مامۆستا ئه‌حمد جوانمێری: بەڕەچاو كردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی لەگەڵ دۆخەكه‌ هەڵسووكەوت دەكه‌ین..ئه‌وله‌ویه‌تیش چاك كردنی بژێوی خه‌ڵكه‌

مامۆستا ئه‌حمد جوانمێری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی‌و به‌رپرسی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی سلێمانی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، یه‌كێك له‌ تێكۆشه‌رو سیاسی و هه‌لسوراوی بواری خه‌باتی چه‌په‌كانه‌، وه‌ك په‌روه‌رده‌كارێكیش به‌رده‌وام خزمه‌تی خۆی به‌ نه‌وه‌كانی گه‌له‌كه‌مان گه‌یاندووه‌..له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ئێستانیوز، له‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ری زیندووی ناو كایه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و خڤاكی قسه‌ ده‌كات.

ئێستا نیوز: بۆچوونی ئێوە لەسەر ڕێككەوتنی هەرێم و ناوەند چییە؟ پێتان باشە هەرێم چ جۆرە هەڵوێستێكی هەبێت ؟

مامۆستا ئەحمەد: لەدوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام و گۆڕانكاری  لە عێرا ق داو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتێكی هاوبەش لە نێوان كوردو عەرەبی شیعەو عەرەبی سوننە, لە چەندساڵی سەرەتادا نەبێت جۆرێك لە ئیستقرارو لێكتێگەیشتن و تەوازون بەدی دەكرا كە عێراقی نوێش هەرلەسەر ئەو پرەنسیپانە و بە ڕەزامەندی هەموولایەنەكان بیناكرابوەوە , دواتر  پرەنسیپەكان ڕەچاو نەكران و بەتایبەتیش لە ساڵانی 2014 بەدواوە و دروستبوونی داعش و دەستبەسەراگرتنی ڕووبەرێكی زۆری عێراق لەلایەن ئەو هێزە تیرۆرستیە خوێنڕێژەوە , لەلایەكی تریش دەستوەردانی دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەكارو باری عێراق و لەدەستدانی سەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی عێراق  وای كرد هاوكێشە هاوسەنگەكە گۆرانكاری بەسەردابێت و دەسەڵاتدارانی عێراق رۆژ لەدوای ڕۆژ فشاریان بۆسەرهەرێم زیاد كرد بە لێبڕینی شایستە داراییەكانی هەرێم و جێبەجێنەكردنی ماددە دەستوریەكانی تایبەت بە كوردەوە . هەرچۆنێك بێت لە م بارودۆخە ناجێگیرەی ئەمڕۆی ناو چەكە و خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری , كورد دووڕێگەی لەبەردەستە كەیەكەمیان ڕێگە چارەی گفتووگۆ و گەیشتنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و گونجاوو هاوسەنگە بەڕەچاو كردنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان , وەگرنگە لەكاتی ڕێككەوتن دا هەرێم پابەندی خۆی بەخاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ‌ بكات و بیانوو یەك بۆ حكومەتی ناوەند نەهێلێتەوە  بۆخۆدزینەوەو جێبەجێنەكردن, وەبەرلە هەموو هەنگاوێكیش پێویست دەكات كورد لەناوخۆدا ئامادەكاری بكات بەیەك هەڵوێستی و یەكڕیزی و تەبایی و یەكدەنگی لەبەرامبەر ناوەند بچێتە گفتووگۆكانەوە . ئەگەر عێراق وەڵامێكی گونجاوی نەبێت  ئەوە پێویستە ڕێگای دووەم بگرێتەبەر كە ڕێكخستنەوەی ماڵی خۆیەتی بە ئەنجام دانی چاكسازیەكی گشتگیرو نەهێشتنی گەندەڵی و كۆكردنەوەی داهاتەكان بۆ خەزێنەی حكومەت و باشكردنی ژیان و گوزەرانی مووچە خۆرو هاووڵاتیان بە بەرنامەیەكی ئابوری تۆكمە .

ئێستا نیوز :ئایە پێتان وایە خۆپیشاندەرانی كوردستان دەتوانن ڕۆَڵیان هەبێت لە دروستكردنی فشار لەسەر دەسەڵاتداران بۆئەوەی دۆخی سیاسی ودارایی هەرێم چاكبكرێت ؟

مامۆستا ئەحمەد: خۆپیشاندان یەكێكە لە شێوازە مەدەنیە ڕێگە پێدراوەكان بۆدروستكردنی فشارو گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو و شێوازێكی خەباتی یاساییە,هەروەكو هەموولایەك دەزانن ساڵانیكە دۆخێكی ناهەمواری دارایی ڕووبەڕوی مووچەخۆران بەگشتی بۆتەوە وژیان و گوزرەرانی خەڵك لە دۆخێكی خراپ دایە و فشاری زۆریان لەسەر درووستبووە , لەبەرامبەریش دا دەسەڵات تاكو ئێستا نەیتوانیوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو دۆخە ناهەموارە بدۆزیتەوە بەخەم ساردی و هەستنەكردن بە بەرپرسیاریەتیەوە لەدۆخەكە دەڕوانێت , ئەوە وای كردووە  خەڵك تەحەمولی نەمێنێت و لەم ساڵانەدا دەیان خۆپیشاندان لە شارەكانی هەرێم بكرێت و دەسەڵاتیش بۆ دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە پەنای بۆ بەكارهێنانی هێز بردووە دەیان ڕۆِڵەی گەلەكەمان بوونە قوربانی كەئەوەش چارەسەر نیەو سكی خەڵك بە بەكارهێنانی هێز تێرنابێت بەڵكو دۆخەكه‌ ئاڵۆزتر دەبێت,بەڕای من ئەو هۆكارانە وایان كردووە  خۆپیشاندانەكان كاریگەریان كەمتربێت گشتگیرنەبوونی خۆپیشاندانەكان و تاكو ئێستا نەبۆتە سەرتاسەری ,و خاڵێكی تریش نەبوونی ڕابەرایەتیەكی وگونجاوە ئەوەی هەیە عەشوایی و بێ بەرنامەییە , بەڵام لە هەموو حاڵەتێك دابە بڕوای من  ئەگەر چارەسەری گونجاو بۆدۆخە لەلایەن دەسەڵاتەوە نەدۆزرێتەوە داخوازیەكان بەهەند وەرنەگیرێت بێباكانە تەماشای بارو دۆخەبكریت ئەوە داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانمان ناكات و ئەوكاتە هەموان زەرەر دەكەن و چارەسەركردنی ئەستەم دەبێت .

ئێستا نیوز :تاچەند باوەڕتان وایە هەڵبژاردنی پێش وەختە  لەعێراق ئەنجام دەدرێت , ئایا چاوەڕێ‌ دەكرێت دۆخی عێراق باشتر بێت ؟

مامۆستا ئەحمەد: هەرچەندە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی نوێ‌ وبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت لە ناوەڕاستی ئەم ساڵ دا  هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت , بەڵام بە ڕەچاوكردنی بارو دۆخی ئاڵۆزی عێراق و سەروەرنەبوونی یاساو بوونی هێزو میلیشیای مەزهەبی و دەستوەردانی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی  و ئامادەنەبوونی ئامرازەكانی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێكی دیموكراسی و جێگەی باوەڕ لە عێراق دا بێشبینی ئەوە ناكرێت لەكاتی خۆی دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت , دۆخی عێراق ناسەقامگیرە لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە بۆیە هەڵبژاردن زەمینە سازی دەوێت  بەبێ‌ ئەو زەمینە سازیە ئەستەمە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكرێت , باش بوونی دۆخی عێراق ئەستەمە لەنێو ئەو هەموو بارگرژیانەی تێی كەوتووە .

ئێستا نیوز: وەك حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان چالاكی و ڕۆڵ و پێگەی خۆتان لە سنوری پارێزگای سلێمانی چۆن دەبینن؟

 مامۆستا ئەحمەد : حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان  وەكو حزبێكی چەپی كوردستانی و خاوەن خەباتێكی دوورو درێژو نەپساوە لەباشوری كوردستان سەرەڕای بوونی ئاستەنگەكانی سەر ڕێگای لەخەباتی خۆی بەردەوامە بەڕەچاو كردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی لەگەڵ دۆخەكه‌ هەڵسووكەوت دەكات , پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستێكی باش دایە و لەهەموو ئەو كەمپین و چالاكیانەی كە داكۆكی لە بەرژەوەندی گشتی دەكەن و داوای ژیانێكی شایستەو باشتر بۆخەڵك دەكەن بەشدارین , لەسەر  هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دژی تەدەخولی هەرێمی و داگیركاریەكان بەردەوامین , لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانین لەنێوان لایەنە كوردیەكان بەشێوازی گفتووگۆو ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی نەتەوەكەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی  كوردستانین , لەخەباتی یەكسانی ژن و پیاوونەهێشتنی تووندو تیژی ڕەگەزی  بەردەوامین و هەمیشە داوای ئەوەمان كردووە دەبێت ژیانێكی شایستەو سەربەرزانە بۆهاووڵاتیان فەراهەم بكرێت و دژی بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان بووین .

Hits: 243
Category: