بۆ پڕۆژەكەیان بریتیبوون لە هەر یەك لەتوركیا و ئێران، واتە توركیا كۆنترۆڵی سیاسی و ئیداری بەشێكی دەڤەرەكە بكات هەروەها ئێرانیش بەشەكەیتر، بەكردارەكیش ئەو پڕۆژەیە لە لایەن توركیاوە لە رێگەی ئیخوانەكانەوە چوە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت لە وڵاتە عەرەبیەكانی باكوری ئەفەریقا، ئێرانیش لەلایەن خۆیەوە لەرێگەی كۆمەڵێك گروپ و دەستەوە بە پەلەپروزێ كەوتە جێبەجێكردنی پلانەكە بۆ ئەو بەشەی بە گریمانە بۆی دیاریكرابوو، دوای كەوتنەكاری پڕۆژەكە بەشێوەیەكی پراكتیكی بۆ وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا روون بۆوە، ئەوەی نەخشەی بۆ داڕشتوە و دەیەوێت بەرجەستەی بكات وەكو خۆی جێبەجێ نابێت، لەبەر ئەوەی لە روداو و پێشهاتەكان بۆیان دەركەوت، لەلایەك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە قبوڵی ئەو دەسەڵاتانە ناكەن كە بۆیان دادەتاشرێت.

لەلایەكیتر ئەو دوو وڵاتە لەبری كاركردن لەچوارچێوەی ئەو مەودایەی بۆیان دیاریكرابوو پێدرێژی زیاتریان كردووە و تا ئاستی دوژمنەكاریشیان بردووە، ئەجیندا بنەڕەتیەكە و بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكایان پشتگوێ خستوە و و تەنانەت كەوتونەتە بنكۆڵكردنی ئەو رژێمانەش كە لەدەرەوەی ئەو نەخشە گریمانەییەبوون كە داڕێژرابوو، فەرمانڕوایی كۆماریەكان هەوڵیاندا بەر لەو پڕۆژەیە بگرن و بەشێوەیەكیتر فۆرمەڵەی بكەنەوە، لەبەر ئەوەی گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە كار لە كار دەترازێ و هەموو ئەو تەونەی لەو ماوەیە هەڵیانبەستاوە خەریكە ریسەكەیان لێ هەڵبوەشێتەوە چونكە بەئاشكرا ئەو دوو دەوڵەتە هێڵە سورەكان دەبەزێنن و یار لەسەركۆمەڵێك ژێی هەستیار دەكەن كە بەتەواوەتی بوونەتە هۆكاری بێزار و وەڕسكردنی خودی وڵاتە یەكگرتوەكان و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، بە شێوەیەك چاوپۆشیكردن لێیان دەبێـتە هۆكاری ئەوەی دەست لەو دەڤەرە زیندوو و پڕ لە خێر و بێرە بشۆن، بۆیە ماوەیەكە كەوتونەتە حاڵەتی پێداچونەوە بە نەخشەی سیاسی و داڕشتنەوەی بە شێوە و ئالیەتێكی تازە كە بوونیادەكەی بریتیە لە دروستكردنی هاوكێشەی نوێ كە ببێتە هۆكاری بەرگرتن لەو دوو هێزە هەرێمیە و دانانی سنورێك بۆ پاوانخوازیەكانیان لەسەر حسابی ئەوان.

سەرەتاكانی خەریكە دەردەكەوێ ئەوەتا وڵاتە یەكگرتوەكان بە گەرمی هاتۆتە سەرخەت بۆ ئەوەی كێشەی لیبیا چارەسەربكات و هەرچی هێزی بەكرێگیراویش هەیە لەو وڵاتە دەریان بپەرێنێت هەروەها فەرەنسا و ئەلمَانیاش، بەكردار كەوتونەتە خۆ، بۆ ئەوەی وێڕای پاراستنی بەرژەوندیەكانیان بە هێزیش دامێنی هەستیاری ئەوروپا بپارێزن، دوا هەنگاویش كە بەدڵنیاییەوە هەنگاویتری بەدواوە دادێت، رێككەوتنەكەی نێوان میرنشینی عەرەبی یەكگرتو و دەوڵەتی ئیسرائیلە كە دەكاتە سێهەم وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتنی ئاشتی مۆر دەكەن، هەرچەندە ئەوە لە رواڵەتەوە وادەردەكەوێت، ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتە بەدەستپێشخەری وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، بەڵام بەهەموو پێوەرەكان ئەوە بەشێكە لە پێداچونەوە بەو سیاسیەتەی لەدەڤەرەكە هەیانبووە كە دواجار سەری نەگرت هەروەها رێكخستنەوە هاوكێشەكان و هێزەكانیشە لە بەهێزكردنی ئەو بەرەیەشە دژی ئەوانەی بوونەتە مەترسی گەورە لەسەر ئەمەریكا و ئەوانەشی لەو چوارچێوەیەدا كاردەكەن، دڵنیام تەقینەوە كارەساتبارەكەی بەیروت هەروەها لێكەوتەكانی دەچێتە خزمەت ئەو پڕۆژەیەوە، وەك ئاماژەشم پێدا ئەوە دوا هەنگاو نابێت لەماوەیەكی نزیكدا رێككەوتنی گەورەتر و فراوانتری بەداوەدادێ .

 

 

عەبدولواحید محەمەد

 

Hits: 31
Category: