بۆکۆحەرام کوژرانی ئەبوبەکر شیکاوی سەرکردەی گرووپەکەی پشتڕاستکردەوە

گرووپی چەکداری بۆکۆحەرام کە پێشتر بەشێک بوو لە داعش، کوژرانی ئەبوبەکر شیکاوی سەرکردەی گرووپەکەی پشتڕاستکردەوە و جێگرەوەیەکی بۆ دادەنێت.

بەپێی گوتەی چەند سەرچاوەیەک، شیکاوی لەوەتەی دامەزراندنی گرووپەکە سەرکردەیەتی، لە شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ داعشدا کوژراوە. بۆکۆحەرام دوای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی شیکاوی، باکۆرا مودو-ی لەشوێنی دەستنیشان کرد.

مودو دوای دەستنیشانکردنی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کورتدا داوا لە لایەنگرانی گرووپەکە دەکات لەسەر ئەو ئەوکارانە بەردەوام بن کە شیکاوی بۆی دانابوون.

جێگرەوەی شیکاوی لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە وەکو ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، لە سەرچاوەیەکی نزیکی بۆکۆحەرام دەستی کەوتووە، هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەبو موسعەب بەرناوی سەرکردەی داعش لە رۆژئاوای ئەفریقا و بە کەسێکی" بەلاڕێداچوو و دەستدرێژیکار" ناوی دێنێت.

پێش نزیکەی 10 رۆژ ئەبو موسعەب بەرناوی، سەرکردەی داعش لە رۆژئاوای ئەفریقا لە تۆمارێکی دەنگییدا رایگەیاند:" شیکاوی خۆی تەقاندووەتەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی رێکخراوەکە." بەرناوی گوتبووی: چەکداری ناردووە بۆ دارستانی سامبیسا، لەوێ لەگەڵ شیکاوی و چەکدارانی تووشی شەڕە تەقە بوون، شیکاویش دواتر خۆی تەقاندووەتەوە.

ساڵی 2016 بۆکۆحەرام بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو، بەشێکیان چوونە ریزی ئەبوبەکر شیکاوی کە ناوچەیەکی فراوانی لە دارستانی سامبیسا لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا لەژێر دەستدا بوو، بەشێکی دیکەشیان چوونە پاڵ داعش لە رۆژئاوای ئەفریقا، داعش لەو بەشەی ئەفریقا ئێستا هێرشدەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان و ویلایەتێکی لەو بەشە راگەیاندووە .

دۆخی باکوور و ناوەڕاستی ئەفریقا بەهۆی هەڕەشەی گرووپەکان خراپتر بووە، چالاکبوونەوەی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەڕەشەی نەک تەنیا لەسەر ناوچەکە بەڵکو وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپاش دروستکردووە.

باکووری ئەفریقا ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە بەلای ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، تیرۆر لەو ناوچەیە خەریکە زیاتر پەلداوێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی رژدی لەسەر ئاسایشی وڵاتان.

 

 

z.s

Hits: 83
Category: