له‌باره‌ی سوپای عێراقه‌وه‌

د.ئارام ره‌فعه‌ت

یەکەم وشەی عەرەبی لە سەربازێکی عێڕاقی فێربووم

ئەو رۆژە سوپای عێڕاق هاتە ناو گوندەکەمان و شەرێکی دەستەویەخە لەگەڵ پێشمەرگەکاندا دروست بوو.

لەدەرەوەی ئاوایی کۆمەڵێک سەرباز گەمارۆدرابوون و ئەگەری کوشتن یان بەدیلگرتنییان هەبوو. سوپا سەرجەم گەنج و پیری گوندەکەیان لە گۆڕەپانێکی بچوکدا کۆکردبووەوە. سەربازەکان لەهەموو لایەکەوە لولەی تفەنگەکانییان بە ئاراستەی ئاپۆرەی خەڵکە سیڤیل و بێتاوانەکەدا بوو. ئەفسەرەکە بەتووڕەیی قسەی دەکرد و بەخەڵکەکەی گوتبوو یەک سەرباز لەوانەی گەمارۆدراون خوێنی لێ بێت هەر هەمووتان لێرە رەمی دەکەم.

سەربازەکان تاونا تاوێک لە ئەفسەرەکەیان دەپرسی "سەیدی ئیرمی؟"

ئەوسا ژمارەی ساڵەکانی تەمەنم پەنجەکانی هەردوو دەستمی تەواو نەکردبوو. لەهاورێکەم پرسی "سەیدی ئیرمی" مانای چییە؟

هاورێکەم گوتی یانی "گەورەم تەقەیان لێبکەم"

باوکم لەناو ئاپۆرەی پیاوەکاندا ناسییەوە. مێزەرەکەییم لێدیار بوو. وەک هەر منداڵێکی تر، بچوکترین نیشانە بەس بوو بۆ ناسینەوەی باوکم. ئاخر باوک تایبەتمەندە و لەسەرجەم پیاوەکانی تر جیاوازە. دەستم لەناو دڵمدابوو. لەتەنیشت ئەو مام دەروێش بوو، تەنیشتەکەی تریشی حاجی حەسەن بوو. هەندێک کەلا  "هەڵمات"ی رەنگینم هەبوو. هەموویم کردنە نەزر و خێر تا باوکم و خەڵکەکە رەمی نەکرێن.

باوکم و پیاوەکانی ئاوایی رەمی نەکران، بەڵام کرانە قەڵغانی مرۆیی سوپا و جاش بەزەبری چەک پێش خۆیان دان بۆ رزگارکردنی سەربازە گەمارۆ دراوەکان.

هەر گوللەیەک لە پێشمەرگەکانەوە بەرووی سوپا تەقێندرابوایە بەر باوکم و هاورێکانی دەکەوت. بەڵام ئەوە هەموو ترسەکە نەبوو. ئێمە لەوە تۆقیبوویین کە ئەفسەرەکە بە خەڵکەکەی گوتبوو تاکە فیشەکێک بەئاراستەماندا بتەقێنرێت ئێمە لەپشتەوە هەمووتان رەمی دەکەین. خۆشبەختانە پێشمەرگەکان، زۆربەیان هەر خۆگوندی بوون و زوو لە مەترسییەکە ئاگاداربوون و تاکە فیشەکێکیان نەتەقاند. خەڵکەکە بە زیندوویی گەڕانەوە، بەڵام یەک بەیەکییان ئازاری جەستەیی و دەروونی درابوون و هەندێکیشیان دەستبەسەرکران و بێ هیچ تاوانێک زیندانی کران.

ساڵ هات و چوو و لەزانکۆی بەغدا خوێندم و شارەزاییەکی باشم لەزمانی عەرەبیدا پەیدا کرد. بەڵام؛

لەو رۆژەوە وشەی "ئیرمی" کۆدی تراومایەکە و تارماییەکەی تا ئەبەد وەک سێبەر بەدوامدا دەکشێت.

لەو رۆژەوە عەرەبی بۆ من زمانی "چ" نییە و زمانی "ئیرمی"یە.

لەو رۆژەوە سوپای عێڕاق بۆ من جگە لەسوپایەکی فاشیستی خوێنرێژی داگیرکەر هیچی تر نییە.

تێبینی:

روداوەلە راسیەقینەیە و زۆربەی هاورێکانی گوند شاهیدی ئەو روداوەن.

Hits: 41
Category: