بۆ ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری نەبێتە وەزارەتی سانسۆر

ئاسۆس هەردی

هەفتەیەک لەمەوبەر (بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە)ی وزارەتی رۆشنبیری "فەرمانی راگرتنی!" سێ بەرنامەی بۆ سێ کەناڵی ئاسمانی دەرکرد. دوێنێش فەرمانی دەرکرد پەخشی یەکێک لەو کەناڵانە (کوردماکس شۆ) بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر رابگیرێت، چونکە پابەندی ئەو بڕیارە نەبووەو بەردەوام بووە لە پەخشکردنی بەرنامەیەکدا کە بەڕێوەبەرایەتییەکە "یاساغ!"ی کردووە.

پێشەکی با ئەوە بڵێم: من بە رێکەوت نەبێت هیچ یەکێک لەو بەرنامانەم نەبینیوە. زۆر بەدەگمەنیش تەماشای پەخشی ئەو کەناڵانە دەکەم، نەک لەبەر ئەوەی بە خراپیان دەزانم (ئەگەرچی لەو بینینە دەگمەنانەدا تێبینی ئێجگار زۆرم لەسەر پەیام و زمان و...هتد-یان بۆ دروست بووە)، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرنامەکانیان بابەتی گرنگیدانی من نین.

ناشمەوێ قسە لەسەر یاسایی بوون یاخود نایاسایی بوونی "فەرمانەکانی!" وەزارەتی رۆشنبیری بکەم، چونکە کاتی خۆی و لەسەروبەندی دەرچوونی رێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ (رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان)دا، قسەم لەسەر کردووە. لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێمەوە، ئەم رێنماییە مافی ئەوەی داوە بە بەڕێوەبەرایەتییەک لە وەزارەتی رۆشنبیری کە یەکلایەنانەو بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی داکۆکی لەخۆکردن بە کەناڵەکانی راگەیاندن رەوا ببینێت، لە بری دادگا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات‌و سزایان بدات‌! ئەمەیش، ئەوەندەی من بزانم تەنها لە (وەزارەتی راگەیاندن: وزارە الاعلام)ی سیستمە دیکتاتۆری‌و شموولییەکاندا هەبووەو هەیە.

ئەوەی لێرەدا بۆ من جێگای داخ و تێڕامانە، وەزارەتی رۆشنبیری کە بە بۆچوونی من دەبوو وەزارەتێک بێت داکۆکی لە ئازادییەکانمان بکات و زەمینەی گەشەسەندن و بەرفراوانبوونیان فەراهەم بکات، ببێتە یاساووڵێک کە "لیستی یاساغ و قەدەغەکانمان" بۆ بنووسێتەوەو ئەگەر پابەندی نەبین، بێڕەحمانە سزامان بدات! ئەگەر داواکاری گشتی کێشەی لەگەڵ بابەتی رۆژنامەیەک یان بەرنامەی کەناڵێک هەیە، با بفەرموێ ئەوە دادگا... بۆ دەبێ وەزارەتی "رۆشنبیری!" خۆبەخشانە خۆی بکات بە ئامێری سانسۆرو قەدەغەکردن؟

بێدەنگ بوون لەم رووداوە، بەخشینی شەرعییەت‌و تەسلیم بوونە بەو رێنماییە سەیرو سەمەرەیەی کاتی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان‌و لەکارخستنی ئەو مافانەی لە یاسای رۆژناژنامەگەریی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ کاری رۆژنامەگەری زامنکراون، داڕێژراوە... وەک پێشتر لە پاساوی داخستنی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)دا بینیمان.

Hits: 70
Category: