هاواری ئێرانیه‌كان

لەتیف فاتیح فەرەج

بواری هه‌ناسه‌ دانی سیاسی له‌ ئێران تاڕاده‌ی نه‌بوون ته‌نگه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش بارو دۆخی ئابوری و گرانی له‌و لاوه‌ بووه‌ستێت ، نه‌بوونی و گرانیه‌ك كه‌ هه‌موو ئێرانیه‌كی ناچاری كاری له‌ ش پڕوكێن كردووه‌ ، جگه‌ له‌و گروپه‌ی حوكمی ئێران ده‌كه‌ن ، گروپێك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ داكه‌ندنی له‌چكیش توڕه‌ ده‌بن ، ئه‌وان به‌ داكه‌ندنی له‌چكێك دنیا لێك ده‌نێن لێ‌ ناهێڵن خه‌ڵك داوای نان و ئاسایش بكات ، لۆمپه‌نه‌كانی خۆیان به‌رداوه‌ته‌ خه‌ڵك و له‌ بری ئازادی پۆلیسی ئاكار رێ‌ له‌ ده‌ربڕینی نامه‌یه‌كی ئاشقانه‌ش ده‌گرێت ، ئاخر ئێرانی شه‌مسی ته‌برێزی و فیرده‌وسی و سه‌عدی شیرازی و شامیلۆ ، ئێرانی هێمنی موكریانی و سواره‌ی ئێلخانی زاده‌و عه‌باسی كه‌مه‌ندی ، ئێرانی گوڵسورخی و ده‌روێشیان و ده‌وڵه‌تئابادی چۆن ده‌بێت له‌ توڕدانی له‌چكێك بترسێ‌ ، له‌چكێك كه‌ له‌ ساڵی 1979ه‌وه‌ به‌ زۆر كراوه‌ته‌ سه‌ر كچانی ئه‌و وڵاته‌ ، ئێرانیه‌كان ده‌مێكه‌ داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن ، ده‌مێكه‌ ده‌یانه‌وێ‌ ئازادی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نیشتمان نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یهه‌وێت .
فیلمی مارمۆلك زۆر له‌مه‌وبه‌ر ره‌خنه‌ی له‌و دۆخه‌ ئاخوندیه‌ گرت ، به‌رله‌ فیلمی مار مۆلك زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران وڵاتیان به‌ جێهێشت و رویان كرده‌ شوێنێ‌ بواری هه‌ناسه‌ دانی سیاسی و ئازادی زیاتری تیا بێت ، شوێنێك كه‌ له‌ سه‌ر بیر و رای جیاواز شیرینی عه‌له‌مهولی نه‌كات به‌ دارا ، شوێنێك فیلم و گۆرانی قه‌ده‌غه‌ نه‌كات ، ئێرانیه‌كان هاواری كرانه‌وه‌و ئازادی زیاتر ده‌كه‌ن ، ئه‌وان وه‌ك نه‌ته‌وه‌و گه‌لانێكی هۆشیارو شارستانی داوای وێرانكاری و روخان ناكه‌ن ، داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن ، وه‌ك چۆن له‌ سه‌رده‌می شادا داوای گۆڕانكاریان كرد ، ناكرێ‌ روحانی و ده‌ست و پێوه‌نده‌كه‌ی له‌ په‌یامی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌گه‌ن ،رۆمانی خانوه‌كه‌ی مزگه‌وتێ‌ ، نۆڤلێتی سوتانی كتێبخانه‌ی مناڵه‌كان ، سه‌دان چیرۆك و شیعرو گۆرانی ، قسه‌ له‌ تاریكیه‌ك ده‌كه‌ن ، تاریكیه‌ك كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵكردنی ملیۆنان مۆمه‌ بۆ روناكبوونه‌وه‌ ، ئێرانیه‌كان وه‌گ گه‌لانێكی زندوو پرسیاری ئه‌وه‌ده‌كه‌ن چۆن ده‌بێت نزیكه‌ی 40 سیاسه‌ت له‌ یه‌ك به‌رگ و ره‌نگا بێت ، ئه‌ی جیاوازی ، پرسیاری ئازادی زمان ، ئازادی وتن ، ئازادی نووسین ده‌كه‌ن ، ئه‌مانه‌ نه‌كفرن ، نه‌وڵات وێران ده‌كه‌ن ، ئاخر نه‌ك ژه‌نینی هه‌زار ده‌ف ، ژه‌نینی هه‌موو ده‌فی دنیا له‌ ئه‌سفه‌هان ئازاری چۆله‌كه‌یه‌ك ناده‌ن ، لێ‌ ده‌رچوونی دوو گوله‌ ره‌نگه‌ قوربانیه‌كی لێبكه‌وێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌و راستیه‌ بگه‌ن كه‌ ئێرانیه‌كان له‌ چه‌قبه‌ستنێكی قوڵدان ، چه‌قبه‌ستنێكی سیاسی ترسناك ، كه‌ ئه‌گه‌ر سیستمه‌كه‌ چاكسازی تیا نه‌كرێت هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێ‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ، روحانی یان خاته‌می سه‌رۆك بن ، سیستمه‌كه‌ پێویستی به‌ گۆڕانكاریه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ی مناڵانی سنه‌ به‌ كوردی بخوێنن ، جگه‌ له‌ حوكمڕانی ئاخونده‌كان ئه‌حزابی دیكه‌ش هه‌بن و فره‌یی هه‌بێت ، میدیای ئازاد هه‌بێت ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ به‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌وترا " چه‌شمهای خود ده‌ركوردستان بازكون " .
له‌ ئێراندا نادادی و سته‌م و ناجۆری هه‌یه‌ ، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانیش ئه‌وه‌ زۆر باش ده‌زانن ، من هه‌میشه‌ ئێرانم وه‌ك وڵات ،وه‌ك ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، وه‌ك شه‌جه‌ریان و به‌نان و شه‌هرامی نازری و هتده‌وه‌ خۆش ویستوه‌ ، به‌ڵام نادادی و سته‌مێكی به‌رباد هه‌یه‌ ، جارێكیان دۆستێك له‌ تاران بردمی بۆ ماڵی شاو باسی ژیان و خۆشگوزه‌رانی و سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌وی بۆ كردم ، دواتر بردمی بۆ شوێنه‌كه‌ی كه‌ ئیمام له‌ چه‌مه‌ران تیای بووه‌ ، پێی وتم ئه‌وه‌ جیاوازیه‌كه‌یه‌ ، وتم بمبه‌ بۆ سه‌ر مه‌زاری ئیمام خومه‌ینی ، له‌وێ‌ پێم وت " دۆستی من ئه‌وه‌ی شا به‌ زندوێتی داگیری كردووه‌ و بۆ خۆی بووه‌ ، ئیمام به‌ مردویه‌تی ، ده‌ی جیاوازیه‌كه‌ چیه‌ ؟!.
ئێرانیه‌كان ده‌یانه‌وێت سبه‌ینێ‌ له‌ ئه‌مڕۆ نه‌چێت ، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر ناكرێ‌ به‌ گرتن و كوشتن وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌، كێ‌ له‌ كوشتنی قاسملوو شه‌ره‌فكه‌ندی قازانجی كرد، برین چۆن به‌ كوشتن ساڕێژ ده‌بێت.

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Hits: 1221
Category: