دارستان، لە نێوان ئەمازۆن و كوردستان

دلێر محەمەد نوری

هەر بۆ زانیاری دارستانەكانی ئەمازۆن فراوانترین دارستانی جیهانن و نزیكەی بە حەوت ملیۆن كیلۆمەتر دووجار مەزەندە دەكرێت، كە ئەویش دەكاتە نیوەی تەواوی دارستانەكانی جیهان بەو چەند دارە  بەدبەختەشەوە كە لە كوردستان دەژی  و لە ڕاپەڕینەوە لێی ئەبڕین و ئەسوتێنین.

دارستانەكانی ئەمازۆن لەو جۆرەی لای خۆمان نین كە تۆ بتوانی بە مارەسۆن بە نێو دارەكانیدا ڕابكەیت و بەر چڵە دارێكیشی نەكەویت، یاخود بۆ دانیشتنی ژێر سێبەرێكی، نیو سەعات بۆ ژێر دارێك بگەڕێی ڕووتەن نەبێت و چەند سەعاتێك لە گەڵ سوڕانی گۆشەی هەتاویشدا بتوانێ سێبەری بەردەوامت پێ ببەخشێت! ئەمە ئیمكانیاتی دارستانی كوردستانە و بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە هەر لێی ئەسووتێنین و هەر لێی ئەبڕین و ...دەمێ لە بێ نەوتییدا ئەیسووتێنین بۆ خۆ گەرم كردنەوە، دەمێ لە بێ غازیدا بۆ چێشت لێنان، لە كاتی خۆشیشدا خەڵوسەوانی چاو چنۆك بە شەو گاڵۆنە نەوت ئەكەن بە ژێریاندا تا وشك ببنەوە وبیانكەن بە خەڵوس بۆ فرۆشتن، جا دووبارە بیانسووتێننەوە لە كەبابخانەكان و تكە برژاندنی سەر مەقەڵی سەیرانكەران. ئێستاش تازە تازە سیاسی و بازرگانی بێ ویژدان ئەیانسووتێنن تا زەوی دایكیان بكەنە مۆڵ  بۆ ناشتن و شاردنەوەی سەفتە پارەی زیاتر نەوەك نەمام.

هی ئەمازۆنیش هێندە چڕن گەر هیندییە سورێكی بەرازیل  پاچێكی گەورە نەگرێت بە دەستەوە مەحاڵە بتوانێت یەك بستی تر بە نێویاندا هەنگاو بنێت. گەر ئەمانە دارستانیش بسووتێنن، سووتێنەر لێرە هەژارێكە بێ دەرەتان، هێندەی پینە پانتۆڵێك ئەسووتێنێ بۆ تۆوكردنی دانەوێڵەی بژێوی خێزانێك! گەر ئەو چەند ملیۆنە هیندیە سورەش كە وەك دارەكان خەڵكی ڕەسەنی ئەمازۆنن، هەر هەمووشیان سەروو پارچەیەك لەو دارستانەش بسووتێنن هێشتا لە سەر نەخشەی جیهان بە نووكی قەڵەمێكی تیژیش ئەستەمە بۆت دیاری بكرێت، بە نوقتەیەك قەبارەی سووتان،  ئەنجاش یەكێ بگیرێ لە سەر سووتاندنی دارستان، تا ماوە دەبێت زیندانی بكرێت یان باجێك وەها بدات تا ماوە بە خۆی و خێزانەكەشی نەدرێتەوە. لە كوردستانیش دارستان ئەسووتێنرێ و ئەبڕدرێ و تەختیش ئەكرێ نە كەس ورتەیەكی لێوە دێت بۆ كوشتنی بەهار و نە چاوێكیش فرمێسكێكی لێدەبارێت بۆ هەڵوەرینی گەڵای دار.

Hits: 25
Category: