ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانێکی گەورەدایە...

حسن ئەحمەد

ململانێی ئابووری نێوان وڵاتانی زلهێز لە هەڵکشانی بەردەوام دایە، بە تایبەت لە نێوان جەمسەری ئەمریکا و رووسیا،

رۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە لە نێو گێژاو دایە، ئەو شەڕ و قەیرانانەش هەندێکیان هۆکارەکەی خودی گەلانی ناوچەکەن، کە عەقڵیەتی ئەوەمان نیە خۆمان لەگەڵ ژینگەکە بگونجێنین و سود لە خێر و بێرەکەی وەربگرین، هەندێکی تر لەو کێشانە دروست کراوی وڵاتە زلهێزەکانن، چونکە ئارامی ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئەوان دانیە.

ئێمەی کورد لە کوێی ئەو هاوکێشانەداین؟

زلهێزەکان پشتیوانی لەو نەتەوە ژێر دەستانە دەکەن هەتا دەکەونە سەر پێی خۆیان، دواتر لە بەرامبەر بەرژەوەندیە باڵاکانیان، پشتیان تێ دەکەن و ئاڵ و گۆڕیان پێ دەکرێ، لە نێوان زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە،

ئێمەی کورد گیرۆدەی سەرکردایەتی سیاسین، بە سیاسەتی چەواشەکاری و بە چەند دەست کەوتێکی کەم و کورت خایەن، چاوبەستەی گەلەکەیان دەکەن، بانگەشەی دەوڵەت بوونیان لێ ئەداو ئەیان فەرموو بای عێراق، دەزگاکانی راگەیاندنیش پشکی شێریان بەردەکەوێ لەو سەر لێشێواندنەی خەڵک، چونکە بە ئیحازی حزب و بۆ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی کار دەکەن،

ئێمە چەندین دەستکەوتی زۆر گرنگمان لە دەست دا، کەچی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن، مژدانەی جارێکی تر کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ئەو بڕە پارەیان لێ دەدا و دەیان گوت بازاڕ بوژاوەتەوە و خەلک بۆتەوە خاوەن کار و کەسابەتی خۆی، بێ ئەوەی بیریان بێت هەر دوێنێ بانگەشەی چیان دەکردوو، چیمان لە دەست داوە.

ئەوەی زۆر گرنگ و جێگەی بایەخە، ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەردەم هەژانێکی تر دایە، کەچی خەمی گەورەی ئێمە بانگەشەی لیست و قەوارەی تازە و کورسی و کاندیدە، قەیرانی موچەش لە لایەکی تر، بێ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد بیر لەوە بکەنەوە، لە کوێی ئەو گێژاوە دا خۆیان دەبیننەوە...

دیپلۆماسی دایاسپۆرا و دیپلۆماسی کوردی

 

                       د. سەردارعەزیز

هەفتەی پێشوو چەند ڕۆژێک سەرقاڵی ئەوەبووم کە پوختەیەک ئامادە بکەم بۆ کۆنفرانسێک دەربارەی دایاسپۆرا و گەشە و دیپلۆماسی، کە لە لایەن ئینستیتۆی کلینتۆنەوە بەڕێوەدەچێت. ئەوەی زیاتر بیرم لێدەکردەوە کە چۆن ئەزموونی خۆم لەم بوارەدا تیوریزەبکەم. بەمانایەکی تر چۆن ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابوردوودا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجامم داوە بگوێزمەوە بۆ تیوریزەکردن. بە زمانێکی تر چۆن ئەزمون وەرگێڕمە سەر تیورە. سەرەتا وەک هەموو کارێکی تر بە دوای ئەدەبیاتدا گەڕام. ئەدەبیات بە گشتی لە دوو ئاستدا: ئاستێک دەربارەی دیپلۆماسی دایاسپۆرا لە گەڵ دیپلۆماسی دایاسپۆرای کوردی بە تایبەتی.

دیارە هەندێک شت لە کوردستانی باشور وەک کڵێشەی لێهاتوە. دەکرێت ئەوە بڵێم کە کڵێشە ووتنەوە تەمەڵترین جۆری قسەکردنە. کڵێشەی ئەوەی کە کورد دیپلۆماسی نیە، کورد نازانێت دیپلۆماسی بکات. بێگومان ڕاستیەکی زۆر لەمەدا هەیە بەڵام کە دێتە سەر کاری تیوریزەکردن ئەم کڵێشانە بە هیچ جۆرێک هاوکارنین. بەڵکو لە ڕاستیدا رێگرن و دەبێت بە میتۆدی هەڵوەشانەوەی خیتاب شییان بکەیتەوە.

دیارە ئەدەبیات لە سەر دیپلۆماسی دایاسپۆرا، کە بەمانای ئەو کارە دیپلۆماسیە جۆراوجۆرانە کە خەڵکانێک لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان پێی هەڵدەستن بۆ وڵاتی خۆیان بە سود بینین لە پێگەیان لە وڵاتێکی میواندا یان نوێدا، زۆرن. ئەوەی بیرم لێکردەوە ئەوەبوو کە ئایا دەتوانم چی شتێکی نوێ بڵێم لەمبارەوە؟ ئایا کاتێک پێشگری کورد دەخەینە سەر چەمکی دیپلۆماسی دایاسپۆرا چ تایبەتمەندییەکی دەداتێ؟

ئێمەی کورد فێرنەبووین کە لە پێگە نێودەوڵەتیەکاندا وەها باسی خۆمان بکەین کە کەسێکی سەربەخۆی و بەئاگاین و ئەزمونمان کردوە، بەڵکو هەمیشە وەها باس لە خۆمان ئەکەین کە بریتین لە تۆپەڵێک لە خەڵک، کە بە گشتی کەم کەس شت دەربارەی دەزانێت و بەردەوام چەوساوینەتەوە. ئەم خیتابی بە قوربانی بوونە بابەتی یەکەم توێژینەوە بوو کە بەردەستم کەوت کە لە لایەن کەسێک بە ناوی خالید خەیاتی لە زانکۆی لینکۆپینگ لە وڵاتی سوید ئەنجام دراوە لە ژێر ناونیشانی لە قوربانی دایاسپۆراوە بۆ هاوڵاتی ترانسبۆردەر: کە کاری لە سەر کوردانی سوید و فەرەنسا کردوە.

لە هەمانکاتدا کاری تر لەم بوارەدا ئەنجامدراون بە زۆری لە لایەن خەڵکانی غەیرە کوردەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە لەم ساڵانەی دواییدا تورک کاری زۆریان لە سەر کورد کردوە. هەندێک لەو توێژەرانە خەڵکانی زۆر چاک و دۆستن، بەڵام هێشتا کورد وەک خۆی ئامادەنیە دەربارەی خۆی بدوێت و نوێنەرایەتی خۆی بکات.

یەکەم کێشە کە دێتە سەر دیپلۆماسی دایاسپۆرا بۆ کورد، لە پێناسەی ئەم چەمکەدایە. پێناسەی دیپلۆماسی دایاسپۆرا، لە سەر بنەمای هەبوونی ماڵ یان وڵاتی ڕەسەن، لە گەڵ وڵاتی دووەم یان میوان بونیادنراوە. کەسی چالاکوانی دایاسپۆرایی کەسێکە کە پەیوەندی تۆکمەی هەیە لە نێوان ماڵ و خانەخوێیە نوێکەیدا، چ لە ئاستی پەیوەندی وەک پەیوەندی هەروەها لە ئاستی بوونی زانیاری. بەڵام بۆ کورد ئەمە کێشەیە، یەکەم، کورد پەیوەندی ماڵیانەی نیە لە گەڵ ئەو جێگایەی کە لێوەهاتوە، هەروەها لە دۆخێكی وەهادا گەورەنەبوە هەتا بزانێت دەوڵەتداری لە وڵاتی خۆی و دەوڵەتداری لە وڵاتی نوێ چۆن بەڕێوەدەچێت و چۆن ئەو بتوانێت لە نێوان ئەم دوو سیستەمەدا کار بکات. دیارە ئەمە لە سەر باری دەرونی و کەلتور و زمان و رێکخراوەیی و هونەری ئاڵۆزی لۆببیکردن وەستاوە، کە کورد بە گشتی ئەزمونی نیە تیایدا و شارەزای نیە.

ئەگەر خەڵکانی تر لە وڵاتی نوێ نوێنەری وڵاتی خۆیان دەکەن و هەوڵدەدەن کە هاوبەشی لە نێوان وڵاتی خۆیان و وڵاتی نوێیاندا بدۆزنەوە هەتا پەیوەندیەک بونیادبنێن کە بە قازانجی هەردولا بشکێتەوە، ئەوا کورد لە هەموو ئەمانەدا کێشەی هەیە. لەم ڕوەوە کاری دیپلۆماسی دایاسپۆرای کوردی پێچەوانەی نۆرمی دیپلۆماسی دایاسپۆرای باوە.

بۆیە بڕیارمدا پوختەی نوسینەکەم لە سەر ئەزمونی خۆم بێت. یەکەم قەیران لە رووی کاری دیپلۆماسیەوە یەخەی کورد دەگرێت نەبوونی دەوڵەتە. هەرچەندە دیپلۆماسی دایاسپۆرا، دەرفەت دەدات بە خەڵکانی چالاک هەتا لە جەستەی دەوڵەتێکی تردا بە کارەکانیان هەستن، بەڵام نەبوونی دەوڵەت لە چەندین ئاستدا کێشەی گەورە دروست دەکات. دووەم، کێشەی کێشەی بەرژەوەندیە، زۆرجار دیپلۆماسی کوردی دژ بە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانەیە کە تیایدان، بۆیە ئەمەش رێگریەکی تری سەختە. سێیەم، نەبوونی ئەزموونی رێکخراوەییە: چونکە ئێمە ناتوانین بە شێوازی مۆدرێن دەزگا بەرهەم بهێنین هەمیشە رێکخراوی کوردی بە دەست قەیران و پەرتەوازەیی و ململانێوە دەناڵێنێت. چوارهەم، نەبوونی شوناسە: ئایا دیپلۆماسی بۆ کێ دەکەیت، بۆ گەلێک، نەتەوەیەک، قەزییەیەک، یان بیروباوەڕێک، دیارە بە گشتی دیپلۆماسی کوردی دیپلۆماسی حیزبیە. پێنج، بێتوانایی ئێمە لە دروستکردنی حەقایەت. ئێمە چۆن سەربوردەی ئازارەکانمان بگێڕینەوە، بە جۆرێک کە ئەویتر گوێی لێبگرێت. بۆ نموونە ئەگەر من نەتوانم ئەزمونی خۆم بکەمە رێگایەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی کورد و لە رێگای ئەوەوە بیخەمە نێو بوارێکی فراوانتر کە دیپلۆماسی دایاسپۆرایە بە گشتی، ئەوا دەرفەتی گێڕانەوەم پێنادرێت..

عێراق لەبەردەم قەیرانی ئاودا

بورهان شێخ ڕەئوف‌

سەرەڕای قەیرانە گورچكبڕەكانی عێراق هەرلە تیرۆرو گەندەڵی و پێكنەهاتنی پێكهاتەكان لەسەر فۆرمێكی گونجاو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، قەیرانی سەرچاوەكانی ئاوو وشك كردنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بە تایبەتی ئێران و توركیا بەر دەرگای بە عیراق گرتووەو پێدەچێت لە ساڵانی ئایندەدا كێشەی ڕاستەقینە بن .

ئەم ترسەلە خۆڕا نەهاتووە بەڵكو ئەوەی ناوەندەكانی چاودێری سەرچاوەكانی ئاو لە جیهان و ناوچەكە ئاماژەی پێدەكەن و پێشبینی دەكەن ئەوەیە كەتا ساڵی 2040 عیراق دەبێتە وڵاتێكی بێ‌ ڕووبار و هەردوو زێ‌ی ( نەمر) دیجلەو فورات كە لە ڕابردوودا وای پێ‌ دەوترا ئیتر دەمرن و ناگەنە شەتولعەرب و ناگەنە كەنداوی عەرەبی و دەریا و بە تایبەتی لە هەشت ساڵی ئایندەدا واتە تا ساڵی 2025 ڕووباری فورات بە تەواوی وشك دەبێت و سەرەتا ی وشكەساڵیەكی گەورە سەرهەڵدەدات و ڕووباری دیجلەش دەبێتە زێ‌ یەكی بچووك و باریك .

بەڵێ‌ عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی كەمبوونەوەو دابەزینی سەرچاوەكانی ئاو دەبێتەوە تا ڕادەی وشككردن بە شێوەیەك كە كەلە سێ‌ دەیەی ڕابردوودا بە تێكڕا نیوەی ئاوی عێراق لە دەست دراوە كە لە نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوودا خاوەنی بووە .

لەلایەكی ترەوە لە دەساڵی ڕابردوودا لە 80% ئەو بڕەئاوەی كەلە سەرچاوەكانی ئێرانەوە دەڕژانە خاكی عێراقەو لە دەستچوون بە هۆی بڕینی زیاتر لە 35 زێ‌ ی سەرەكی و سەرچاوەی ئاو بە گوێرەی ڕاپۆرتی كۆمیتەی كشتوكاڵ وئاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە لە ئێستادا تەنها حەوت زێ‌ و سەرچاوەی ئاو ماوەلە ئێرانەوە ، كە حكومەتی ئێران لە هەوڵی ئەوەش دایە كە ئەوانیش ببڕێت چ بە بنیاتنانی بەنداو پڕۆژەی ئاودێری .

هەردەربارەی ئەو سەرچاوە ئاویانەی كەلە ئێرانەوە دەڕژێنە خاكی عێراقەوە پێمباشە زیاتر ڕوونی بكەمەوە ، ئێران لە هەنگاوێكی یەكلایەنە ڕێڕەوی هەردوو ڕووباری كارون و ئەڵوەندی گۆڕی كە زیانی زۆری بەڕووبەرێكی زەوی كشتوكاڵی بە پارێزگاكانی بەسرەو واسیت و دیالە گەیاند لەلایەكی ترەوە حكومەتی ئێران لە ساڵی 2011 بڕیاری بنیادنانی 152 بەنداوی داوە كە بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاوانەی كەدەڕژێنە ناو خاكی عیراقەوە .

سەرچاوەیەكی تری ئاوی عیراق لە توركیاوە دەهات كە هەوڵدەدەین لێرەدا بە كورتی تیشكی بخەینەسەر :

لە دوای ساڵی 2003 ڕووخانی ڕژێمی عێراق سەرقاڵبوونی عێراق و عێراقییەكان بە كێشەو ململانێ‌ ناوخۆییەكان شەڕی تائیفی و تیرۆر هەروەها لە سوریاش لە ساڵی 2011 ەوە سەرهەڵدانی ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی وقەیرانەكانی ئەو وڵاتەو شەڕی ناوخۆیی، توركیا بەتەنها دەستی گرتووە بە سەر هەموو سەرچاوەكانی ئاوەو كۆنترۆڵی كردووەوبە سیاسەتێكی زۆردارانەو ناڕەواو دوور لە هەموو یاسا و ڕێسا نێو دەوڵەتیەكان ئەویش بە دامەزراندن و بنیاتنانی زۆر پڕۆژەی زەبەلاح و قەبە كە زیاتر لە 1700 بەنداو دەریاچەی دەستكردخۆی دەبینێتەوە هەر لەبەنداوی ئەتاتورك و ئەلیسۆ و سیرز و تا بەرنامەی GAP .

ئەگەرچی لە ڕابردوودا پەیماننامەیەكی جێگیر لە نێوان عیراق و توركیادا هەبوو كە توركیا تێكڕا 15.75ملیار مەتر سێجا واتە 500 مەتر سێجا لە چركەیەكدا بۆ عیراق دابین بكات دواتر لە ساڵی 1990 عیراق و سوریا گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی ئاو لە نێوانیاندابە شێوەیەكی دادپەروەرانە كە 58% بۆ عیراق و 42% بۆ سوریا بێت ئیتر لەو كاتەوە سەرەڕای گۆڕانكارییەكان لەناوچەكەدا هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ‌ لە نێوان ئەم سێ‌ وڵاتەدا واژۆ نەكراوە بۆ دابەشكردنی ئاو.

هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا ئێمە زۆرجار گوێبیستی لێداوانەكانی كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیا بووین كە دەیان وت ئەوان چلۆن نەوتەكەیان دەفرۆشن ئێمەش ئاویان پێدەفرۆشین كە ئەمەش ماناو مەدلولی خۆی هەیە جگە لەوەش بەرنامەی GAPی مەزن ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە كە پەیوەندی بە كێشەی كوردەوە هەیە لە توركیا بۆ دامركاندنەوەی ململانێكانی ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنازۆڵ و ئاسایشی ئاو خۆراكی عیراق و سوریا .

لەلایەكی ترەوە هەموو ئەو پڕۆژانەی توركیا هەڕەشەی گەورەن بۆ سەرئایندەی عیراق هەڕەشەیەك وەكو ڕاگەیاندنی شەڕ وایە چونكە توركیا كەڵكی لەلاوازی دەوڵەتی عێراق وەرگرتووە لە ئێستادا لەچەند شوێنێكی جیاوە سەروەری عیراقی پێشێلكردووە بە شێوەی سەربازی چووەتە ناوخاكی عیراقەوە.

لە (عەفرین ) چیم دیت !

 

ئاكۆ ئاكۆیی

( بەشی یەكەم)

گۆرستانی شەهیدان و رێورسمی ناشتنی شەهیدان .

لە زۆربەی شارەكان گۆرستانی تایبەت بە شەهیدان هەیە و زۆر بەرێكی دروستكراون و جوانكاریان بۆ كراوە و باغ ئاسا پڕاو پڕن لە درەخت و گوڵالە سەرجەم گلكۆیەكان بە یەك شێواز دیزاین كراون و گلكۆی هەر شەهیدێد وێنەو ناو و كورتەیەك مێژووی بەرخۆدانی بە سەرەوەیە ،شەهیدانیان ئەوەندە لا بەرزو بەنرخە پیرۆزیان داوەتێ‌ و بەهایان بۆ داناون كە ئەو پەڕی شانازیان پێوەدەكرێت لە لایەن گەل بە گشتی و خانەوادەكانیان بە تایبەتی كە هەرگیز نیگەرانیان پێوە دیار نیە بە هۆی شەهید بوونی رۆلەكانیان .

وەفدەكان كاتێ‌ سەردانی مەزاری شەهیدان دەكەن لە لایەن ئەنجوومەنی ماڵی شەهیدان و ماڵباتی شەهیدان دێتە پێشوازیكردن ( ئەم ئەنجوومەنە كارو باری شەهیدان بەرێوە دەبات ) ،لە كاتی تۆقەكردن تەنیا دەڵێن ( شەهید نامرن) سەرجەم گۆرستانەكانیش پەیكەرێك وەك سمبول بۆ شەهیدان و گۆرەپان و سەكۆو شوێنی تایبەت بە رێورسمی ناشتنی شەهیدان هەیە، كاتێ‌ شەهیدانیش بەخاك دەسپێرن رێوورسمی شایستە و تایبەت بەرێوە دەچێت خەلكێكی زۆر كۆدەبێتەوەو بەڕێزو بە بایخەوە شەهیدەكان بە خاك دەسپێرن تەرمی شەهید دادەپۆشرێ‌ بە ئاڵای تایبەتی یەكەكەی و وێنەی شەهیدیشی بە سەرەوەیە و لەسەر سەكۆی تایبەت دادەنرێ‌ و رێورسمەكە بە سڵاوی سەربازی لە لایەن (دەستەیەك لە شەڕڤانانی كچ و كوڕ) دەستپێدەكرێت و ئاخاوتنێك لە لایەن ئەنجوومەنی مالی شەهیدان دەدرێت و پاشان شەهیدەكان دێنە ناسكردن و بۆ هەر شەهیدێك تابلۆیەكی جوان كە وێنەو ژیانامەی شەهیدی بەسەرەوەیە دەدرێتە ماڵباتی شەهیدان لە دوماهیدا كەسێكیش لە هەر مالباتێكی شەهید كورتە لێدوانێك دەداو سۆز دەدا كە درێژە پێدەری رێگایەكەی بێت .

ئێمە سەردانی مەزاری شەهیدانی (قامشلو ، كۆبانێ‌ ، عەفرین ) مان كرد ،هەروا لە رۆژانی

  • 11/3/2018 بە شداری مەراسیمی ناشتنی دوو شەهیدی شەڕڤانمان كرد لە كۆبانێ‌ كە رۆژی پێشووتر لە عەفرین شەهید ببوون.
  • لە 13/3/2018 لە 53 مین رۆژی بەرخۆدانی عەفرین سەردانی ئەنجوومەنی مالی شەهیدانی عەفرینمان كرد هۆلێكی گەورە كە هەر چوار لای دیوارەكانی بە وێنەی شەهیدانی شەرڤان داپۆشرابوو ، وێنەی (1425) شەهیدی شەرڤانی خەلكی عەفرینی لە خۆ دەگرت كە لە دەسپێكی شۆرش تا 1/1/2018 .
  • 14/3/2018 لە عەفرین بە شداری مەراسیمی ناشتنی38 شەهیدی شەڕڤانمان كرد .
  • 16/3/2018 لە كۆبانێ‌ بەشداری مەراسیمی ناشتنی كەسایەتی دیاری رۆژئاوا شەهید (عومەر عەلۆش ) مان كرد كە شەوی 14 لەسەر 15 لە گرێ‌ سپی شەهید كرابوو .
  • 17/3/208 لە قامشلو بەشداری رێورسمی ناشتنی 4 شەهیدی شەرڤانمان كرد كە لە عەفرین شەهید ببوون .

لە كاتی بەرێوەچوونی رێورسمی ناشتنی شەهیدان لە عەفرین بالە فڕ بە ئاسمانەوە بوو بۆردوومانی كەناری شاری دەكرد و مەترەلۆزەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەردەم دەوروبەرو ناوشاری بۆمباران دەكرد .

زۆر كەم بوون ئەوانەی بەسەر شەهیدەكان دەگریان ،تەنانەت خانەوادەی شەهیدانیش نەدەگریان ئەوان لە بڕی شین و ڕۆڕۆ بە سروودو چەپلە رێزان و بەرزكردنەوەی دوو پەنجەی سەركەوتن و هەل هەلە وهوتافلێدان رێورسمەكە بەرێوە دەچوو ، نەریتێك كە ژنان شكاندوویانە بەشداریكردنیانە بە رێژەیەكی زۆر لە رێورسمی ناشتنی شەهیدان شان بەشانی پیاوان ، لە هەڵگرتنی تەرمی شەهید و رێرەوكردن و شۆڕكردنەوەی تەرم بۆ نێو گلكۆ و تابوترێژكردن و گل وەسەر هەڵدان .

 

عەبادی و بەڵێنی مووچەو خۆشباوەری خەڵك

بەختیار مستەفا

بێگومان هەموومان دەزانین بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا و پێشتریش دەوڵەتانی عوسمانی و سەفەوی لەسەردەمی ئەمارەتەكان هەكات هەستیان بەلاوازی و مەترسی بۆ سەرقەڵەمرەوی حوكمرانیەكانیان دروست بوبێت هەوڵیان داوە بەبەڵێنی درۆو بێ‌ وەعدی و بێ‌ ئەخلاقی یەك كە پێی بەناوبانگن لە كورد نزیك ببنەوەو ئیستغلالی دڵسافی و رەوشت و كلتوری كورد بكەن بۆ راست بوونەوەو لەسەرپێ‌ راستبوونەوەی خۆیان،لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام هەندێك تەنازولاتی مادی و مەعنەویشیان كردووە ... بێگومان ئەم نەریتەش بۆ هەرسێ‌ دەوڵەتی توركیاو ئێران و سوریا هەمان شتە...

بەردەوام خەریكی داگیر كردن و دابەش كردنی كوردستان بوون لەدوای شەری چاڵدێران و بۆیەكەم جار دابەشكردنی كوردستانەوە تا بەئەمرۆ ئەگات بەردەوام رێككەوتنی دوقۆڵی و سێ‌ قۆڵی و چوار قۆلێیان هەبووە بەردەوامیش بەناوی ئاین و برایەتی و پێكەوە ژیانەوە ئیستغلالی گەلی كوردیان كردووە لەوەی بیانكەن بەگژ یەكداو شەری بەرژەوەندیەكانی خۆیانیان پێ‌ كردون و زۆربەی كاتەكانیش بەشێكی باشی سوپاكانیشیان لەكورد پێكهاتووە هەركاتێكیش هەیەك لەو دەوڵەتانە هاوكاری و پشتیوانی بەشێكی كوردانی پارچەیەكیان كردبێت هەرگیز بۆئەوە نەبووە كورد بەخەونەكانی بگات بەڵكو بۆ ئەوە بووە فشار لەدەوڵەتەكانی یەكتری بكەن بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی خۆیان بەهێزتر كردنی قەڵەمرەوەی خۆیان و هەركات رێككەوتنیان كردبێت ئەوەی بیریان نەماوە كورد و بەرژەوەندیەكانی ئەو گەلە بووە ... لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی شیخ مەحمودی حەفید وكۆماری مهابادو  شۆرشی ئەیلول و هەشتاكانی سەدەی رابردوو هەروەها تیرۆر كردنی سەركردە دیارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك قاسملو وەسادقی شەرەف كەندی و فراندنی سەركردەی دیاری كوردستان بەرێز عەبدوڵڵا  ئوجەلان و كارو كردەوەكانی دەوڵەتی فاشستی توركیا لەعەفرین و بۆردومانەكانی دەیان نموونەی دیاری ئەم عەقڵیەتە شۆفێنی و ئاینی و مەزهەبی و تائیفیانەی ئەوانن...ئیتر بەم شێوەیە لەكاتی لاوازی تەنازولیان كردووەو لەو كاتانەش كەخۆیانیان بەبەهێز بینیوە لەهەموو بەڵێنەكانیان پاشگەز بوونەتەوە هەركات بەرامبەر بەگەلی كورد هەنگاوێكیان نابێت دەیان هەنگاو پاشەكشەیان كردووە ... بێگومان لێرەدا نایەینە سەر باسی ئەنفال و كیمیاباران و هتد كەهەموومان باش دەزانین چی رویداوە ... ئەمە ماهیەتی راستەقینەی ئەم دەوڵەتانەن بەرامبەر بەگەلی ئێمە .. بێگومان كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش لەسەیركردن و هەندێك هەڵوێستی ژێر لێو نەبێت هیچی راستەقینەیان بۆ گەلی ئێمە پێنەبووە ..

هەروەك دەبینین لەدوای روخانی رژێمی گۆر بەگۆری سەدام حوسێنەوە دیسان بەغدا بەهاوكاری ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ بونیاتنانەوەی عێراق و دیسان لەسەرپێ‌ وەستاندنەوەی بەغدا جۆرەها تەنازولیان بۆ كورد كردەوە لەبواری حوكمرانی و پارەو پول و هتد .. بەڵام دیسان كورد نەیتوانی كاراكتەرێكی باش و یاریزانێكی سەرەكی بێت دیسان هەلیانخەڵەتاندینەوە هاوكات دیسان حزبایەتیمان كرد ودوبەرەكیمان دوبارە كردەوە هەڵپەی پارەو پۆستمان بوو نەك بەرژوەندی باڵای گەلی كوردستان و خاكەكەی..نەمانتوانی ئیستغلالی بونمان بكەین لەگێرانەوەی ناوچە داگیركراوەكان كەركوك خانەقین شەنگارو هتد تەنانەت لەهاتنی داعش و گرنگی پێدانی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بەكوردو پێشمەرگە لەروبەرو بوونەوەی داعش و بەرەی تیرۆر دا دیسان نەمانتوانی رۆڵی گرنگ بگێرین و كاتێكیش بینیان كورد خەریكە هەندێك خەونی سەربەخۆیی و شتی وا ئەبینێت و ناوچە دابرێنراوەكانیان كەوتۆتەوە دەست و خۆشیان سەرقاڵی شەری داعشن لەهەنگاوی یەكەمدا مووچەی خەڵكی كوردستانیان بری و كوردیش بۆخۆی لەو ماوەیەدا نەیتوانی حوكمرانێكی باش بێت و بگرە حوكمرانیەتێكی فاشیلی كرد و دواتریش كۆتایی هاتنی شەری داعش و هەست كردنەوە بەوردە وردە بەهێزبوونەوەی بەغدا ئێرانیەكان و بەغداو توركیا بینیان بەهۆی روداوەكانەوە خەریكە كورد بیر لەگەیشتن بەخەونەكانیەوە دەبینێت كەوتنەوە پیلان گێری و پەلاماردانەوەی خاكی كوردستان و هەر لەوكاتەشدا دیسان بێدەنگی و چاوپۆشینی زلهێزەكانی جیهان و بەرژەوەندیەكانیان و دابەشكردنەوەی نەوت و گازو بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەناوچەكە بوەوە هۆكارێكی تری لەباربردنەوەی خەونەكانمان بێگومان پەرتبوونی گەلی كوردیش بۆخۆی و گەرانەوە بۆ خۆپەرستی و حزب حزبێنەوە كاركردن بەعەقڵەتی وێرانكردنی كوردستان بەسەر خۆم و دوژمنەكانمدا هۆكاری هەرە سەرەكی تری پشتی روداوەكان بوو..

لەئەنجامی هەموو ئەوانە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەرمان بینی چۆن پیلانی داگیر كاران و بەرژەوەند پەرستی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بێ‌ ئەخلاقی سەرمایەدرای جیهانی بەغدا بەئاسانی هاتەوە كەركوك و ئەو ناوچانەی بەخوێنی هەزاران پێشمەرگە بەدەستمان هێنابووەوە ..ئێستاش ئەوە بۆماوەی شەش مانگ دەبێت بەغدا ئەو ناوچانەی داگیر كردۆتەوە دیسان دەبینین بەغدا بەهۆكاری ئەوەی دیسان خۆی بەبەهێز دەبینێت بەئاشكرا ئیهانە بە هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كورستان دەكات ..دەیانەوێت خۆیان وەكو حاكمی موتڵەقی عێراق بەكوردستانیشەوە پیشان بدەن دەست رۆیشتوو بەسەر هەموو كونج و قوژبنێكی كوردستان و عێراق نیشانە بدەن و هاوكات زەلیلێتی كوردستان حوكومەتەكەی پیشان بدەن ....دەسەڵات بەسەر خاڵە گومرگیەكان فرۆكەخانەكان جەوازات و داهاتی ناوخۆ و پشكنین و وردبینی فەرمانبەران و موچەخۆرانی كوردستان وێرای ئیهانە كردن بەهاوڵاتیانی ناوچە دابرێنراوەكان لەكەركوك و دوزخرماتوو وە ئازاردان و داگیر كردنی ماڵ موڵكیان و تەقاندنەوەی ماڵی چەندین هاوڵاتی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە و ێرای دەست كردنەوە بە تەعریب و بەشیعە كردنی ئەو ناوچانە ... وێرای ئەوانە لێرەو لەوێ‌ بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبووین و دەبین كەعەبادی مووچە دەنێرێت و نەخێر ناینێرێت ئەوەندەی ناردووئەوەندە دەنێرێت و هتد بەم شێوەیە لەمەسەلەی مووچەش دا بەغدا ئیهانە بەهاوڵاتیانی كوردستان دەكات و ئەمرۆو سبەینێ‌ مان پێدەكات و دوای شەش مانگ یەك لەسەر سێ‌ ی مووچەی یەك مانگی رەوانەكرد...

مەبەستم بوو لێرەدا ئاماژە بەوە بكەم یەكەم بەغدا هەستی بەبەهێزبوونەوەی خۆی كردەوە دوای تەواو بوونی شەری داعش و پشتیوانی كردنی لەلایەن ئێرانەوە و بەكوشتدانی هەزارەها گەنجی كورد لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمەریكیەكانەوە بەناوی بەگژدا چوونەوەی تیرۆرو شەری داعشەوە ..... دووەم بۆ ئەوەی جارێكی تر كورد بیر لە جیابوونەوەو كاركردن بەریفراندۆم و گێرانەوەی ناوچە دابرێنراوەكان نەكاتەوەو هەموو شتەكان لە پێدان و پێنەدان و تەواو كردن تەواو نەكردنی مووچەی فەرمانبەراندا كورت بكاتەوە ....

لەم لاشەوە حكومەتی هەرێم هەرگیز نەیتوانیوە حوكمرانیەتیەكی جوان پێشكەش بكات كاتێك پارەیان لەبەردەست بوو كەوتنە كرینی وەلائەت و دامەزراندنی خەڵك بەلێشاوو بوونی هەزارەها بندیوارو كەوتنە ژێرباری قەرزی زۆرو هەڵخەڵەتاندنیان لەلایەن كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت و ئاوەدانكردنەوەو قۆرخ كردنی زۆرینەی هەرە زۆری جومگەكانی حوكمرانی بۆ بەرژەوەندی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ و كورسی دەسەڵاتیان ،بەگشتی حكومەتێكی بێ‌ سەروبەرە و ناشەفاف بێ‌ چارەسەرو دەستەوەستان هتد...بووە بەتەواوی متمانەی زۆرینەی رەهای میللەتی لەدەست داوە... لەهەمان كاتدا بەغداش زانی چۆن هێزە سیاسیە كوردستانیەكان پەرت بكات .. بۆیە ئەوەی لەلایەن كوردستانەوە روی داوەو ئەوەی لە لایەن داگیركارانی كوردستانەوە روی دا رو دەدات نابێت لامان غەریب و نامۆ بێت چوونكە هەردوولا و هەر ئەوەندەیان لەبار دایە ... زۆر بەداخەوە جەماوەری كوردستان كەوتۆتە ناو بەرداشی هەردولاوە ...لایەك بەغداو دوژمنان و ناحەزان لایەكی تریش حوكمرانیەتێكی فاشل و خراپ و هاوكات هەڵەی ئۆپسیۆنیشەوەو بەم شێوەیە خەریكە بەمەبدەئی ( علی وعلی اعدائی ) بەسەر خۆماندا كاولی دەكەین و خەونی سەدان ساڵەی گەلی كورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و یەكسانی و حوكمرانیەتێكی دیموكراسیانەو شەفاف لەبار ببیەین ...خەریكە ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی لەبار ئەبەین ..

بۆیە لەكۆتاییدا دەتوانین بڵین چارەسەر یەك رێگایە ئەویش گەرانەوەیە بۆ مەنتقی عەقڵ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی گەرانەوە بۆ لای گەل و پێدانەوەی حوكمرانی بە نوێنەرانی گەل بەشێوەیەكی راستگۆیانە و بەسەروەرێتی كردنی یاساو باشكردنەوەی گوزەرانی خەڵك و پێدانەوەی مووچەكانیان و پاراستنی بەرژوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستان و وەستناەوەیە بەرەو روی پیلانەكانی دەوڵەتانی ناوچەكەو بەغداش لەگەڵ ئەوان و بە قسەی ساف و لوسی دوژمنانیش فریو نەخۆین و چوونكە هەرگیزاو هەرگیز نە بەغدا و نە تاران و نەئەنقەرە و نەدیمەشق و نەلەلایەن جیهانەوە هیچیان بۆ كورد پێ‌ نیە و لەهەڵخەڵەتاندن بەولاوە چیتریان پێ‌ نیە گەر گەلی كورد بۆخۆی هیچ نەبێت دڵنیا بین ناتوانین هەرگیز خۆمان بكەینە ئەمری واقع بەسەركەسدا و كەسیش رێزمان لێ‌ ناگرێت .. هەروەك پێویستە بەوەعدو بەلێنەكانی حكومەتی هەرێمیش فریو نەخۆین تا بەبەڵگەوە كار بۆ چاكسازی راستەقینەو گەرانەوە بۆ گەل ئەنجام نەدات...بەهیوای ئەوەی ئەم هەنگاوانەی لەئایندەدا دەنرێن ببنە هۆكاری راستكردنەوەو گێرانەوەی متمانەی هاوڵاتیان و ئینتمای نیشتمانی بەهێز بكاتەوەو سەرلەنوێ‌ بگەرێنەوە بۆ خەوبینین و بەدەستهێنانی مافەرەواكانی خۆمان لەسەربەخۆیی و ئازادی و..........هتد.