گۆران جەلال :هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر فەلسەفەی کارکردنی کابینەکانی حکوومەتدا نایەت

لەم دیمانەیەدا، گۆران جەلال ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکیشانی کوردستان،بۆ ماڵپەڕی ڕێگای كوردستان ڕای دەگەیەنێت؛ فەلسەفەی کارکردن و بەڕێوەبردنی کابینەی نوێ، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابینەکانی دیکەی پێش خۆی نییە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کابینەی نۆیەم خۆی ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەو شێوە پەرتەوازەییە قورسە و ئەگەری کاردانەوە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، جەختیش دەکاتەوە، جگە لەنەوت هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی زۆرە، بەڵام گرفت لە ڕێکخستنەوەی داهاتەکاندایە.

رێگای كوردستان :حکوومەتی نوێ کە لەچەند لایەنێکی جیاواز پێکهاتووە، هیچ کارنامەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەسەر بنەمای هەڵمەتی هەڵبژاردن بنیاتنرابێت؟

گۆران جەلال : ئەو کارنامەیەی لە ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بینیمان، پێکهاتەیەکە لە داواکارییەکانی هەموو لایەنەکان، خاڵی سەرەکی کارنامەکە جەختکردنەوەیە لە چاکسازی و بە سیستماتیککردنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و حکوومەتی نوێ بەشێکی کارنامەکەی خۆی جێبەجێ بکرێت، هەنگاوێکی گرنگ و باش دەبێت.

ڕێگای كوردستان : کارنامەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاچەند دەتوانێت قۆناغی وتار تێپەڕێنێت و بچێتە بواری کردەییەوە؟ یان هاوشێوەی کابینەکانی دیکە تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا دەمێننەوە؟

گۆران جەلال :هیوادارم کارنامەکە قۆناغی وتار و بەڵێن تێپەڕێنێت، چونکە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان (ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی) و دۆخی ناوچەکە ئەوە دەخوازێت کە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت حکوومەت حکومڕانی خۆی بکات، دوور بێت لە دەستێوەردانی حزبی و فەرزکردنی حزب بەسەر حکوومەتەوە، هێنانەکایەی لانی کەمی عەدالەت لە هەرێمی کوردستان، نەک بەڕێوەبردنی هەرێم لەسەر بنەمای حزبی بوون، بە هیواین حکوومەتێک بێت بتوانێت ئابوورییەکی سەقامگیر بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، لانی کەم بتوانێت مووچە و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، حکوومەتی نوێ خۆی ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەو شێوە پەرتەوازەییە قورسە و ئەگەری کاردانەوە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.

ڕێگای كوردستان : بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتە بنەڕەتییەکان و جیانەکردنەوەی کێشەی سێکتەرە جیاوازەکان تاچەند وا دەکات کارنامەی حکوومەت لە بەڵێن تێنەپەڕێت؟

گۆران جەلال : ئەوەی من تێبینم کردووە دەست بۆ هەموو سێکتەرەکان نەبراوە، بە پێچەوانەوە چەند سێکتەرێک دیاریکراوە بۆ ئەوەی چاکسازییان تێدا بکرێت، منیش بۆچوونم وایە ئەگەر حکوومەتی هەرێم پێی وابێت دەتوانێت لەماوەی چوار ساڵدا کێشەی سەرجەم سێکتەرەکان چارەسەر بکات، کارێکی ناواقعییە، بەڵام پێویستە لە سێکتەرە بنەڕەتی و گرنگەکان کار بکرێ، بە بۆچوونی من پێویستە حکوومەتی نوێ لە سێکتەری پەروەردە، تەندروستی و دادگاوە دەست پێبکات، چونکە دوای چارەسەرکردنی گرفتی ئەم سێکتەرانە چاکسازی لە سێکتەرەکانی دیکە ئاسان دەبێت.

ڕێگای كوردستان : هێشتا پرسی نەوت یەکلایی نەکراوەتەوە، بەبێ بوونی هیچ بودجەیەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارنامەکەی جێبەجێ بکات؟

گۆران جەلال : جگە لە نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی زۆرە، بەڵام گرفتەکە لە ڕێکخستنەوەی داهاتەکاندایە، نەتوانراوە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، ناسیستماتیک و گەندەڵییەکی زۆر لە سەرچاوەکانی داهات هەیە، ئەگەر کابینەی نۆیەم بتوانێت سەرچاوەی داهاتە ناوخۆییەکان ئاشکرا بکات و کۆیان بکاتەوە کە خۆی جەخت لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکاتەوە، ئەگەرنا لەدوای ڕیفراندۆمەوە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە وابەستەیە بە عێراقەوە، عێراق وەکو دەوڵەتێکی مەرکەزی لەسەریەتی ئەرکەکانی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، بە هەمان شێوە هەرێمی کوردستانیش کە پێی وایە بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق دەبێت ئەرکەکانی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ بکات، بۆیە لە هەردوو بارەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی بودجە و سەرچاوەی داهات، لانی کەم بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێویستە پابەندی ڕێککەوتننامەکان بێت.

ڕێگای كوردستان : پرسی نەوت یەکێک بووە لە گرفتەکانی لانی کەمی 10 ساڵی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا، پێت وایە ئەم گرفتە بەردەوامی دەبێت؟

گۆران جەلال : لەڕاستیدا من نازانم حکوومەتی نوێ دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات یاخود نا، بەڵام ئەم گرفتە پرسێکی لە پێشینەیە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک هەیە کە مەلەفی نەوت لە عێراقیش ئەوەندە شەفاف و خاوێن نییە، سەرباری ئەوەی کە مەلەفی نەوتی هەرێم یەکێک بووە لە مەلەفە پڕ کێشەکان.

ڕێگای كوردستان : پێت وایە ئەم کابینەیەش لەسەر بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان و ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە لە کابینەکانی دیکەدا پەیڕەو کراوە بەردەوام بێت، ئەمە تاچەند بەزیان بەسەر هاووڵاتییاندا دەشکێتەوە، ڕۆڵی هێزە چەپەکان چی دەبێت لەم ڕووەوە؟

گۆران جەلال : فەلسەفەی کارکردن و بەڕێوەبردنی کابینەی نوێ، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابینەکانی دیکەی پێش خۆی نییە، هەمان ئەو فەلسەفەیەیە کە بڕوای بە بازاڕی ئازاد، کەرتی تایبەت، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و کردنی کوردستان بە بازاڕێک کە هەموو کەسێک وەبەرهێنانی تێدا بکات، ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت، چونکە بیرمان نەچێت ئەم کابینەیەش هەمان ئەو هێزانەن کە پێشتر دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، هێزی دیکەی نوێ نەهاتووە فەلسەفەی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی جیاواز بێت لەوانی دیکە، بۆیە پێم وانییە لەم ڕووەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووبدات، ئێمە وەکو خەڵکی چەپ و عەدالەتخواز، لەو باوەڕەداین ئەگەر ئەم سیستەمەش بەردەوامی دەبێت پێویستە بەیاسا ڕێک بخرێت، نەک وەکو ئێستا کەرتی تایبەت کراوەتە مافیای ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، لە هەموو ئەو سێکتەرانەی کەرتی تایبەت کاری تێدا دەکات، هاووڵاتی زەرەرمەندی یەکەمە، بۆ نموونە بازرگانی، لە خۆراک، دەرمان، کۆمەڵێک گرفتی گەورەی تێدایە، ئەگەر حکوومەتی هەرێم فەلسەفە و سیاسەتی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت، دەتوانێت ڕێکیبخات وەکو هەر دەوڵەتێکی سەرمایەداری، هەرچەندە ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی ئێمە وەکو هێزە چەپەکان کۆک نییە، بەڵام باشترە لەو بازاڕە مافیاییەی کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

ڕێگای كوردستان : جگە لە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستاندا، ژمارەیەک هێزی چەپیش لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، ئەمانە دەتوانن چی بکەن بەتایبەت لە پەیوەست بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان؟

گۆران جەلال : هەموو ئەو هێزانە دەتوانن چاودێر بن بەسەر حکوومەتەوە، تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو هێزانەشی کە چوونەتە ناو حکوومەتەوە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ببنە چاودێر، بەڵام ڕەنگە جۆری چاودێری لایەنەکانی ناو حکوومەت، ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەپەکان جیاواز بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هێزە چەپەکان، چ ئەوانەی لەناو پەرلەمانن و چ ئەوانەشی لەدەرەوەن، لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە، لەڕێگەی بەرنامە و کاری هاوبەشەوە، پێشکەشکردنی پڕۆژەی تایبەت و تێزی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و داکۆکیان لێ بکەن، دژی هەموو ئەو پڕۆژانە بوەستنەوە کە بە زیان بۆ هاووڵاتییان دەشکێنەوە و ڕای گشتی لەم ڕووەوە هۆشیار بکەنەوە

دیمانە : ئاودێر

ب - س

Hits: 229
Category: