مەسرور بارزانی: دەبێ جووتیاران لە ساخبوونەوەی بەرهەمەکەیان دڵنیابن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە و بایەخی زیاتر بە بەرهەمی نێوخۆیی دەدەن و دەبێ جووتیاران لە ساخبوونەوەی بەرهەمەکەیان دڵنیابن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جوتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە، لە ناحیەی روڤیای سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك رایگەیاند، ئه‌و جوتیاره‌ی په‌تاته‌ یان گه‌نم ده‌چێنێت پێویسته‌ له‌ به‌رهه‌می خۆی دڵنیا بێت كه‌ ساخ ده‌بێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌بو كه‌ هیچ نیگه‌رانییه‌ك له‌ لای جوتیاران نه‌مێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانە بێگومان گه‌لێك گرنگ و ستراتیژینه‌، بۆ پشتیوانیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵی و پێشخستنی ئابوری هه‌رێمی كوردستان، جێگه‌ی خۆیەتی‌ سوپاسێكی تایبه‌تی كۆمپانیای جێبه‌جێکار بكه‌م، كه‌ ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كردوه‌ به‌ پشتیوانی شانشینی هۆڵه‌ندا، جێگه‌ی رێز و پێزانینی ئێمه‌یه‌".

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، "پار كه‌ سه‌ردانی هۆڵەندام كرد و لە دیدارێكماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، مارك روته‌ باسمان له‌ پشتیوانی به‌رنامه‌ی چاكسازی هه‌رێمی كوردستان و پێشخستنی ئابوری كوردستان کرد، به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ به‌ پیر داواكه‌ی ئێمه‌وه‌ هاتن و هه‌مو ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ پشتیوان و هاریكار بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی كشتوكاڵ به‌تایبه‌ت و هه‌مو كه‌رته‌كان به‌ره‌و پێش بچن".

ئەوەشی خستەڕو، "هه‌مو ده‌زانین كه‌ كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌كێكه‌ له‌ بناغه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێشخستنی ئابوری هه‌ر وڵاتێك، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێت ده‌بێته‌ هۆكار بۆ چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی پیشه‌سازی، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ردی بناغه‌ی داده‌نرێت، بیستمان كه‌ هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار بۆ جوتیار و كرێكاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و پارێزگایه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت".

مەسرور بارزانی وتیشی، "داواكاری من له‌ جوتیارانی خۆشه‌ویست ئه‌وه‌یه‌ گرنگی به‌ جۆری به‌رهه‌می خۆیان بده‌ن، ده‌مانه‌وێت كوردستان به‌ جۆری به‌رهه‌مه‌كه‌ی بناسرێت، كه‌ ئه‌و تام و چێژه‌ی له‌ به‌رهه‌می كوردستان هه‌یه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ بزانێت و ببێته‌ هێمایه‌كی بازرگانی كه‌ له‌ دره‌وه‌ بفرۆشرێت".

 

 

z.s

Hits: 75
Category: