با تاوانی ئەنفال لەیاد نەکەین

سەردەشت محمد حسین

ساڵی ١٩٨٨ ئەو ساڵەی کەتیایدا، بەعس بەپێی بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و لەڕێگەی هێزێکی گەورەی سەربازی و عەسکەرییەوە بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد و سڕینەوەی ئاسەواری کورد لەسەر خاکەکەی و وێرانکردنی هەرچی گوندی کوردستانە ڕویی لەناوچە کوردیەکانی باشوری کوردستان کرد و لەماوەیەکی دیاریی کراودا و بەپێی ئەو بەرنامەیەیی بۆی دیاری کردبوو توانیی ١٨٢٠٠٠ هاوڵاتی کورد لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر ڕاگوێزی "نوگرە سەلمان" بکات و لەوێ زیندە بەچاڵیان بکات و هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار گوندی کوردستان خاپور بکات و هەرچی ئەوهاوڵاتیانەشە کە لەو تاوانە گەورەیەدا ڕزگاریان بوو بوو لە وجێگایانەدا کە ڕژێمی بەعس پێشوەختە و وەک دەست پێکی پلانەکەی ناوی لێنابون "ئۆردوگا" کۆکرانەوە و بەزۆر نیشتەجێ کران، کە ئەم نیشتە جێبونەش هیچی کەمتر نەبوو لە تاوانی گولە بارانکردن و زیندەبەچاڵ کردنی کەسوکارەکانیان، چونکە لێرە ژیان جیاوازیەکی ئێجگار گەورەی هەبو لەگەڵ ئەو گوند و هەردە و دەشتانەی کە گوندنشینان تیایدا لەدایک بون و وەک بەشێک لەڕۆحی خۆیان لێیان دەڕوانی، دروست کردنی ئۆردوگا پلانێکی هاکازایی و کوتوپڕ نەبوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە بابەتێکی بەرنامەبۆداڕێژرابو کەتیایدا بەعس دەیویست لەڕێگەی کۆکردنەوەیان لە ئۆردوگایەکی زۆرەملێدا بەئاسانی بیانخاتە ژێر چاودێری وردی خۆیانەوە و وەک بەندینخانەیەکی گەورە تیایدا ئازاری دەرونی ڕزگاربوانی دەدا.

لە ئێستادا و دوایی تێپەڕبونی ٣٣ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە گەورەدا کەوێنەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ئێجگار کەمە، لەبری هەوڵدان بۆ گەورەکردنی وێنەی تاوانەکە و ناساندنی بە دونیایی دەرەوە و ناچارکردنی وڵاتەزلهێز و خاوەن بڕیارەکان بۆ ئەوەی دان بەوەدابنێن کە ئەم تەوانە جینۆسایدە و دەرهەق بە میللەتێک کراوە بۆ سڕینەوەیان لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیان، کەچی ئێستا خۆمان بوین بەبەشێک لەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ بچوک کردنەوەی تاوانێکی وەها گەورە.

ڕەنگە لێرەدا بپرسین چۆن دەکرێت میللەتێک کە تاوانێکی گەورەی وەها کەم وێنەی دەرحەق کراوە خودی خۆی هەوڵی بچوکردن و کەمکردنەوەی سەنگ و قورسایی ئەو تاوانە دەدات؟ سەرەتایی وەڵامەکەم بەوە دەست پێدەکەم کە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لەڕوی ناوهێنانەوە، گەورەیی ئەوتاوانە پیشانی ناوخۆ و دەرەوەی خۆمان بدەین، بەداخەوە تاوەکوئێستاش بەشێک لەنوسەران و ڕۆژنامەنوسان و سیاسی و تەنانەت کەسوکاری قوربانیەکان هێشتا بە تاوانێکی وەها گەورە و پڕ مەترسی دەڵێین (کارەساتی ئەنفال) و بە کەسوکاری قوربانیانیش دەڵێین (پاشماوەی ئەنفال) ئەگەر بەوردی لەم دوو دەستەواژەیە بڕوانین ئەوا دەگەین بەو ڕاستییەی کەبەڵێ ئەم جۆرە لە ناوهێنان غەدرێکی گەورەیە کە خودی خۆمان دەرحەق بە تاوانێکی وەها گەورە و بەرنامە بۆداڕێژرا و بەکاریی دەهێنین کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە بێئاگایی و نزمی ئاستی هۆشیاری هەمو ئەوکەسانە دەردەخات کە بەو جۆرە باس لە تاوانی ئەنفال دەکەن، چونکە زۆرینەمان دەزانین ووشەی ( کارەسات ) لەگەڵ ناوهێنانی ڕوداوێکی سروشتی و لەناکاودا بەکاردێت نەک بۆ تاوانێک کە پێشوەختەو بەمەستی سڕینەوەی نەتەوەیەک بەرنامەی بۆ داڕێژراوبێت.

هەروەها ووشەی ( پاماوەش) بۆ شتگەلێک بەکاردێت کەهیچ سودێکی نەمابێت و ئەو گرنگی و بایەخییەی جارانی لەدەست دابێت و ئامادەی فڕێدان کرابێت، کەئەمەش دیسانەوە تاوانێکە دەرحەق بەتاوانی ئەنفال و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکرێت، یەکێکی دیکە لەو هەنگاوە هەڵانەی کە خودی خۆمان بەدرێژایی ئەم چەندین ساڵە بە ئاراستەی لەقاڵبدان و بچوکردنەوە و کەم کردنەوەی قورسایی تاوانی ئەنفال ناومانەوە، بریتییە لە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆیادکردنەوەی تاوانی ئەنفال و دواتر پەراوێزخستنی ئەم پرسەگرنگە تائەوکاتەی لەهەمان ڕۆژ و بەرواردا باسی لێوە دەکەینەوە، کە ئەمەش وادەکات تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال، لەزهنی نەوەی نوێدا وەک هەمان ئەو ڕۆژ و بەروارانە وێنای بکەن کە بۆ " ڤالانتاین و ڕۆژی زمان و ڕۆژێک کە بەناوی ڕۆژی دایکان و ڕۆژێک بۆ پەرستاران و هتد..

دیاری کراوە، کەئەمەش وادەکات لەسەنگوقورسایی تاوەنی ئەنفال کەمبکاتەوە، بگرە ببێت بەفاکتەرێک بۆ لەیادکردنی ئەو تاوانە هەروەها وەلانانی داوەکاریەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە داوای دادگایی کردنی هەمو ئەو کەسانە دەکەن کەدەستیان هەبووە لەم تاوانە گەورەیەدا وادەکات تەنانەت خودی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالیش لەم هەمویادە دوبارەیە بێزار و نیگەرانن بن، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال بەهەمان میکانزم و شێوازی ساڵانی پێشوتر دیسانەوە هۆکاربێت بۆ ئەوەی خەڵکی نگەرانبن و ساڵ لەدوای ساڵ یادکردنەوەکە ئەو گڕوتینەی خۆی لەدەست بدات،.

هۆکارەکانی بچوک کردنەوە و لەقاڵبدانی وەهاتاوانێکی گەورە و کەموێنە زۆرن، بەڵام دەکرێت ئیدی لێرەبەدوا کۆتایی بەم گرفتە گەورەیە بێنین و جارێکی دیکە بەرگێکی دیکە بەبەری ئەم تاوانەدا بکەین کە هۆکاربێت بۆ زیندوهێشتنەوەی لە زهنو بیری نەوەکانی ئێستاماندا و بۆ ئەوەی لەداهاتوشدا نەوەکانمان نەتوانن لەبیریان بچێتەوە، دەکرێت حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەردەوام بەکەسوکاری قوربانیانی ئەنفال کاربکەن بۆ زیندو ڕاگرتنی ئەوتاوانە نەک تەنها لەساڵیادەکاندا، دەبێت حوکمەتی هەرێم لەڕێگەی پێدانی پارێزبەندی(حەصانە) بە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لەخەمو ئازاری کەسوکاری ئەنفالکراون کەمبکاتەوە، ئەمە جگەلەوەی دەبێت لەڕێگەی پەروەردەوە حکومەت لەنێو قوتابخانەو زانکۆ و پەیمانگاکاندا وانەیەکی تایبەت بە تاوانی ئەنفال و هەمو ئەوتاوانانەی دیکە کە دەرحەق بەگەلی کورد کراوە تەرخان بکات و لەڕێگەی پەروەردەوە کار لەسەر بەزیندو هێشتنەوەی تاوانی ئەنفال بکات، لەپاڵ ئەمانەشدا دەبێت حوکمەت و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و لایەنی پەیوەندیدار هەستن بە دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی ئێجگار گەورە بەمەبەستی پاراستنی هەمو ئەو وێنەو کەلوپەل و کەرستانەی کەدوای خۆیان بەجێیان هێشتووە، بۆئەوەی لەخەم و ئازاری کەسوکاری قوربانیان کەمبکرێتەوە و فشارەکانی سەردەرونیان نەهێڵرێت دەبێت لانی کەم لە کوردستاندا دوو نەخۆشخانەی تایبەت بەهەمو پێداویستیەکانیانەوە بخرایەتە خزمەت کەسوکاری قوربانیانەوە ئەمە جگە لەوەی دەبو ساڵانە هانی هونەرمەندانی کوردستان بدرایە بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی تایبەت لەو بارەیەوە، چونکە ئێستا هونەر سنوری هەمو وڵاتانی بڕیوە و هونەر دەتوانێت باشتر خزمەت بەکەیسێکی وەهاگەورەبکات و بەدونیای دەرەوەی بناسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بە بەردەوامی ئەم تاوانە لەڕێگەی میدیاوە بەگوێی دونیای دەرەوەدا بدەین و هەروەها لەڕێگەی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کەیسی ئەنفال و هەمو ئەو دامودەزگا و ڕێکخراوە جیهانیانەوە کە لەدەرەوە لەبوری ناساندن و زیندوهێشتنەوەی تاوانە جیهانیەکانی وەک "هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنیەکان " و، هتد...

دا کاردەکەن کارمان بۆ ناساندن و زیندوهێشتنەوەی "تاوانی ئەنفال" بکردایە، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەم هەنگاوانە نەنراون و ئەگەر نرابیشن لەئاستی پێویستدانین، بۆیە پشتگوێ خستنی تاوانی ئەنفال و هێشتنەوەی لەیەکبازنەدا وادەکات لەداهاتوودا مەترسی لەبیرچونەوەی ئەم تاوانە بێتەئاراوە و نەوەکانی داهاتوومان بێئاگابن لەڕودانی تاوانێکی وەها گەورە کەوێنەی لەمێژوی مرۆڤایەتیدا ئێجگار کەمە.

Hits: 24
Category: