لەرووبەڕووبونەوەیەکی نێوان سوپای پاسداران و حزبێکی رۆژهەڵاتدا، شەش کەس کوژران

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە سنووری دۆڵی ئەغلبووب-ی ناوچەی سەڵماس، کە لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە و، شه‌ش كه‌س كوژران، كه‌ سیانیان ئه‌ندامی حزبه‌ كوردییه‌كه‌ بوون.

 

لە راگەیەندراوێکدا، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکردووە، لە سنوورەکانی شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ئورمیە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزێکی سوپای پاسداران و حزبێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانیکەم سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.

هەر لەو شەڕەشدا، سێ ئەندامی حزبە کوردییەکە کە گرووپێکی چوار کەسی بوون گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی یەکێکیشان نادیارە. ئەوەش هاتووە: "هیچ یەک لە حزبە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان لە ئەستۆ نەگرتووە".

دوای شەڕەکەش، تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بە خەستی دۆڵی ئەغلبووبیان تۆپباران کردووە، هاوکات لە راگەیەندراوێکدا، بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران لە ئورمیە کوژرانی دوو ئەندامی سوپاكه‌ی پشتڕاست کردووەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی شەڕەکە بدات.

ك-س

Hits: 72
Category: