ڕۆشنبیری و سەردەمی شارستانییەتی دیموکراتی

دیلمون که‌ریم

وه‌رگێڕانی لە عەرەبییەوە: چرا عومه‌ر

سه‌رده‌می شارستانییەتی دیموکراتی، بە چەرخی پڕاوپڕ لە ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و بیروبۆچوون و لێبووردەیی و شەفافییەت دادەنرێت. بە باشترین چەرخ دادەنرێت کە کۆمەڵگەکان توانیویانە نمایشی خودی خۆیان بکەن لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە بواری سیاسی و شارستانیدا. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ چەرخی کۆن و، هەروەها ببێتە ڕەنگێک بۆ چەرخی نوێ، بریتییە لە "نمایشی ڕۆشنبیری" کە بە هۆکارێکی جووڵێنەر بۆ سیستەمی سیاسیی نەتەوەکان دادەنرێت.

ئێمە سەردەمی فەلسەفە، حزبی، خێڵەکی و ئایدیۆلۆژیمان تێ پەڕاند. هەموو چەرخێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، جا لە ڕووی بیروبۆچوون و باوەڕەوە بێت، یان لە ڕووی بەها ڕۆشنبیرییەکانەوە بێت. تەنیا ڕاستییەک هەیە دەبێت بخرێتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی ئەم چەرخانە نەیانتوانیوە وێنای هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن، بەڵکوو تەنیا خۆی لە نواندنی بەشێکیدا بینیوەتەوە. ئەم لەخۆنەگرتنەیش کۆمەڵێک جیاوازیی دروست کردووە: بەشێک لە خەڵکان لە سادەترین مافە ڕۆشنبیرییەکان بێبەش بوون؛ بەشێکی تر ناتوانن بەپێی ڕۆشنبیری و خۆشگوزەرانیی خۆیان بژین، لەبەر ئەوە هەوڵی سەپاندنی ڕۆشنبیریی خۆیان دەدەن.

دەتوانین بڵێین ناشرینترین وێنەی زۆرلێکردن و چەوساندنەوە بریتییە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیریی گەلان، لەبەر ئەوەی ڕۆشنبیری، بەڵگەی هەبوون و ڕەسەنیی گەل نیشان دەدات؛ بەبێ ئەم ڕۆشنبیرییە، ناتوانرێت باس لە هەبوونی گەل بکرێت. دەبینرێت مێژوو خاڵی نییە لە شەڕوشۆڕ و پیلانی ئامانجدار بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیریی نەتەوەکان؛ دیارترین نموونە وەکوو هیتلەر و مۆسۆلینی. ئەم دووانە پێویست بە شیکردنەوە و توێژینەوە ناکات بۆ ناساندنیان، هەروەها ڕەگەزپەرستیی کەمالییەکان درێژەی کێشا تاوەکو دواتر ئەم ڕەگەزپەرستییە مایەوە بۆ تورکەکان و سوڵتاننشینی عوسمانی كە تا ئەمڕۆ بوونیان هەیە. هەروەها ئەم سیستەمە حوکمڕانییەی کە نکوڵی لە هەبوونی نەتەوەی کورد و کەمینەکانی تر دەکات. شۆڤینییەتی عەرەبی لە سیستەمی بەعسی حوکمڕاندا کە کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا، هەروەکوو ئەو تاوانەی دژ بە هەڵەبجە کردی.

ئەم وێنەی دوایییەی چەوساندنەوە، بۆتە زمانی سیاسی و دیپلۆماسی و، هەروەها زمانی ئینترنێت و کۆمپیوتەر. ئەوەی چەرخی نوێ جیا دەکاتەوە، تایبەتمەندیی "بەیەکداچوونی ڕۆشنبیرییەکانە"، کە وەکوو کەیسێکی سیاسی لە بەرامبەر نەتەوەکان و سیستەمەکانیان دەردەکەوێت. بە شێوەیەک، ڕۆشنبیرییە پێکچووەکان لێک نزیک دەکاتەوە و جیاوازەکان لێک دوور دەخاتەوە. لێرەدا، جه‌نگی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا دروست دەبێت؛ ئەوەیش ناکۆکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕ دروست دەکات و، دەبێتە کێشەی سه‌رده‌مه‌که‌. لە ڕۆژهەڵاتدا هەمان شت ڕوو دەداتەوە، بەتایبەتی ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان؛ بۆ نموونە جه‌نگی ئیسڕائیلی و فەڵەستینی.

هەروەها لەسەر عەرەب پێویستە، بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و بەعسییانەیان واز لێ بێنن، لەبەر ئەوەی دوورە لە تایبەتمەندی و پره‌نسیپەکانی ئەم سەردەمە و، لە جیهانی نوێدا جێگەی نابێتەوە. هەروەها له‌سه‌ر کورد و هەموو نەتەوەکانی تر و کەمینەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە، واز لەم بیرکردنەوانە بێنن. ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، لە ململانێیەکدا دەژین کە لە مێژوودا وێنەی نییە. بەمەیش دوو ڕۆشنبیری کۆ دەبنەوە و ڕۆشنبیریەکی شارستانییانە دروست دەکەن، بەڵام ئایا شێوەی ئەم ڕۆشنبیرییە نوێیە چۆنە؟ ئایا کام لایەن سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ڕۆشنبیریی به‌جیهانیبووی ئەوروپی و ئەمریکی، دەبێتە جێگرەوە؟ یان ڕۆشنبیریی نوێی ڕۆژهەڵات؟ هەموو ئەمانە وەڵامەکانیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو ده‌مێنێته‌وه‌.

پێویستە باسی دەوڵەتیش بکەین، کە بووەتە ئامرازێکی خۆسەپاندن و لەناوبردنی ڕۆشنبیرییەکان لە ڕێگەی هێز و پاڵەپەستۆوە. سیستەمی هەڕەمەکی کە دەوڵەت جیا دەکاتەوە و، شەرعییەت دەداتە نایەکسانی لە نێوان خەڵکدا، بۆتە هۆی دروستبوونی چینی ئەریستۆكراتی و خزمەتکار، بەندایەتی و گەورەکانیان؛ ئەمە دوورە لە هەموو بەهایەکی مۆڕاڵی و ئیتیکی و مرۆڤایەتی. درۆ و فێڵکردن بۆتە ڕێگەیەکی باو بۆ ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵات و لە هەمان کاتدا بۆتە خەسڵەتیکی دیاری سیستەمی حوکمڕانیی ئێستامان، بەداخەوە خاوەن کەسایەتییە دیارەکان دوور دەخرێنەوە بە بیانووی لادانیان لەم سیستەمە بۆگەنە.

بەڵام لە کاتی ئێستادا گەورەترین کێشە و مەترسیدارترینیان، لە ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی و شۆڤینییەت و لە مانەوەی دەسەڵات بۆ نەوەکانی خۆیاندا خۆی دەبینێتەوە، چونکە دیکتاتۆرەکان توانای وازهێنان لە دەسەڵاتیان نییە, هەرکات میللەت دژیان وەستا دەستدەکەن بەوێرانکاری و خاپوورکردن. بێ گومان، ناکرێت نکوڵی له‌ لایەنی باشی ئەم بابەتە بکرێت، وەکوو ئەو ڕۆڵەی لە پێشکەوتنی شارستانییەت و خۆشگوزەرانیی مرۆڤایەتیدا هەیبووە. من پشتگیری لە شێوەی دیموکراسییەتی ئەم سەردەمە دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناوەڕۆکی دەوڵەت، خاڵییە لە ڕۆشنبیری و دیموکراتی, هەرچەندە لە دەستوورەکانیاندا  باسیان لە دیموکراسییەت کردووە. بۆیە بە قەناعەتی من، قبووڵکردنی لە دەستووردا گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوە گرنگە تا چەند دەگاتە لە واقعدا کاری پێ دەکرێت, کە ئەمەش لە ڕۆشنبیریی دیموکراتیدا خۆی دەبینێتەوە. سیستەمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (پاشایه‌تی، ئۆلیگارشی و تیۆکراتی) دوورن لە عەقڵەوە.

چارەسەری گونجاو بۆ ئەم قۆناغە بریتییە لە دیموکراتیی دەوڵەت، بەڵام ئەوە چارەسەری کۆتایی نییە، لەبەر ئەوەی بڕوام بە دیموکراتییەتی ئیکۆلۆژیی سروشتی هەیە. ئاستی دواکەوتوویی و بیرکردنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەم سەردەمە ناگونجێت. لەگەڵ ئەوەیش ڕاستییەک هەیە، کە دەکرێت جێگرەوەی شارستانییەتی ئەوروپی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش تێکەڵکردنی ڕۆشنبیریی گەلەکانییەتی لەگەڵ یەکتر. لەسەر هەموو ڕۆشنبیرییەکان پێویستە ئەم لایەنانە وەلا بنێن کە لەگەڵ سەردەمی نوێدا ناگونجێن؛ ئەمەیش به‌ مانای دەستبەردان لە بەهاکان نایەت بەڵکوو بە هەنگاوێک دادەنرێت بەرەو پێشکەوتن و یەکگرتن لەگەڵ سەردەمدا و، گەیشتن بە ڕۆشنبیرییەکی ناوەڕۆکدار و پێشکەوتوو و شارستانی.

لێرەدا پێویستە یەکەمجار گەل بگەیەنرێت بە قۆناغی ئاگایی و زانین لە ڕێگەی ڕاهێنان و فێرکردن و ڕۆشنبیری و تێپەڕاندنی لایەنە نێگه‌تیڤه‌کان، گرینگترینیان: بیناکردنی دامەزراوەی شارستانی لە هەموو بوارەکان لە ڕووی بەدەستهێنانی مافەکان بێت، یان لە ڕووی زانستی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، هەروەها بیناکردنی شارەوانیی ئازاد بۆ ئەوەی ببنە نموونەی ڕۆشنبیری و، گەل لە ڕێگەیانەوە فێری چۆنێتیی بڕیاردانی دروست و خۆبەڕێوەبردن بێت. هەروەها دەبێتە هۆی دروستکردنی بیرێکی نوێ و، بیرکردنەوە تەسکەکان تێ دەپەڕێنێت کە بە سیستەمی حوکمڕانییەوە بەستراوەته‌وه‌، هەروەها بەلاوەنانی سیستەمی هەڕەمەکی کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگە ناگونجێت و لەگەڵیدا ناکۆک دەبێت. بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گونجاو لەگەڵ سروشت و ژینگە و تاکەکانی، کە لە نێوان تاکەکان و لە نێوان پیاو و ئافرەت و، هەروەها لە نێوان ڕۆشنبیریی گەل و کۆمەڵگەکاندا گونجان دروست بکات.

ڕۆشنبیری کە دەبێتە شێوەی سەردەمی نوێ، دەتوانێت لەگەڵ ڕۆشنبیرییه‌کانی تر لە کەشێکی پڕ لە لێبووردەیی و یەکسانیدا گونجان دروست بکات. شۆڕشی زانستی و ته‌کنه‌لۆژیش بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ دروستبوونی ڕۆشنبیرییەکی دایک و گەورە کە ڕۆشنبیرییەکان بە هەموو شێوەکان و ڕەنگە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ئاگاییی کۆمەڵگە کە پشتی بە زانست و ته‌کنه‌لۆژی بەستووە، هەموو ئەمانە وێنە دەکات بە بەهاکانی ڕەوشتی و ڕۆحییەوە؛ بەهاکانی مرۆڤایەتی سەڕەڕای هەموو پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکان بە باڵایی دەمێننەوە.

http://www.dabran.org/

دروستكردنی به‌ها

هه‌ندرێن شێخ راغب

مامۆستا كادیرێكی ساده‌ی ناو كایه‌ی بوارێكی دیاریكراو نیه‌، مامۆستا مرۆڤ دروست ده‌كات به‌هه‌موو ئاڵۆزی‌و غه‌ریزه‌و فكرو بیروباوه‌ڕیه‌كانیه‌وه‌، خه‌له‌ل له‌مامۆستا، مانای خه‌له‌له‌ له‌كه‌ون، ئه‌وه‌ی دنیا لای مرۆڤ ده‌كاته‌ كولتورێكی به‌رده‌وام جوان‌و داهێنه‌رو مانه‌وه‌، رۆشنبیری‌و توانا‌و سه‌لیقه‌ی په‌روه‌رده‌یی مامۆستایه‌، مامۆستا نایه‌ته‌ پۆله‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌منداڵێكی تازه‌ چرۆ كردوو بڵێت: دارا دوو داری دیت؟ مامۆستا خه‌ون و خه‌یاڵ و به‌هاو ره‌وشت ده‌خاته‌ ناو ده‌ماغی ئینسانه‌وه‌..

ئه‌وه‌ی به‌هاكانی مرۆڤ دروست ده‌كات قوتابخانه‌و مامۆستایه‌، ئاخر من مامۆستا فێری كردم شام شه‌كره‌ به‌ڵام نیشتمان شیرینتره‌..مامۆستا فێری كردم هه‌ر كه‌ له‌ته‌والێت هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئاوو سابون ده‌ستم بشۆم..مامۆستا فێری كردم ئاگام له‌هه‌ست و نه‌ست و جوانیه‌كانی دایك‌و باوك‌و براو خوشكه‌كانم بێت. مامۆستا فێری كردم كه‌ له‌ شه‌قام په‌ڕیمه‌وه‌ چاودێری راست وچه‌پی خۆم بكه‌م. مامۆستا فێری كردم رێزو شه‌رم چیه‌ كاتێك له‌ناو كۆمه‌ڵگا ژیان ده‌كه‌یت..زۆر شتی تریش…

راسته‌ خێزان فێرگه‌ی یه‌كه‌مه‌، خێزانه‌كه‌م به‌هاكانی منیان دروست كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌هایانه‌ ده‌پارێزیت مامۆستایه‌ نه‌وه‌كو خۆت..چونكه‌ مامۆستا له‌خۆت ناپرسێته‌وه‌ پێت ده‌ڵێت به‌ دایكت، یان باوكت بڵێ به‌یانی بێنه‌ قوتابخانه‌..ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ساده‌ نیه‌، ئه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی قورسه‌ له‌ به‌هاكان..به‌هاكانی ئێمه‌ به‌ده‌ست مامۆستاكانمانه‌وه‌یه‌..ئه‌وه‌ی مامۆستا برسی بكات، مانای وایه‌ ده‌ستكاری كه‌ون ده‌كات، خه‌ون و به‌ها ره‌وشتیه‌كانی مرۆڤ ده‌كوژێت. موچه‌ی مامۆستا ته‌نها بۆ پاره‌و بژێوی نیه‌، موچه‌ كه‌رامه‌ته‌، عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ كه‌سێكی ناكه‌س به‌چه‌و هه‌رچی و په‌رچیه‌، كاتێك به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی كوردستان ده‌كات، به‌زاندنی هه‌موو به‌هایه‌كه‌، خۆشتان ده‌زانن كرۆكی مرۆڤ به‌هاكانیه‌تی، مرۆڤ كه‌ به‌های نه‌بوو، مانای وایه‌ هیچ كه‌سایه‌تی نیه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌ترین زیانمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ تۆرانی مامۆستا له‌به‌هاكانی، چونكه‌ مامۆستا ته‌واو توڕه‌و تۆراوه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی. ئه‌مه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ وایكردووه‌ مامۆستایان‌و پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی چاوه‌ڕێی یه‌ك دوو گه‌نده‌ڵی به‌غدا بكه‌ن بۆ وردبینی‌و پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی موچه‌خۆران..ئێمه‌ ده‌بێت بزانین وێران بوونی ژیانی مامۆستا، وێران بوونی ته‌واوی دنیای ئێمه‌یه‌. نه‌فره‌ت له‌م ده‌وڵه‌ته‌ی به‌ میزاجی شۆڤێنی‌و عه‌قڵی هیتله‌ریانه‌ خه‌ریكی له‌ناوبردنی به‌هاكانی خه‌ڵكی كوردستانه‌. نه‌فره‌ت له‌ گه‌نده‌ڵی‌و پاره‌خۆری‌و ناعه‌داله‌تی كوردستان كه‌ مامۆستایان‌و موچه‌خۆرانی كوردستانی به‌م رۆژه‌ گه‌یاند.

عەفرین و قەیرانی ناسنامەی تورکیا

چیا عەباس

گەورەترین شانازی کورد لە ساڵانی دواییدا بەرەنگاربونەوەی تێرۆریزم و دڕندایەتی و هەمەجیەتی داعش بو. ئەوە تەنها بەرەنگاربونەوەی هزرێکی ئاینی خوێنرێژی وەحشگەرا نەبو، بەڵکو بەرگریکردنیش بو لە نەتەوە و خاک و بەهاکانی مرۆڤ و ژیان، هەزاران شەهید و برینداری هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلا و تێکۆشەرەکانی تر ئەو راستیەیان سەلماندوە.

کێشەیەکی گەورەی ئەم سەردەمەی کورد ئەوەیە کە ئاسان نیە لە نێو زلهێزەکانی دنیادا کە تەحەکوم بەناوچەکەمان دەکەن نیەتی باش و گوماناوی و خراپیان بخوێنرێنەوە و لە یەک جیا بکرێنەوە و بەو پێوەرەش مامەڵەیان لە گەڵدا بکات، هەرچەندە ئەم تێکەڵاوبونە بۆتە واقیعێکی سیاسی ئەم سەردەمە، بەڵام ئەوەی ئەم هاوکێشەیە ئاڵۆزتر دەکات  ئەو راستیەیە کە هێزە بنەرەتیەکانی کوردایەتی نایەنەوێت دیدگایەکی هاوبەشی رونیان بۆ رەوشی سیاسی ئێستای دنیا و ناوچەکە و ئایندەی نەتەوەکەیان هەبێت، بەهۆی ئەم پەرتەوازەییەشەوە نیەتە جیاکانی زلهێزەکانی دنیا و داگیرکەرکەران دەتوانن گورزی کوشندە لە کورد بوەشێنن.

قەدەری کورد وابوە دابەش کراوە و بەئەقڵیەتی دژایەتیکردن و شۆڤێنزمی نەتەوە داگیرکەرەکان و ناکۆکی خوێناوی مەزهەبەکان دەورە دراوە، لە گەڵ کۆتایی شەڕی سارد و لە ئاکامی وەڵامی توندی نێودەوڵەتی بۆ داگیرکردنی کوێت و دواتر روخاندنی رژێمی سەدام شەرعیەتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەمان لەلایەن زلهێزەکانی دنیاوە پشتگوێخرا، ئەمەش دەرفەتێکی بۆ هەناسەدان و هەڵساندن و بەدیهێنانی بەشێک لە مافەکانی کوردی رەخساند. خاڵی هەرە لاوازی ئەو دەرفەتە کا تا ئەم چرکەیەش رۆڵی زۆر گرنگی هەیە لەوەدایە کە کلیلی گۆرانکاری و روداوەکان بەدەست ئەو زلهێزانە و پاشکۆکانیانە لە ناوچەکەدا، روداوەکانی 31ی ئاب و بەزۆر لکاندنمان بە عێراقەوە و دژایەتیکردنی ریفراندۆم و کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەر و لە ئێستاشدا عەفرین ئاماژەی حاشاهەڵنەگرن بۆ ئەو خاڵە لاوازە.

 

لە گەڵ ئەو واقیعە تاڵ و سەختەشدا، کوردی رۆژئاوا لە رۆژانی بەرخودان لە کۆبانێ و ئەو سەرکەوتنە مەزنانەی لە مەیدانی جەنگ و حوکمڕانی و سیاسەتدا بەدەستیان هێناوە بونەتە سیما بەرز و درەوشەوەکانی کورد لە دنیادا.

STEVEN A. COOK پسپۆری تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریکا لە کۆنسوڵی پەیوەندیە دەرەکیەکان لە نوسینێکیدا لە سەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە Atlantic Daily نوسیویەتی:  لە سەدەی نۆزدەدا بەریتانیا، فەرەنسا و روسیا کارئاسانیان بۆ سەربەخۆیی یۆنان، سربیا، مۆنتیگیرۆ، بولگاریا، تونس و میسر کرد، ئەم وڵاتانە بەشێک بون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە ساڵی 1920 براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهان عوسمانلیەکانیان ناچار کرد پەیمانی سیڤەر ئیمزا بکات، بەپێی ئەو رێکەوتنە هەریەک لە لوبنان، سوریا، ئوردون لە دەسەڵاتی عوسمانلی دابڕێنران، هەر بەپێی رێکەوتنەکە فەرەنسا زۆنێکی دەسەڵاتی لە بەشی باشوری رۆژهەڵاتی ئەنەتۆلیای پێدرا لە گەڵ دەسەڵاتی بەسەر سوریا و لوبناندا، ئیتاڵیەکان چەند ناوچەیەکی باشور و ناوەڕاستی ئەنەتۆلیایان وەرگرت کە ئەنتالیا و کۆنیای تێدا بو، یۆنان پرۆتۆکتۆرێکی لە سمیرنا (ئیزمیر) دروستکرد.

لە وەڵامی ئەم روداوانەدا مستەفا کەمال ئەتاتورک لە گەڵ سوپایەکی ناسیۆنالیستەکانی تورک هێزەکانی هاوپەیمانانیان دەرکرد و لە 29ی ئۆکتۆبەری 1923 دامەزراندنی کۆماری تورکیان راگەیاند.

وێڕای سەرکەوتنی ئەتاتورک و چەسپاندنی پێگەی تورکیا وەک هێزێکی ناوچەکە بەڵام تا دەهات متمانەی هێزەکانی ناوچەکە و تەنانەت هاوپەیمانانی تورکیا بە کڵتوری سیاسی تورکیا لاواز دەبو.

لە ماوەی 94 ساڵی رابوردودا سەرکردەکانی تورکیا جەختیان کردوەتەوە لەوەی کابوسی دوای کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهان نابێت دوبارەببێتەوە، وێڕای هەوڵی زۆریان، بەڵام پێیان وایە نمونەی رۆژئاوا و بە بەشداری ئەمریکا مەترسیەکی جدی لە سەر تورکیا دروستکردوە.

بڕیاردەرانی سیاسەت لە واشنتۆن گرنگی تورکیا لە بنەڕەتدا لە مەوقعە جوگرافیەکەیەوە دەبینن، ئەم پێگە جوگرافیە زەرەرەشی بۆ تورکیا هەیە، بەتایبەت سنورێکی درێژی لە گەڵ وڵاتانی نائارام و پر کێشە و قەیران هەیە.

چاودێران بەسەرسوڕمانەوە گوێبیستی ئەردۆغان بون کاتێک لە ئۆکتۆبەری 2016 گومانی دەربارەی پەیمانی لۆزانی 1923 دەربڕی کە تێیدا سنورەکانی تورکیا دیاریکران.

جوگرافیا جەخت لە کێشەی ناسنامەی تورکیا دەکاتەوە، بێجگە ئەمەش کێشەی نەتەوەکانی تر لە تورکیا، بەتایبەت کورد و ئەرمەن کە گەورەترین پێکاهەتەی غەیرە تورکن لە ئەنەتۆلیا و پشتگیری بەهێزیان لە رۆژئاوا هەیە.

تورک بەدرێژایی سەدەی پێشو کێشەی گەورەی لە گەڵ لەرزۆکی پێگەی جوگرافیای تورکیا هەیە، لەو مێژوەشدا تورک دڵنیا نەبوە لە زلهێزەکانی دنیا، ململانێکانی ساڵانی دوایی لە سوریا ئەو هەستەی خەستتر کردوە.

ئەمەریکا بۆ زیاتر لە چوار ساڵی خواستی نەبو دەستێوەردان لە کوشتن و بڕینی سوریا بکات، تورک ئەم هەڵوێستەی ئەمریکای بەمەترسی لە سەر ئاسایشی خۆی دەزانی، کاتێک لە دوا مەتافدا ئەمریکا دوای کۆبانێ لە سوریا چالاک بو مەترسیەکانی سەر ئاسایشی تورکیا گەورەتر بون..

بێگومان دو دڵی تورکیا بۆ شەڕکردنی داعش وایکرد ئەمەریکا زیاتر لەگەڵ کوردەکان کاربکات. پێدەچێت ئێستا ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ داوای تورکیا بۆ دروستکردنی زۆنێکی ئارام بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لە عەفرین، بەڵام تورکەکان متمانەیان بە ئەمەریکا نیە، چونکە واشنتۆن رۆڵی گرنگی لە کابوسی سەد ساڵەی تورکیا بینیوە.

 

دەبێت تورکیا لەم هێرشکردنەیدا بەرپرسیاریەتی خۆی لە چەند بوارێکدا بەیان بکات، وەک: لە گەرمەی کێشە و قەیرانی سوریادا تورکیا چاوی لە جییهادیستەکانی سەر بە قاعیدە داخست، زۆر دو دڵ بو لە شەرکردنی داعش، ئایا بۆ تورکیاش باشتر نیە بە نیەتێکی کراوە مامەڵەی کوردی وڵاتەکەی بکات لە بری زەبری مەچەک، هاوار هاوار و ریتۆریکی سەرکردەکانی تورکیا بۆ پشتگیریکردن لە هێرشەکە راستیەکە خوێنڕشتن بەدوایدا دەهێنێت. ( کۆتایی نوسینەکە)

دوای نزیکەی 95 ساڵ لە سەربەخۆیی تورکیا ئەردۆغان شەڕی ئەو ناسنەمەیەی گەرم کردوە. بێگومان ئەو ناسنامەیەی ئەردۆغان بۆ تورکیا مەبەستیەتی تێكەڵاوە لە هزری شۆڤینیزمی تورکی و هزری ئاراستە ئاینیەکەی حیزبەکەی.

لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەم چرکەیە ئەمەریکا گەورەترین هێزی دنیا بوە کە دەوڵەتی تورکیای لە لێواری بەهێزبون و لاوازبوندا راگرتوە و رێگەشی پێنەداوە ناسنامەکەی یەکلایی بکاتەوەوە و بچەسپێنێت.

چەندین کودەتای سەربازی و جورعاتی یارمەتی دارایی و سەربازی بۆ تورکیا و رێگەپێدان گەورەترین سوپای لە ناتۆدا هەبێت و رێگریکردن لە قبوڵکردنی تورکیا وەک ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و چەندین سیاسەتی تر دەیسەلمێنن ئەمەریکا و ئەوروپا تورکیایان وەک مقاشی ناو ئاگردان بەکارهێناوە.

وێڕای ئەوەی تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە و بەدەروازەی رۆژهەڵاتی ناتۆ ناسراوە، بەڵام هاوپەیمانەکانی لەو حلفەدا هیچکات وەڵامێکی جێگیر و رازیکەریان بۆ داواکاری و خواستەکانی تورکیا نەبوە، ئەمەش بەدەر لەوەی کێ لە ئەنکەرە حوکم دەکات. زیادە بۆ ئەمانەش وەک پرەنسیپێکی سیاسی نەگۆر ئەمەریکا هیچکات رێگەی نەداوە دۆستە زلهێزەکانی ناوچەکانی دنیا لە فەلەکی خۆیدا نەسوڕێنەوە و ئەوەندە باڵادەست بن تەحەکوم بە روداوەکان بکەن.

لە دوای هاتنی ئیسلامیەکان بۆ دەسەڵات لە تورکیا، لە سەردەمی ئەربەکانەوە تا ئەم ساتە، ئەمەریکاو رۆژئاوا حسابی حەسحەسێکی کەم متمانەیان بۆ تورکیا کردوە و بەو شێوازەش مامەڵەیان کردوە و تادێتیش متمانەی نێوان تورکیا لەلایەک و ئەمەریکا و ئەوروپا لەلاکەی ترەوە رو لە کزبون دەکات، تەنانەت چەند دەنگێکی ئەوروپی و ئەمەریکی دەبیسترێن کە داوای دەرکردنی تورکیا لە ناتۆ دەکەن.

بەپێی هەڵسەنگاندنی چەندین چاودێری نێودەوڵەتی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ قورتاربون لە فەلەکی ئەمەریکا سەرەتای داڕماندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا و دەسەڵاتی ئیسلامیە تێیدا.

یارمەتیەکانی ئەمەریکا بۆ کوردی رۆژئاوا، بەتایبەت پلانی بۆ دروستکردنی هێزێکی (30.000)چەکدار وەک گاردی سنورەکانی باکوری سوریا لە گەڵ تورکیا ئەردۆغان و رژێمەکەی هەراسان و هار کردوە.

هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە کاتێکدایە کە پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئەمەریکا و ئەندامانی ناتۆ و هاوپەیمانی دژی داعش لە خاڵی داڕمان و پچڕاندن نزیکبونەتەوە.

Jim Mattis وەزیری بەرگری ئەمەریکا دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین رایگەیاند: "ئەوان پێش پەلاماردەنەکانیان ئێمەیان ئاگادار کردوە کە ئەوان ئەو کارە بەراوێژ لە گەڵ ئێمەدا دەکەن، ئێستا کاری لە سەر دەکەین”. ماتیس وتی: "تورکیا خەمی رەوای ئەمنی هەیە و تاکە ئەندامی ناتۆیە کە لە سنوری وڵاتەکەدا یاخیبونێکی چالاک هەیە.  هاوکات ماتیس راشیگەیاند: ” ئەوان، (مەبەستی کورد و هێزە شەرکەرەکانی تر کە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات) کاریگەری خۆیان سەلماندوە، هەزاران قوربانییان داوە، بینرا چۆن بەپشتگیری  هاوپەیمانان خەلافەتی داعشیان لە سوریا دارمان”.

لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی خەمەکانی ئەمەریکا بۆ رەوشەکە ماتیس وتی: "زۆر بەئاگاین لێی و لە سەر ئاستی باڵا خەریکین … و کاری لە سەر دەکەین”.

ئەم هەڵوێستە ناڕون و مەتاتیەی ئەمەریکا کێشەی قەیرانی ناسنامەی تورکیا زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.

تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ لە بواری سەربازی و سیاسیەوە لە روسیا نزیک بۆتەوە. ئەم هەوڵەشی بۆ فشارکردنە سەر ئەمەریکا و رۆژئاوا تا بەدەنگ داخوازیەکانیەوە بچن و رێگر نەبن لە سەپاندنی ناسنامەیەکی ناسیۆنالیزمی ئیسلامی بەرابەرایەتی ئەردۆغان. ئەگەر ئەردۆغان لەو باوەڕەدایە دەتوانێت لەم سەردەمەدا نێوان ئەو دو زلهێزە سەرپشکانە گەمەکانی خۆی بکات، ئەوا زۆر سەرکردە و هێزی تر پێشتر ئەوەیان تاقیکردۆتەوە و کەسیان بەسەلامەتی لێی دەرنەچون.

کورد بێجگە بەرگری سەربازی بوارێکی لەباری بۆ رەخساوە قەیرانی ناسنامەی تورکیا ورد و ژیرانە بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکار بهێنێت، چونکە مێژوی سەد ساڵەی پێشوی تورکیا سەلماندویەتی تورکیا لەو گرێ کوێرە توندە وا زو دەربازی نابێت.

موچە بۆ نادەن؟

عەلی مەحمود

لەو رۆژەوەی دەستەواژە گرنگەكەی ترۆتسكی"كەم لە سیاسەت , زۆر لە ئابووری"م خوێندۆتەوە , لەو كاتەوەی گەلحۆیەكی وەك بۆشی باوك نەیزانی ئابوری سەری كورسیەكەی لەبەرامبەر كلنتۆن دەخوات, دەزانم شیكاری ئابووری و  ژمارەكان چەندە گرنگن و سوكانی سیاسەتیشی بە دەستەوەیە, بۆیە چۆن بیركاری سەردەمی  قۆناغی سەرەتایم لەبەر بوو, ئاواش دروستی  ژمارەكان لام پیرۆزە, دەزانم  وردە سیاسیەكانی سەر شاشەكان بە كەیفی خۆیان ژمارەكان  بەكار دەهێنن, چۆنیان بوێت ئاوای دادەڕێژن,حكومەتەكەش هێندە گەندەڵە ناتوانێت وەڵامیان  بداتەوە , بە كورتی دەزانم نەوت لە مانگێكدا هەر چركەیەك نرخەكەی دەگۆڕێت, ئەوەش دەزانم نەوتی كوردستان لە بەهەشتەوە نابارێت تا باشی باشەكە بێت و بە نرخی ستانداردی برێنت لە بازاڕ بفرۆشێت, دەشزانم كوردستان هەرێمێكەو بەس و نەوتەكەی لە مەزادی بازاڕدا بە هەرزانتر دەفرۆشێت, چاكیش دەزانم نەوت تا دەگاتە  سەر زەوی لەم كوردستانە 13 بۆ 14 دۆلار  تێچویەتی و  ناردنیشی بۆ سەر ئاو پارەی ترانسفێری  دەوێت, توركیاش ئەوەندە مرۆڤ دۆست نییە لەبەر خاتری كوردان لەو بەشەی خۆش بێت , ئەوەش دەزانم نەوت بهاتبایەتە خوار 23 دۆلارەوە دەرهێنانی زەرەر وو لە كوردستان, با زۆر سەرتان نەیەشێنم  هەموو ئەوانە دەزانم, لە بەرچاویشمە  دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەرهەم هێنانی نەوت لە 600 هەزار بەرمیلەوە  بۆ 250  هەزار بەرمیل دابەزیووە, وەلێ دوای هەموو ئەمانە و پرسیاری زۆری دیش  مافی خۆمە پرسیارێك بكەم بۆ موچە نادەن ؟,  بۆیە پرسیار دەكەم چونكە دەزانم بایی موچە داهاتی نەوت  هەیە,چونكە داهاتی نەوتەكە  ئێستا زیاترە  لەوكاتانەی نەوتی برێنت لە بازاڕدا 30- بۆ 40دۆلار نرخی بوو بە حیساب و كیتابی بیركاریانە  نەك هات و هاواری سەر شاشەی سیاسیانە , لەكاتەی بە 40 دۆلار بوو نەك 27  و ژمارەكانی دی , مانگانە نزیك 340 ملیۆن دۆلار دەمایەوە , ئێستا لانی كەم ئەگەر 40 دۆلار سافی بمێنێتەوە لە بەرمیلێك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە  نرخەكەی لە 63 دۆلار نەهاتۆتە خوار , ئەوا داهاتی 300 ملیۆن دۆلارە, من باسی دزی و فزییەكان ناكەم ژمارەی فەرمییەكان شیكاری دەكەم , ئەگەر ئەوكات حكومەت مانگانە چارەكە موچەكەی دابێت,خۆ ئێستا دوای بایۆمەتری دەتوانێت هەمان موچە بداتەوە , وێڕای ئەوەی سنوری جوگرافیای حكومەت بچوك بۆتەوە و بەمەش خەرجییەكانی كەمبۆتەوە, با بیكاتە 34 رۆژ جارێك بە پێوەرە كۆنەكەی خۆی , وەلێ ئەوە 75 رۆژە موچەی نەداوە بە خەڵك ,  ئێستا ئەگەر باسی پارە دزراوەكان  و زەوییە تاڵانەكان و   .... شتی وا نەكەین , مافی خۆمان نییە  داوا بكەین  كوا موچە؟؟؟؟, ئەوەی بۆم دەركەوتووە حكومەت قۆناغ بە قۆناغ دەمانباتەوە بۆ  بارودۆخی ژیانی ساڵی 1991 بەدواوە, هەموو تەوەقوعاتێكی ژیانێكی باشتری لە جەستەی خەڵكدا بە پرۆسەیەكی چەند ساڵە كوشت, هەموو ناڕەزایەتییەكی ئابووری هاووڵاتیانی لە شەڕی كورسیەكانی حیزبەكاندا سوتاند, ئەگەر موچە دەنگی بۆیان كۆكردبێتەوە, ئەوا لە داهاتوودا هەر خودی موچە كورسییەكان دەسوتێنێت.

وزەی ئەتۆم و وزەی ژن

بورهان شێخ ڕەئوف

وزەی ئەتۆم یان ناوكی ئەو وزە كۆكراوەو شاراوەیە كە لەناو گەردیلەدا یە وبەهۆی هێزی ناوكەكەی یەكیان گرتووە , هەربۆیە كاتێك ئەلبێرت ئەنشتاین كاری لەسەر بیردۆزە بەناوبانگەكەی  ( نسبیی ) دەكرد ئەو هاوكێشە ماتماتیكیەی  بۆ دەركەوت  : E=MC2 .

ئەم شێواز و هاوكێشە ئەوە ڕاستییەی بۆ دەرخست كە مادە دەكرێت  بگۆڕێت بۆ وزە هەرچەندە ئەمە وتەیەكی ئاسایی و ئاسانە بەڵام ئەوەی سەلماند كە دەكرێت لە بڕێكی كەمی مادە بڕێكی زۆری وزە بەرهەم بهێنرێت دەكرێت ئەم پرۆسیسە لە ڕێ‌ ی پرۆسەی دابەشكردن و شكاندن و لەتكردنی گەردیلە ئەنجام بدرێت .

بەڵێ‌ دۆزینەوەو ئاشكراكردنی ئەم وزە شاراوە لە نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوو شۆڕشێكی گەورەی لە هەموو بوارەكانی زانست و سیاسەت و تەرازووی هێز لە جیهاندا گۆڕی ئەگەرچی ئەم وزە تازەیە ئەگەر لە دەستی ئەمین و قایم و یاسادا نەبێت دەكرێت كارەساتی گەورەی لێبكەوێتەوە بە لە ناوبردنی جیهانیشەوە بە پێچەوانەشەوە  ئەگەر لە بندەستی سیستم ویاسای دادوەرانەدابێت دەكرێت ببێتە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری لە جیهاندا .

تائێرە بابەس بێت ئەتۆم و وزە و توانا سەرسوڕهێنەرەكانی ئەو بابەتێكی زانستی درێژە و با لێ ی گەڕێن بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە بەڵام ئەوەی لە ئێستاداجێگەی سەرنجی من و زۆرێك لە چاودێرانە دەركەوتنی وزەو تووانای ژنانە لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ژن و كچانەی كە لە پێنج ساڵی ڕابردووی شۆڕشی  كورد و بەتایبەتی پێكهاتەكانی باكوری سوریا ڕۆڵ و كاریگەریەكی هێجگار گەورەو لە ڕادەبەدەریان پیشانی جیهان دا ئەو تێكۆشەر و قارەمانەی كەلە شەڕی 130 ڕۆژەی كۆبانی دا لە گەڵ پیاواندا حەماسەیەكیان خوڵقاند كە هەموو مرۆڤایەتی لە ئاستیاندا سەرسامەو دەست لەسەر سنگ سەری ڕێزو نەوازشی دانەواند .

بەڵێ‌ ڕۆڵی ژنان لەناو بزوتنەوەو شۆڕشەكانی كوردا دەگەڕێتەوەبۆ سەرەتاكانی ساڵەكانی هەشتاكان لەناو شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و سەرهەڵدانی شۆڕش لەوبەشەی كوردستاندوای نكوڵی كردنی ڕژێمی تازە لە ئێران لە مافە نەتەوایەتی و دیموكراتیەكانی كورد, كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ئەو سەردەقەی شكان و ژنانی بە شێوەیەكی بەربڵاو ڕێكخست لە ناو هێزەكانیدا من ئەو هۆنراوە شاعیری مەزن شێركۆ بێكەسم لە بیرە كەبۆ كچە پێشمەرگەی شەهیدی كۆمەڵە (بەیان ) نوسی بووی لە جوانترین وەسفدا وتبووی تائەو كات مریشكە كونجەی ماڵەكەیان  و بەیان هیچ جیاوازیەكیان نەبوو بەڵام ئیتر و لە ئێستا بەدواوە من كاسكێتێك  دەكەمە سەر كچی شیعرم من حەت حەتۆكە دەكەمە مل كچی شیعرم ...تد درود بۆ گیانی نەمری شێركۆ .

لە باشوریش لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەشۆڕشی نوێ‌ دا دانە دانەژن هەبوو ناكرێت باسی ڕۆڵ سەرمەشقی ئەوانە بەرچاونەگیرێت بەڵام هەرلە چوارچێوەیەكی تەسك و پۆشینی جل و بەرگی پێشمەرگە و پیاوانەدا مایەوەو پێش نەوكەوت.

لە كۆتاییدا ئەوەی مەبەستی ئەم وتارە كورتەی من بوو دۆزینەوەی ئەو وزەو تواناو ئینرجیە شاراوەی ژنانە لە ڕۆژئاوای كوردستان كە تا ئێستا ئاكامێكی زۆر باش و بەكەڵكی بۆ ئەو شۆڕش بەرخۆدانەی ئەوێ‌ هەبووەو چاوەڕوانی شتی زۆر مەزنتری لێدەكرێت بە تایبەتی شەڕی بەرنگاری و بەرخۆدانی قارەمانانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەفرین جارێكی تر ئەو ڕاستییەی سەلماند ئەمانە چ هێزێكن و بەشێكی گەورەی ئەو سەروەری و قارەمانێتیە بۆ ئەوان تۆمار دەكرێت .

بۆیە چۆن ئەتۆم دوو ڕووی باش و خراپی هەیە ئەم هێزە تازە دۆزراوەو شاراوەی پێشووش دەبێت  بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و یەكسانی و ئازادی و دادپەروەری ئاوەدانی بەكاربهێنرێت نەك شتی تر.ناكرێت ئەم وتارە كۆتایی پێبهێنم ئاماژە بەو بیرو هزرە و قوتابخانە نەكەم و نەڵێم دەستانخۆش بۆ ئەم شۆڕش و بەرخۆدان و داهێنانە و دەڵێم یەپەژە واتەیەكینەكانی پاراستنی ژن دیاری ئەوان و كوردە بۆ مرۆڤایەتی .