ئاكۆ‌ ئاكۆیی: بە گوێرەی ئەو داتاو ئامارانەی كە هەنە لە داهاتی هەرێمی كوردستان دەبوایە هیچ دەستكاریێك لە سیستەمی مووچەدا نەكرابا

ئاكۆ‌ ئاكۆیی: بە گوێرەی ئەو داتاو ئامارانەی كە هەنە لە داهاتی هەرێمی كوردستان دەبوایە هیچ دەستكاریێك لە سیستەمی مووچەدا نەكرابا. ئاكۆ ئاكۆیی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەدیمانەیەكی ئێستانیوزدا وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

ئێستانیوز: ژیانی پێشمەرگە دێرینەكان لەئاستێكی باشدا نیە، حكومەتی هەرێم تاچەند بەرپرسیارە لەوەی كە نەیتوانیوە لەئاست قوربانی دانی ئەوان بێت؟

وەڵام / دیارە پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان هەڕەتی تەمەنی خۆیان لە قۆناغە سەختەكانی خەبات و تێكۆشان لە پێناو  نەتەوەو نیشتمان بەسەر بردووە ،ئەوان رێگایێكیان هەڵبژارد رێگای مان و نەمان بوو بە هەزاران پێشمەرگە لەم رێگایەدا شەهید و بریندارو كەمئەندام بوون، ئەو دەستكەوتەی ئێستا بە حكومەتی هەرێمەوە كە تەمەنی 27 ساڵە بەرهەمی خەبات و تێكۆشان و قوربانی دانی پێشمەرگە دێرینەكان و هاوڕێ‌ و هاوسەنگەرە شەهیدەكانیانە.

  حكومەتی هەرێم نەك هەر كەمتەرخەمە لە ئاست ماندووبوونی پێشمەرگە دێرینەكان بەلكو زۆر بێباكانە لە ئاست كەمترین داخوازیەكانیان بێدەنگ و ماتە كە ئەم جۆرە مامەڵەكردنە لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهانە بوونی نیەو جێگای قبوڵیش نیە كە تا ئێستاش پێشمەرگە دێرینەكان لەم جۆرە مامەڵەكردنەی حكومەت بێدەنگن  لە دڵسۆزییانە، لە هەموو شوێنێكی دونیا ئەو پەڕی رێز لە تێكۆشەرە دێرینەكانیان دەگرن و ژیانێكی ئاسودەیان بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان فەراهەم كردووە، لای ئێمەش خراونەتە پەراوێزەوەو برسیەتی و نا دڵنیایی كۆمەڵایەتی ڕوبەڕویان دەبێتەوە  كەچی لە هەموو كەس ئەوان زیاتر پێویستیان پێ هەیە چوونكە زۆربەیان بە تەمەنداچووینە ئەمە هەمووی بێڕێزیە بەرامبەر پێشمەرگەی دێرین دەكرێت ، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە لە ئاست كەمترین و سادەترین مافەكانی پێشمەرگەی دێرین دابێت ئەوەی هەیتی تەنیا مووچەی خانەنشینیەكەیەتی ئەویش بە نزیكەی دوو مانگ جارێك پێی دەدرێت ئەو پەڕی نایەكسانیش لە مووچەكاندا هەیە بە هەزاران كەس بە ناوی پێشمەرگە خانەنشین كراوە كەچی رۆژێك پێشمەرگە نەبووینە خەڵكانێك بە پێشمەرگەی دێرین خانەشین كراوە جاش بووە ئەی ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزی نیە بەرامبەر ئەم مرۆڤە جوانانە كراوە ، دەبوایە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە لیستێكی پاك با تەنیا هی پێشمەرگەی دێرین با و هەموو مانگێك لە گەل وەزارەتی پێشمەرگە مووچەكانیان پێدرابا، لە زۆربەی شارەكان نەخۆشخانەو كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی تایبەتیان بۆ كراباو ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین كرابا كە لە ئاست قوربانیدان و ماندووبونیاندابا بەڵام بە داخەوە حكومەتی هەرێم زۆر كەمتر خەم و بێباكە لە ئاست ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەی دێرین كارەساتە لەبەر ئەم بێباكیەی حكومەت پێشمەرگەی دێرین پەشیمان بێت لەوەیی كە كردوویەتی.

ئێستانیوز: بۆچونت سەبارەت بە سیستەمی پاشەوكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چیە‌و لەم بارەیەوە چۆن دەكرێت بگەینە چارەسەرێك؟

وەڵام/  سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەر لە سەرەتاوە سیستەمێكی سەقەت بوو نا گونجاو بوو ، سەرەڕای ئەوەش حكومەت نەیتوانی دڵنیایی لە نێوان خۆیی و خەلك دروست بكات باوەڕ بە خەلك بهێنێت كە باروودۆخەكە وا دەخوازێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ باكگراوەندی حكومەت كە گەندەلی و نایەكسانی هەموو كون و كەلەبەرەكانی  گرتووە بە گوێرەی ئەو داتاو ئامارانەی كە هەنە لە داهاتی هەرێمی كوردستان دەبوایە هیچ دەستكاریێك لە سیستەمی مووچەدا نەكرابا، ئێستا بارو گوزەرانی خەلك گەیشتۆتە ئاستێك كە مەترسی گەورەی لێدەبیندرێ‌،بێمتمانەیی خەلك بە حكومەت گەیشتۆتە ئەو پەڕی بۆیە پێویستە حكومەت كەمتر خەم و بێباك نەبێت بە جددی كار لەسەر ئەوە بكات بۆ ئەوەی ئەم متمانەیەیی خەڵك دروستبكات ئەویش بە هاویشتنی چەند هەنگاوێكی جدی و كرداری دەبێت پێ‌ لە جەرگی خۆی بنێت با ئەو باوەڕە بۆ خەلك دروست بكات كە حكومەت حكومەتی خەلكە حكومەتی تەنیا چەند كەسانێك نیە.

ئێستانیوز: رەوشی سیاسی‌و پەیوەندی نێوان لایەنەكان زۆر خراپە، چۆن دەڕوانیتە ئەم پرسە‌و چارەسەر چیە؟

وەڵام/ بە داخەوە پەیوەندی نێوان لایەنەكان بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێ‌ كە لەسەر بڕیارو ڕەوش و كایە چارەنووسسازەكان كۆك و هاو دەنگ نین ، هەرێمی كوردستان و ئێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت كە لە پاش پەردە بڕیاری چارەنووسی بۆ دەدرێت كوردو كێشەكەشی پێگەیەكی گرنگی گرتووە لەم رەوشەدا بۆیە دەبوایە لەم هەلومەرجەدا نەك هەر لایەنەكانی باشوری كوردستان بەلكو لایەنەكانی سەرجەم بەشەكانی تری كوردستان لە سەر بەرنامەیەكی ستراتیژی رێك كەوتبان و لە هەر گۆڕانێك كە لە ناوچەكەدا ڕوویدا كە ڕووشدەدا بە لایەنی كەم ئاگایان لێك با بەڵام بە داخەوە لە بەر ناهەستكردن بە بەرپرسیارەتی و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ‌ ئەمەیان لێنەوەشیاوە، بۆیە گەر بمانەوێت بۆ هەر ئەگەرێك و گۆڕانكاریێك  كە دێتە پێش بتوانین چنگی خۆمانی لێگیر كەین و بەرژەوەندی كێشەكەمان دروێنە بكەین ئەوە دەبێت بە زووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی بەسترێت و بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەكان و لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێبكەون ، لایەنەكانی باشوری كوردستانیش بە هەمان شێوە لە سەر ئاستی باشور لە رێگای گفتوگۆ بەڵام گفتوگۆیێكی جددی بۆ چارەسەركدن  نەك كات بەفیڕۆدان كێشەكانیان چارسەر بكەن و یەك دەنگی دروست بكەن بۆ هەموو ئەو  بارودۆخانەیٍ دێنە پێش و ئەو گۆڕانكاریانەی ڕوودەدەن گەر ئەمە نەكرێت ئەوە ناتوانرێت خۆمان لە پێگەیەكی شایستە بە خۆمان ببینینەوە.

ئێستانیوز: بۆچونت سەبارەت بەپرسی ریفراندۆم چیە؟ پێشنیارو تێڕوانیت چیە لەم بارەیەوە؟

 وەڵام/  حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە بابەتی ریفراندۆمی لە ئەدەبیاتی خۆیدا شەنەو كەو كردووە لە دووای ڕوخانی رژێمی سەددام لە ساڵی ( 2003) دا ئەم پرسەی زەق كردۆتەوەو كاری لەسەر كردووە لە كۆنگرەی هەشتەمیدا لە ساڵی (2014) بووە بە دروشمی سەرەكی كۆنگرە كە پێم وایە ئەو پرسە لە بەرنامەی هیچ لایەنێك دانەبووە ئێمە پێمان وابوو تاكە رێگای گونجاو بۆ نەتەوەیێك چارەنووسی خۆیی دیاریبكات ریفراندۆمەو مافێكی ڕەوایی خۆشیەتی ئەم پرۆسیە ئەنجام بدات، لەو رۆژەوە ئەم دروشمەمان بەرز كردۆتە، لە كۆنگرەی نۆیەمیشمان كە لە سەرتای ئایاری ئەم ساڵ بەسترا زۆر بە ڕونی و ئاشكرا لە سەر ئەم پرسەییە وەستاین و دیدو بۆچوونی خۆمان لە ڕاپۆرتی سیاسی خست ڕوو كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دەولەتی كوردستان بێت و دوور بێت لە ململانێ و موزایدەی سیاسی و كەش و بارودۆخێك بڕەخسێنرێت كە هەموومان كاری بۆ بكەین و سەرجەم لایەنەسیاسیەكان بێنە نێو پرۆسەكەو پرۆسەكە سەر بخرێت ،پێمان وایە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئەنجامێكی باشی هەبێت و سەربخریت پێویستە هەنگاوی جدی بهاویشترێت و گۆڕانكاری بكرێت بۆ ئەوەی هەموومان بەشدار بین لەم پرۆسەیە كێشەی لایەنە سیاسیەكان چارەسەر بكرێت و ژیان و گوزەرانی خەلك باشتر بكرێت بە تایبەتیش مووچە حكومەت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە كە لە خزمەتی مووچە خۆراندابێت چونكە ژیان و گوزەران گرنگە هەر میللەتێك ژیان و گوزەرانی خراب بوو ئەوە ناتوانێت وەك پێویست بپرژێتە سەر كایەكانی تر چجای ئەوەی بارو دۆخی سیاسیش شلۆقی تیا هەبێت.

ئێستانیوز: ئایا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆچونی بەرامبەر كێشەكانی ناوخۆی كوردستان چیە؟ دەتانەوێت چۆن باسی چارەسەرەكان بكەن؟

وەڵام/ گەر مەبەستان كێشەی نێوان لایەنەكان بێت ئەوە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كێشەی نێوان لایەنەكان ئەوەندەی لەسەر بەرژەوندی حزبایەتییە ئەوەندە لەسەر بەرژەوندی خەلك و بۆ خزمەتكردن نیە كەوا پاگەندەی بۆ دەكەن ، گەر راستدەكەن بەرژەوەندی خەلكیان دەوێت ئەوە دەبێت كێشەكانیان چارەسەر بكەن دەبێت ئەوە بزاندرێت تا كێشەكان بەردەوام و قوڵتر بن ئەوە خەلك زیاتر زیانی پێدەكەوێت و نا ئومێد دەبن  بۆیە تا زووە لایەنەكانی ناكۆك بەیەك ناكۆكیەكانیان چارەسەر بكەن چونكە قۆناغەكە هی ئەوەنییە ئەم ناكۆكیانە چیتر بەردەوام بن ، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پێی وایە ئەم قۆناغە قۆناغێكی هەستیارە ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە كوردیش لە ناوچەكە پێگەیەكی دیاری هەیە بەو باروودۆخەی ئێستایی نێوان لایەنەكان كە هاودەنگیێكی سەرجەمی نییە ناتوانرێت وەك پێویست خواستەكانی چەندین ساڵەی خۆمان بە دەست بێنین بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنەكان ئەم ڕاستیە دەرك پێبكەن و بەرژەوەندی باڵا رەچاو بكەن و قوربانی بە هەندێ‌ بەرژەوەندی حزبی بدەن و كێشەكان چارەسەر بكەن.

Hits: 949
Category: