كۆرۆناڤایرۆس: "ئەوەی ئەوان باسی ناكەن"

چاوپێكەوتن لەگەڵ: ڕۆب واڵاس، بایۆلۆژیستی پەرەسەندن

سازدانی: یاك پابست-بەرلین

و. پێشڕەو محەمەد

كۆرۆناڤایرۆس جیهان دەخاتە ناو حاڵەت و بارودۆخی شۆك و هەژانەوە. بەڵام، حكومەت لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەی هۆكارە بنچینەییەكانی پەتا جیهانییەكە، پەنا دەباتە بەر هەنگاوە لەناكاو و نائاساییەكان. لێرەدا گفتوگۆ لەگەڵ بایۆلۆژیستی بواری پەرەسەندن، ڕۆب واڵاس دەكەین دەربارەی مەترسییەكانی كۆڤید-19، بەرپرسیارێتیی پیشەسازیی كشتوكاڵیی و چارەسەرە بەرگەگیراوەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە كوشندەكان.

پرسیار: كۆرۆناڤایرۆسی نوێ چەندە مەترسیدارە؟

وەڵام ڕۆب واڵاس: پەیوەندیی بەوەوە هەیە لە كاتی بڵاوبوونەوە و دەركەوتنی شوێنی كۆڤید-19 تۆ لەكوێیت: ئایا ئەم پەتا جیهانییە تەنها سەرەتایەتی، گەیشتووەتە لوتكەی خۆی، یان لەدوایین پۆناغی خۆیدایەتی؟ چەندە بەباشیی سیستەمی تەندروستیی لە ناوچەكەدا وەڵام دەداتەوە؟ تەمەنت چەندە؟ ئایا سیستەمی بەرگریی لەشت بەرگەنەگر و لاوازە؟ بارودۆخی گشتیی تەندروستیت چۆنە؟ پرسیاركردن لە ئەگەرێكی ناقابیلی دەستنیشانكردن: ئایا جێنەتیكی بۆماوەیی بەرگرییت، ئەو جێنەتیكانەی دەكەونە ناو سیستەمی بەرگریتەوە، دەرەقەتی ڤایرۆسەكە دێن یان نا؟

پرسیار: كەواتە هەموو ئەم هاتوهاوارە دەربارەی ڤایرۆسەكە تەنها لەپێناوی دروستكردنی ترسدان؟

وەڵام: نا. بەدڵنیاییەوە نا. ڕێژەی حاڵەتی مردن (case fatality rate)ی كۆڤید-19 لەسەرەتای دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی لە شاری ووهان لەنێوان 2% بۆ 4%ی خەڵكانی تووشبوو دابوو. لەدەرەوەی ووهان، ڕێژەی حاڵەتی مردن پێدەچوو لە 1% بێت و تەنانەت كەمتریش. بەڵام ئێستا لە شوێنانی دیكەش ڕێژەكە زۆر بەرزە، بۆ نموونە ئێستا لە ئیتاڵیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەم ڕێژانەی مردن پێناچێت بەراورد بە لە 10%ی ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی سارس، بەرزتر بن، "هەڵامەتی ئیسپانیی" لە 1918 گەیشتە 5% بۆ 20%، "ئەنفلۆنزای باڵندە" (H5N1) 60% یاخود لە هەندێك شوێندا ئیبۆلا 90%ی مردنی ئەوانەی بەدواوە بوو كە تووشببوون. بەڵام ئەم ڤایرۆسە بەرزترە لە 0.1%ی ڕێژەی حاڵەتی مردنی ئەنفلۆنزای وەرزیی. لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەكە تەنها لە ئاستی ڕێژەی مردندا نەماوەتەوە. ئێمە دەبێت سەیری ئەو شتە بكەین كە پێیدەگوترێت دزەكردن یاخود ڕێژەی هێرش و پەلامار بۆسەر كۆمەڵگا. بە مانایەكی دیكە: چەندە ڕێژەیەكی گەورەتری دانیشتووانی جیهان لە پێشەوە ڤایرۆسەكە هەڵدەگرن؟

پرسیار: دەتوانیت زیاتر ئەمە ڕوون بكەیتەوە؟

تۆڕی گەشتكردنی جیهانیی لە ئاستی بەرز دایە. لەبەرئەوەی هێشتا نە ڤاكسین نە ئەنتی ڤایرۆسی تایبەت دژ بە ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا بوونیان هەیە، نە هیچ پارێزبەندییەكی بەهێز بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە، تەنانەت بە ڕێژەی 1%ی حاڵی مردن لەنێو تووشبوانیشەوە دەكرێت هەڕەشەیەكی مەترسیدار و بەرچاو بێت. لەڕوانگەی كاتێكی تەشەنەكردن لە ماوەی دوو حەفتەدا و دەركەوتنی ئەو نیشانانەی ڕوویانداوە پێش بڵاوبوونەوەی ڕاستەقینەی نەخۆشییەكە – واتا پێش ئەوەی بزانین ئایا تەنانەت خەڵك تووشبوون یان نا – لەوانەیە تەنها چەند شوێنێك لە جیهاندا هەبن تووش نەبووبێتن. بۆ نموونە ئەگەر كۆڤید-19 1% لە چوار ملیاری خەڵك بكوژێت، ئەوا ڕێژەی مردن دەبێتە 40 ملیۆن. ڕێژەیەكی سەدیی كەمی ژمارەیەكی گەورە هێشتا دەتوانێت ژمارەیەكی گەورە بێت.

پرسیار: ژمارەیەكی زۆری ترسێنەر بۆ بەڕواڵەت نەخۆشییە كەمتر خراپەكان هەن...

وەڵام: بێگومان و ئێمە تەنها لە سەرەتای ڕوودان و دەركەوتنی داین. زۆر گرنگە لەوە تێبگەین كە زۆرێك لە تووشبوونە تازەكان بەدرێژایی ڕەوتی نەخۆشییەكان دەگۆڕێن. تووشبوون، كوشندەیی یاخود لاوازبوون. لە لایەكی دیكەوە، دەركەوتنەكانی دیكە كوشندەبوونی نەخۆشییەكە زیاتر دەكەن. یەكەم شەپۆلی پەتای جیهانیی ئەنفلۆنزا لە بەهاری 1918 بەشێوەیەكی ڕێژەیی، تووشبوونێكی ئاسایی و نەرمی بەدواوە بوو. ئەوە دووەم و سێیەم شەپۆلی ئەو زستانە و 1919 بوو كە ملیۆنان كەسی كوشت.

پرسیار: بەڵام گومانكارانی نەخۆشییە درمەكان دەڵێن خەڵكێكی زۆر كەم تووش هاتوون و خەڵكێكی زۆر كەمتر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مردوون بەراورد بە ئەنفلۆزا وەرزییەكانی دیكە. بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە؟

وەڵام: ئەگەر ئەم دەركەوتنە ئاوا ببێت دەبێت جەژنی بۆ بگێڕین. بەڵام ئەو هەوڵانەی بۆ بەكەمگرتنی كۆڤید-19 وەك مەترسییەكی مومكین دەدرێن بە بەراوردكردنی بە پەتاكانی دیكە، بەتایبەت ئەنفلۆنزا، ئامرازێكی بەلاغیین بۆ زیادكردنی خەم و دڵەڕاوكێ دەربارەی كۆرۆناڤایرۆس.

پرسیار: كەواتە بەراوردكردن بە ئەنفلۆنزای وەرزیی، بەراوردكردنێكی لەنگە...

وەڵام: مانابەخشە ئەگەر نەخۆشییەكان بەراوردی دوو بەشی جیاوازی دەركەوتەی نەخۆشییەكان بكەین. بەڵێ، ئەنفلۆنزای وەرزیی ملیۆنان كەس لە ئاستی دونیادا تووش دەبن، دەمرن، و بەگوێرەی خەمڵاندنی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، لەسەرووی 650 هەزار كەس لە ساڵێكدا دەمرن. بەڵام كۆڤید-19 تەنها خەریكە گەشتی نەخۆشیناسانەی خۆی دەستپێدەكات. و بەپێچەوانەی ئەنفلۆنزاوە، نە ڤاكسینمان بۆی هەیە نە پەردەیەكی بەرگریی بۆ هێواشكردنەوەی تووشبوون و بەرگریكردن لەو خەڵكانەی دەكرێت بە ئاسانیی تووش ببن.

پرسیار: تەنانەت ئەگەر بەراوردكردنیش سەرلێتێكدەر بێت، هەم نەخۆشییەكان سەر بە ڤایرۆسەكانن، تەنانەت بە گروپێكی زۆر تایبەتەوە، واتا ڤایرۆسەكانی RNA (Ribonucleic acid). هەم دەبنە هۆی نەخۆشیی. هەم ئاسەوار لەسەر دەم و قوڕگ بەجێدەهێڵن و هەندێكجار جگەر و گورچیلەش. هەروا بەتەواوییش زوو دەگوازرێنەوە.

وەڵام: ئەمانە كۆمەڵە لێكچوونێكی ڕواڵەتیین كە بەشی هەرە بنچینەیی و تایبەتی ناو بەراوردكردنی دوو نەخۆشییەكە لەبیر دەكەن. ئێمە شتێكی زۆر دەربارەی داینامیكەكانی ئەنفلۆنزا دەزانین. كەمێكیش زانیارییمان لەسەر كۆڤید-19ـەكان هەیە. ئەوانە هەنگاویان ناوەتە ناو هەرێمی نەناسراوییەوە. لەڕاستیدا، شتێكی زۆر هەیە دەربارەی كۆڤید-19 كە تەنانەت قابیلی ناسین نییە هەتا بەتەواویی ڕوونەدات. لەهەمانكاتدا، زۆر گرنگە لەوە تێبگەین كە ئەمە پەیوەندیی بە ئەنفلۆنزای ڤایرۆسەكانی كۆڤید-19ـەوە نییە. ئەمە بەڵكو كۆڤید-19 و ئەنفلۆنزایە. دەركەوتنی ژمارەیەكی زۆری توانای تووشكردن و بەردەوامبوونی نەخۆشییەكە، و هێرشكردنە سەر دانیشتووان بە فراوانیی، دەبێت ببێتە نیگەرانیی یەكەم و سەرەكیی.

پرسیار: ساڵانێكی زۆرە لێكۆڵینەوە لە نەخۆشییە درمەكان و هۆكارەكانیان دەكەیت. لە كتێبەكەتدا "كێڵگە گەورەكان ئەنفلۆنزا گەورە دەكەن" هەوڵدەدەیت ئەم پەیوەندییانە لەنێوان پراكتیكەكانی پیشەسازیی كشتوكڵیی، كشتوكاڵیی ئۆرگانیی و درمناسیی ڤایرۆسیدا دروست بكەیت. بۆچوونەكانت چین؟

وەڵام: مەترسیی ڕاستەقینەی هەر دەركەوتنێكی نوێی نەخۆشیی شكستە –یاخود بە دەربڕینێكی باشتر – ڕەتكردنەوەی گونجاو بۆ تێگەیشتن لەوەی هەر كۆڤید-19ـەیەكی تازە ڕووداوێكی دابڕاو و سەربەخۆ نییە. ڕوودان و دەركەوتنی ڕوولەزیادی ڤایرۆسەكان بەشێوەیەكی هەرە نزیك بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی خۆراك و قازانجویستیی كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكانەوە. هەركەسێك بیەوێت لەوە تێبگات بۆچی ڤایرۆسەكان زیاتر و زیاتر مەترسیدار دەبن دەبێت لێكۆڵینەوە لە مۆدێلی پیشەسازیی كشتوكاڵیی و زۆر بەتایبەتیش، لە بەرهەمهێنانی كەرەستەی خۆراكیی بكات. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، چەند حكومەت و چەند زانایەكی كەم، ئامادەن ئەم كارە ئەنجام بدەن. بەڵام پێچەوانەكەی تەواو ڕاستە.

كاتێك نەخۆشییە درمەكان دەردەكەون، حكومەتەكان، میدیا و تەنانەت زۆربەی دامەزراوە پزیشكییەكانیش بەتەواویی تەركیز دەكەنە سەر هەر یەكێك لە دەركەوتەكان بەشێوەی جیا جیا و دابڕاو، ئەو هۆكارە بنچینەییانە فەرامۆش دەكەن كە فڕێدەدرێنە نێو ژمارەیەكی زۆری نەخۆشییە پەراوێزخراوەكانی جیهان، یەك بەدوای یەكدا.

پرسیار: دەبێت كێ سەرزەنشت بكرێت؟

وەڵام: گوتم پیشەسازیی كشتوكاڵییە، بەڵام ئامانجێكی گەورەتر بۆ ئەمە هەیە. سەرمایە پێشەنگی هێرشكردن و لەناوبردنی زەوییەكانە تا نێو دوایین دارستانی سەرەتایی و كۆن و مەزرا و كێڵگە بچووكەكان لە ئاستی جیهاندا. ئەم سەرمایەگوزارییانە دەبنە هۆی وێرانكردنی دارستانەكان و ئەم گەشەسەندنانە دەبنە هۆی دەركەوتنی نەخۆشیی و درمەكان. جۆرایەتیی و ئاڵۆزیی كاركردنی ئەم كاریگەرییە زۆرانەی زەویی بەجۆرێك كاریگەریی دادەنێن كە نەخۆشییە شاراوەكانی پێشوو ئێستا دزەدەكەنە نێو كەرەستەی خۆراكیی و كۆمەڵە مرۆییەكانەوە. بە كورتیی، سەنتەرەكانی سەرمایە، شوێنەكانی وەك لەندەن، نیویۆرك، و هۆنگ كۆنگ، دەبێت وەك خاڵی چڕبوونەوەی سەرەكیی نەخۆشییە كوشندەكان سەیر بكرێن.

پرسیار: ئەمە حاڵەتی كام نەخۆشییانەیە؟

وەڵام: سەرمایە بەدەر لە نەخۆشییەكان لەم خاڵەدا بوونیان نییە. تەنانەت دوورترینیشیان تووش دەبن، ئەگەر زۆریش دوور بن لە سەنتەرەوە. ئیبۆلا، زیكا، كۆرۆناڤایرۆسەكان، تا و زەرهەڵگەڕانی دووبارە، جۆرێكی ئەنفلۆنزای باڵندە، و ئەنفلۆنزای بەراز لەنێو ئەو زۆر و زەوەند نەخۆشییە ڤایرۆسییانەن كە ڕێگای خۆیان لە دوورەدەترین ناوچە كەنارییەكانەوە بەرەو ئەڵقەی شارەكان و پایتەختی هەرێمەكان و دواجار بۆ نێو تۆڕی گەشتی جیهانیی. لە شەمشەمەكوێرەی میوەخۆرەوە بۆ كۆنگۆ بۆ كوشتنی كەسانی خۆبەرتیشكی خۆری میامی لە ماوەی چەند حەفتەیەكدا.

پرسیار: ڕۆڵی كۆمپانیا فرەنەتەوەكان لەم پرۆسەیەدا چییە؟

وەڵام هەسارەی زەویی، بەشێوەیەكی گەورە لەم پنتەدا هەسارەی كێڵگەیە، هەم زیندەوەران و هەم زەوی بەكارهێنراو. پیشەسازیی كشتوكاڵیی دەیەوێت گۆشەی بازاڕی خۆراك بگرێت. بەنزیكەیی سەرجەمی پڕۆژەی نیۆلیبراڵیزم لەدەوری ئامانجی پشتیوانكردنی هەوڵی ئەو كۆمپانیایانە ڕێكدەخرێت كە لەسەر بنەمای وڵاتانی پێشكەوتووی پیشەسازیی دامەزراوە تا زەوی و سەرچاوەكانی وڵاتانی لاوازتر تاڵان بكات. وەك دەرەنجامێكیش، زۆربەی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیی/بەكتریاییە تازانەی پێشتر لەڕێگای ئیكۆلۆژییە ماوەدرێژە دارستانییەكاندا دەپشكنران و هەڵدەگیران، ئێستا پەرتەوازە دەبن و ئازادانە بڵاودەبنەوە و هەڕەشە لە هەموو جیهان دەكەن.

پرسیار: كاریگەرییەكانی میتۆدەكانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی كشتوكاڵیی لەسەر ئەمە چییە؟

وەڵام: كشتوكاڵی ئاراستەكراو لەلایەن سەرمایەوە كە شوێنی ئیكۆلۆژییە تەواو سروشتییەكانی گرتووەتەوە، كۆمەڵە ئامرازێكی وەها فەراهەم دەكات كە بەهۆیەوە نەخۆشییە ڤایرۆسیی/بەكترییەكان دەتوانن گەشە بە كوشندەترین نەخۆشییەكان و  فۆنۆتیپە نەخۆشیی و تووشبووەكان بدەن. تۆ سیستەمێكی لەمە باشترت بۆ پەروەردەكردنی نەخۆشییە كوشندەكان هەرگیز دەستناكەوێت.

پرسیار: چۆن؟

وەڵام: گەشەسەندنی مۆنۆكەڵچەرە (زراعە أحادیە) جەنەتیكییەكانی ئاژەڵە ماڵییەكان ئەو بەرگرییە جەستەییە لەناو دەبات كە دەكرێت گواستنەوەی نەخۆشییەكان هێواش بكاتەوە. [بەم هۆیەوە] دانیشتووانێكی بەرفراوانتر قەبارە و فرەیی ڕێژەیەكی گەورەتری گواستنەوەی نەخۆشییەكان ئاسانتر دەكەن. ئەمجۆرە هەلومەرج و بارودۆخە قەرەباڵغانە وەڵامی بەرگریی لەش لاواز و تووشی كێشە دەكەن. بەشێوەیەكی فراوان، هەر بەشێكی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی، بە بەردەوامی خواستی تازەكراوی هەستیاریی فەراهەم دەكات، واتا جۆرە خۆراكێك بۆ پەرەسەندنی نەخۆشییە كوشندە ڤایرۆسییەكان. بە مانایەكی دیكە، پیشەسازیی كشتوكاڵ هێندە تەركیز دەخاتە سەر ئەو قازانجانەی دەبنە هۆی ڤایرۆس، كە هەڕەشەی كوشتن و لەناوبردنی ملیارێك مرۆڤ دەكات، دەكرێت وەك ڕیسك و مەترسیی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بكرێت.

پرسیار: چی؟

وەڵام: ئەم كۆمپانیایانە تەنها خەریكی بەدەرەكییكردنی تێچوونەكانی كردەوە مەترسیدارەكان (لەڕوانگەی نەخۆشیناسییەوە)ی خۆیانن لەسەر هەموو كەسێك. لە خودی ئاژەڵانەوە بۆ بەكاربەران، كرێكارانی سەر كێڵگەكان، ژینگە لۆكاڵییەكان و بوارەكانی یاسادانی حكومەتەكان. لەناوچوون و وێرانبوونەكان هێندە زۆر و فراوانن كە ئەگەر ئەم تێچوونانە لە باڵانسی كۆمپانیاكان بوایە، ئەوا وەك دەزانین پیشەسازیی كشتوكاڵیی بۆ هەمیشە كۆتایی دەهات. هیچ كۆمپانیایەك پشتیوانیی لە تێچوونەكانی ئەو كاولكارییە ناكات كە خۆی هۆكارەكەی بووە.

پرسیار: لە زۆربەی میدیاكاندا بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە خاڵی دەستپێكی كۆرۆناڤایرۆس لە "بازاڕێكی سەیر و سەمەرەی خۆراك" بووە لە ووهان. ئایا ئەم بابەتە تا چەند ڕاستە؟

وەڵام: بەڵێ و نەخێر. نیشانەیەكی زۆری شوێنیی هەن سەبارەت بەم بابەتە. شوێنپێ هەڵگرتنی ئەوانەی تووشبوون دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی خواردنی دەریایی بەكۆ لە ووهان، كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان دەفرۆشرێن. نموونەی ژینگەیی و ئینڤایرۆمێنتیی وادەردەكەوێت ئاماژە بە بەشی كۆتایی خۆرئاوای بازاڕەكە بكات كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان هەڵدەگیرێن.

بەڵام دەبێت چەند بگەڕێینەوە دواوە و چەندە بە بەفراوانیی لێكۆڵینەوە بكەین؟ هەر بەڕاستیی و كتومت دەركەوتنی ڤایرۆسەكە كەی دەستیپێكرد؟ تەركیزخستنە سەر بازاڕەكە ڕیشە و سەرچاوەكانی پیشەسازیی دڕندە و تێكدەر لە وڵاتە كەنارییەكان و بە سەرمایەكردنە بەردەوام و ڕوولەزیادەكەی لەبیر دەكات. بەشێوەیەكی جیهانیی، و لە چین، خواردنی كێویی بەردەوام وەك كەرتێكی ئابووریی، زیاتر ئاسایی دەبێـتەوە. بەڵام پەیوەندییەكەی بە كشتوكاڵی پیشەسازییەوە بەسانایی دەچێتە ئەودیوی هاوبەشكردنی هەمان كیسەكانی پارەوە. وەك پیشەسازیی بەرەمهێنان و پەروەردەكردنی بەراز، پەلەوەر و فراوانكردنی هاوشێوەكانی بۆ نێو دارستانە سەرەتاییەكان، فشار دەخاتە سەر بكەرانی خۆراكی كێویی تا زیاتر و زیاتر دارستانەكان لە دانیشتووانە ڕەسەنەكەی پاك بكەنەوە و ئاستی زەوییەكەی بۆ نەخۆشیدروستكەرە تازەكان، بە كۆڤید-19ـشەوە خۆش بكەن.

 پرسیار: كۆڤید-19 یەكەم ڤایرۆس نییە لە چین گەشەی كردبێت، كە حكومەت دەیەوێت بیشارێتەوە.

وەڵام: بەڵێ، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەمە خەسڵەتێكی ئاوارتەیی چینیی (Chinese exceptionalism) نییە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپاش زەویی لەباریان بۆ ئەنفلۆنزا تازەكان بەرهەمهێناوە، بەم دواییانە H5N2 (ڤایرۆسی ئەنفلۆزای لاوەكیی 2) و H5Nx (ئەنفلۆزای پەلەوەر)، و بریكارە فرەنەتەوەیی و نیۆكۆڵۆنیالیستەكانیان بوونەتە پاڵنەری دەركەوتن و سەرهەڵدانی ئیبۆلا لە ئەفریقای خۆرئاوا و زیكا لە بەڕازیل. بەرپرسانی تەندروستیی گشتیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پیشەسازیی كشتوكاڵییان لە میانەی ئەنفلۆنزای دەركەوتنی H1N1 (2009) و H5N2 شاردبووەوە.

پرسیار: ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ئێستا دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسە وەك "دۆخی لەناكاوی تەندروستیی پەتای جیهانیی" ڕادەگەیەنێت. ئایا ئەم هەنگاوە بە دروست دەبینیت؟

وەڵام: بەڵێ. مەترسیی ئەمجۆرە نەخۆشییە بەجۆرێكە بەرپرسانی بواری تەندروستیی ناتوانن مامەڵە لەگەڵ دابەشكردنی ڕیسكە سەرژمێرییەكەی بكەن. ئێمە نازانین چۆن نەخۆشییەكە وەڵام دەداتەوە. ئێمە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەمان لە بازاڕێكدا بینیی كە لە ماوەی چەند حەفتەیەكدا هەموو جیهانی تووش كرد. دەكرێت نەخۆشییەكە ئێستا تەنها بسووتێنرێت. ئەوە شتێكی مەزن دەبوو. بەڵام ئێمە نازانین. ئامادەكاریی باشتر، دەبێتە چانسێكی باشتر بۆ ڕێگریكردن لە هەڵاتن و ڕاكردنی زیاتر و خێراتری نەخۆشییەكە.

ڕاگەیاندنەكەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش بەشێكە لەوەی من پێیدەڵێم شانۆی پەتای جیهانیی (pandemic theater). ڕێكخراوە نێودە,ڵەتییەكان بەهۆی ناچالاكییەوە هەموویان مردوون. با بیر لە كۆمەڵەی گەلان (League of Nations) بكەینەوە. گروپی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیگەرانن بەرانبەر بە هەنوكەییبوون، دەسەڵات و توانای داراییان. بەڵام ئەمجۆرە ئاكسیۆنیزم (كردەخوازییە ڕووتە) دەكرێت هاوشان و هاوشێوەی ئامادەكارییەكی ڕاستەقینە و ڕێگریكردنی جیهانیی بێت لە وەستاندنی زنجیرەكانی گواستنەوەی كۆڤید-19.

پرسیار: دووبارە ڕێكخستنەوەی سیستەمی چاودێریی تەندروستیی لەلایەن نیۆلیبراڵیزمەوە هەم لێكۆڵینەوە و هەم چاودێریی گشتیی نەخۆشەكانی خراپتركردووە، بۆ نموونە، لە نەخۆشخانەكان. ئایا ئەگەر زیاتر پشتیوانی دارایی سیستەمی چاودێریی تەندروستیی بكرێت، لە شەڕ دژی ڤایرۆسەكەدا، چ جیاوازییەك ڕوودەدات؟

وەڵام: چیرۆكێكی مەترسیدار، بەڵام حیكایەتی كارمەندێكی كۆمپانیای كەرەستەی پزیشكیی میامی هەیە كە لە گەڕانەوەیدا لە چین بە نیشانەكانی هاوشێوەی هەڵامەتەوە لەلایەن خێزانەكەی و كۆمەڵەكەیەوە كارێكی دروستیان ئەنجام دا و داوای پشكنینی نەخۆشخانەی لۆكاڵییان بۆ كۆڤید-19 لەو كرد. كارمەندەكە نیگەرانی ئەوە بوو كە بژاردەی نیمچە بیمەی تەندروستیی ئۆباما [ئەو بیمە كەمە تەندروستییەی ئۆباما دایهێنابوو-وەرگێڕ] بەشی تاقیكردنەوە و پشكنینەكان نەكات. ئەو لەسەرحەق بوو. ئەو لەناكاو خۆی بینییەوە كەوتووەتە نێو تەڵەی 3270 سێ هەزار و دوسەد و حەفتا دۆلارەوە. خواستێكی ئەمریكیی دەكرێت ببێتە نەزمێكی لەناكاو و پەیماننامەی ئەوە ئیمزا بكرێت كە لە میانەی بڵاوبوونەوەی پەتایەكی جیهانییدا، هەموو ئەو تێچوونە زۆرە پزیشكییانەی پەیوەندییان بە پشكنین و مامەڵەكردن لەگەڵ پشكنینی پۆزەتیڤەوە هەیە، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە دابین بكرێن و حكومەت ئەركەكە بگرێتە ئەستۆ. ئێمە دەمانەوێت هانی خەڵك بدەین داوای یارمەتیی بكەن، نەك ئەوەی خۆیان بشارنەوە – و ئەوانیدیكەش تووش بكەن – تەنها بەهۆی ئەوەی توانای پارەدانیان بۆ پشكنین و تاقیكارییەكان نییە(واتا مادام تێچوونی پشكنین هێندە زۆرە بۆیان دابین ناكرێت، خۆیان دەشارنەوە). چارەسەری ڕوون و ئاشكرا بریتییە لە خزمەتگوزارییەكی تەندروستیی نیشتمانیی – بەتەواویی ئامادەكراو و ئامرازی پێویست دابینكراو، وەك كۆمەڵە – لەناكاوە فراوانەكان – كێشەیەكی وەها قێزەون هەرگیز ناتوانێت كاری پێكەوەیی كۆمەڵ لەناو ببات.

پرسیار: هەركە ڤایرۆسەكە لەوڵاتێكدا دەردەكەوێت و كەشف دەبێت، حكومەتەكان لە هەموو شوێنێكدا كۆمەڵە هەنگاوی دەسەڵاتخوازانە و سزادەرانە دەگرنە بەر، وەك بەكەرەنتینەكردنی ناچاریی سەرجەمی ناوچەكانی هەرێم و شارەكان. ئایا ئەمجۆرە هەنگاوە قورسانە هیچ پاساوێكیان لەپشتەوەیە؟

وەڵام: بەكارهێنانی قەیرانی كۆرۆناڤایرۆس بۆ پشكنین و تاقیكردنەوەی دوایین بژاردەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئۆتۆكراتیی و ستەمكارییانە نیشانەیەكی سەرمایەداریی كارەساتبارە كە چیتر قابیلی قبوڵكردن و بەرگەگرتن نییە. لەڕانگەی تەندروستیی گشتییەوە، من متمانە و دڵسۆزیی لەپێشتر دادەنێم، كە زۆر گرنگن لەساتەكانی پەتا جیهانییە جۆراوجۆرەكاندا. بەبێ ئەمانە، حكومەتەكان پشتیوانیی دانیشتووان و گشتیی لەدەست دەدەن. مانایەكی هاوپشتیی و ڕێزگرتنی بەرانبەر و هاوبەش بەشێكی هەرە سەرەكیی نیشانەی كاری پێكەوەییە كە ئێمە پێویستمانە بۆ مانەوە لەبەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا. خۆ-كەرەنتینەكردن بە پشتیوانییەكی شایستە، یارمەتیی هاوسێیانی ڕاهێنراو، دابینكردنی لۆرییەكانی خۆراك دەرگا بەدەرگا بگەڕێن، بیمەی كارنەكردن و بێكاریی – دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێك لە هاریكاریی و كاری پێكەوەیی، كە ئێستا بەجۆرێك هەر هەموومان پێویستمانە.

پرسیار: وەك ئاگاداریت، لەگەڵ پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) لەم وڵاتەدا، ئێمە حزبێكی دیفاكتۆی نازییمان هەیە كە 94 كورسیی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا هەیە. پارتی نازیی و گروپە ڕاستڕەوەكانی دیكە كە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی ئەم حزبە كاری هاوبەش دەكەن، قەیرانی كۆرۆناڤایرۆس بۆ بڵاوكردنەوەی ڕق و كینە بەكاردەهێنن. ئەوان كۆمەڵە ڕاپۆرتێكی هەڵە و ساختە و نادروست دەربارەی ڤایرۆسەكە بڵاودەكەنەوە و داوای زیاتری هەنگاوە دەسەڵاتخوازیی و كۆنتڕۆڵكردنەكان لە حكومەت دەكەن: سنوورداركردنی گەشتە ئاسمانییەكان و وەستاندنی گەشتی كۆچبەران، داخستنی سنوورەكان و زەخت و فشار لەسەر كەرەنتینەكردنی [پەنابەران و كۆچبەران]...

وەڵام: قەدەغەكردنەكانی گەشتكردن و داخستنی سنوورەكان كۆمەڵە خواستێكن كە ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان دەیانەوێ بۆ بەڕەگەزییكردن (racialize)ی ئەو شتە بەكاریبهێنن كە ئەمڕۆ ئێمە پێیدەڵێین پەتا و نەخۆشیی جیهانیی. بێگومان، ئەمە تەواو بێمانایە. لێرەدا، كە ڤایرۆسەكە هەر لەسەرەتاوە ڕێگای خۆی بەرەو هەموو شوێنەكانی دونیا كردۆتەوە، دروستترین و پڕماناترین شت ئەنجام بدرێت ئەوەیە كار لەسەر گەشەدان بە جۆرێك سیستەمی تەندروستیی گشتیی بەچەشنێك بدرێت كە گرنگ نییە تووشبوو كێیە، ئێمە دەبێت هەموو ئامرازەكانی چارەسەركردنی بۆ بەكاربهێنین. بێگومان، وەستاندنی لەناوبردن و دزینی زەویی خەڵكانی وڵاتانی دیكە و پاڵنانیان بۆ دەرچوون و ڕاكردن لەسەر زەوییەكانیان، بە پلەی یەك و ئێمە دەتوانین نەخۆشییەكان لە هەمان شوێنی یەكەم، بووەستێنین و نەهێڵین بڵاوببێتەوە.

پرسیار: دەبێت گۆڕانكارییە تەحەمولكراو و جێگیرەكان چۆن و چی بن؟

وەڵام: لەپێناوی كەمكردنەوە و داكشاندنەوەی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێ، دەبێت بەرهەمهێنانی خۆراك بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ گۆڕانی بەسەردا بهێنرێت. سەربەخۆیی جووتیاران و كەرتێكی بەهێزی گشتیی دەتوانێت زامنی پاراستنی ژینگەیی و دەرپەڕاندنی تووشبوونەكان بێت. هەروەها دابینكردنی هەموو جۆرەكانی زەخیرە و دانەوێڵە هەم لە ئاستەكانی كێڵگە و هەم هەرێمایەتییشدا. ڕێگەدان بە ئاژەڵانی خواردن بۆ بەرهەمهێنانەوەی تێپەڕین بەنێو پشكنینی سیستەمەكانی بەرگرییدا. بەستنەوەی بەرهەمهێنانی دادپەروەرانە بە بژاردن و دەستاودەستكردنی دادپەرورەانە. كۆمەكی دارایی پشتیوانییەكانی نرخ و پرۆگرامەكانی فرۆشتن بۆ بەكاربەران، و بەرهەمهێنانی ئیكۆلۆژیی كشتوكاڵیی. بەرگریكردن لەم ئەزموونە تاقیكارییانە لەو ئیجبار و ناچارییانەی ئابوورییە نیۆلیبراڵەكان بەسەر تاكەكان و كۆمەڵەكاندا وەك یەك دەیسەپێنن و بەرگرتن بە هەڕەشەی ئەو قەیران و داكشانەوەی سەرمایە هەڕەشەی پێ لە وڵاتان دەكات.

پرسیار: دەبێت سۆسیالیستەكان لەڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ بەرزبوونەوە و هەڵكشانی داینامیكەكانی سەرهەڵدانی نەخۆشیی و درمە جیهانییەكاندا، بانگەواز بۆ چی بكەن؟

وەڵام: پیشەسازیی كشتوكاڵیی وەك مۆدێلێكی بەرهەمهێنانەوەی كۆمەڵایەتیی دەبێت لەپێناوی چاكەی گشتییدا كۆتایی پێبهێنرێت، تەنها لەئێستادا وەك بابەتێكی گرنگی تەندروستیی گشتیی. بەرهەمهێنانی خۆراك و بەسەرمایەكردنی ئەم بەرهەمهێنانە بەشێوەیەكی بەرز پشت بەو پراكتیكانە دەبەستێت كە هەڕەشە لە سەرجەمی مرۆڤایەتیی دەكەن، لەم حاڵەتەدا ڕێگا خۆشدەكەن بۆ ئازادكردن و لەكۆنتڕۆڵ دەرچوونی پەتا جیهانییە تازە هەرە كوشندە و مەترسیدارەكان. ئێمە دەبێت داوای سۆسیالیزەكردنی سیستەمەكانی خۆراك بەشێوەیەك بكەین كە نەخۆشییە ترسناكەكانی لەم چەشنە دەبێت لە یەكەم شوێنی دەركەوتنیاندا، ڕابگیرێن. ئەمە پێویستی بە دووبارە ئاوێتەكردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆراك دەبێت بۆ نێو پێداویستییەكانی كۆمەڵە گوندییە یەكەمەكان. ئەمە پێویستی بە پراكتیكەكانی ئیكۆلۆژیی كشتوكاڵ دەبێت كە بەرگریی لە ژینگە و جووتیاران دەكات، ئەوانەی گەشە بە خۆراكی ئەمە دەدەن. وێنە گەورەكە، ئێمە دەبێت دابڕان و پچڕانە گەورە میتابۆلییەكان چاكبكەینەوە كە ژینگە ئیكۆلۆژیەكانمان لە ئابوورییەكانمان جیادەكەنەوە. بەكورتیی: ئێمە هەسارەیەكمان هەیە بۆ بردنەوە و دەبێت ئەم هەسارەیە ببەینەوە.

یاك پابست: زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێكەوتنە

وەڵام: شایانی نییە.

یەك: پرۆفیسۆر ڕۆب واڵاس بایۆلۆژیستی بواری پەرەسەندن فیلیۆجیۆگرافەر بۆ تەندروستیی گشتیی لە ئەمریكا. زیاتر لە 25 ساڵە دەربارەی ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی پەتا تازە جیهانییەكان كاردەكات و نووسەری یەكێك لە بەناوبانگترین كتێبەكانی جیهانە لەم بوارەدا بەناوی "كێڵگە گەورەكان ئەنفلۆنزا گەورە دەكەن" و هەروەها "ئیبۆلای نیۆلیبراڵ" و هتد.

دوو: یاك پابست، سەرنووسەری گۆڤاری ماركس21ـە لە بەرلین

Hits: 135
Category: