هێشتا عەقڵیەتی بەعسی سوریا نایەوێت واقعی كوردو قوربانی گەلی كورد وەك خۆی ببینێت

ده‌قی چاوپێكه‌وتنی هه‌ندرێن شێخ راغب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ندیل پرێس..‌

قەندیل پرێس :  گەر دەكرێت بە كورتی لە سەر دەسپێكی شۆرشی ڕۆژئاوا بۆمان بێژن؟

هەندرێن شێخ راغب: شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان تازە نیە، لەوەتەی جەنگی جیهانی یەكەم كۆتایی پێهاتووەو رێككەوتنی سایكس پیكۆ دروست بوو، ئەم دەوڵەتانەی هەنوكە لە كەلاوە روخاوی عوسمانیەكان هاتنە دەر، نیشتمانی كورد كرایە چوار پاروو دەرخواردی چوار دەوڵەتی نوێ درا( ئێران، توركیا، عێراق، سوریا). تێكۆشانی كورد بۆ ئازادی و رزگاری بەردەوام بووە.

دوای دروست بوونی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی‌و پەڕینەوەی بۆ ناو سوریا، گەلی كورد بە پاڵپشتی تێكۆشانی گەلانی دیكەی ناو سوریا زۆرینەی خاكی خۆیان‌و نیشتمانی خۆیان رزگاركردو پاراست و نمونەیەكی تازەو ئەزمونێكی تازەیان لە كیانی كوردستانی دروست كرد. كە دەبێت زۆر بە گرنگیەوە بیبینین..وەك بناغەیەكی نوێ تەماشای بكەین بۆ گەلانی ناو سوریا.

قەندیل پرێس: ڕۆڵی پەیەدە و حیزبەكانی بەشدار بوو لە ئەنەكەسە لەم شۆڕشەدا چی بوو؟

هەندرێن شێخ راغب: من بە كولتوری سیاسەتی باشوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان قسە ناكەم، چونكە باشورو رۆژهەڵات پەرت و دابەشن، ململانێی توندی حزبی هەیە، نەك پەیەدەو ئەنەكەسە، تەنانەت یەك تاكە كەس قسەیەكی خێریشی بۆ كوردی سوریاو رۆژئاوای كوردستان كردبێت، ئەوا رۆڵی مەزن دەبینم و دەستی دەگوشم..تكایە نەخۆشیەكانی باشور مەبەنە رۆژئاوا.

قەندیل پرێس: بۆ ڕژیمی بەشار ئەسەد بە ئاسانی لە ڕۆژئاوا پاشەكشەی كرد بەڵام لە شارانێكتر وەك حەڵەب و حەما تا دوا ساتەكان شەڕی كرد؟

هەندرێن شێخ راغب: ئەمە وەك تاكتیك دەبینم كە خۆیان زیاتر دەزانن مەبەستیان چی بوو، بەڵام راستیەكەی ئەوەی من نیگەران دەكات ئەوەیە كە هێشتا عەقڵیەتی بەعسی سوریا نایەوێت واقعی كوردو قوربانی گەلی كورد وەك خۆی ببینێت، كورد داعشی تێك شكاند، ئەو خوێنەی دەبوو رژێمی بەعس پێشكەشی كردبایە لە شەڕی داعش، كورد بە 11 هەزار شەهید و هەزاران بریندار پێشكەشی كرد، تیرۆری داعش و نێودەوڵەتی لەسوریا كۆتایی پێ هێنا. سیاسەتی دروست بۆ دیمەشق ئەوەیە گۆڕانكاریە تازەكانی ناوچەكەو دنیاو سوریا وەك خۆی ببینێت و فیدڕاڵی بۆ رۆژئاوای كوردستان بسەلمێنێت.

قەندیل پرێس: بەرخۆدانی كۆبانی یەكێك لە خاڵە چارەنووس سازەكانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو. بەڕێزتان ئەم بەرخۆدانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەندرێن شێخ راغب: بەرخودانی كۆبانێ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی جیهان بوو لەنێوان دوو بەرە، یان دیموكراسی و ئازادی و مافی گەلان هەڵبژێرە، یان تیرۆرو سڕینەوەی پێكەوەژیان. كۆبانێ مانیفێستی تازە بوو لە خەباتی دیموكراسی و ئازادی و خۆڕاگری گەلی كورد لە هەر چوارپارچە. پێویستە ئەوروپیەكان و ئەمریكاو دەوڵەتانی ئازادی خواز لە پڕۆگرامی خوێندن كۆبانێ ناس بكەن، تا نەوەكانی داهاتوو راستیەكانی مێژوو وەك خۆی سەیر بكەن.

قەندیل پرێس:- دەزانین كە لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە وتووێژ هەیە بەڵام وادیارە هێشتا گارانتیێك بۆ سەركەوتنی ئەم وتووێژانە لە ئارادانییە. بە تایبەت لە سەر پرسی پێشمەرگەی ڕۆژ و پشكی ئەنەكەسە لە دەسەڵات. بەڕێزتان ئەم وتووێژانە چۆن هەڵدەسەنگێنن و چ پێشنیارێكتان هەیە بۆ پرسی پێشمەرگەی ڕۆژ و پشكی ئەنەكەسە لە دەسەڵات؟

هەندرێن شێخ راغب: راستیەكەی نامەوێت نەخۆشیە سیاسیەكانی باشور بگوازینەوە بۆ رۆژئاوا، بەڵكو یەك ریزو تەبایی و پێكەوە كاركردن بۆ رۆژئاوای كوردستان كاری یەكەم بێت. پێویستە یەك هێزی چەكداری نیشتمانی هەبێت لە رۆژئاوای كوردستان، تەمەنی سەربازی قانونی هەبێت، دەوڵەتی بێت. نامەوێت هیچ حزبێك هێزی چەكداری هەبێت، هێزی پاراستنی رۆژئاوای كوردستان و فیدڕاڵی هەبێت.

زۆر پشتگیری گفتوگۆكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم، ساڵانێكی زۆر پێشوو وتارەم نوسیوە باسی ئەوەم كردووە كە گرنگە پێش هەموو شت دیالۆگی كوردی- كوردی هەبێت، هیوای سەركەوتن بۆ گفتوگۆكان دەخوازم.

قەندیل پرێس:- زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە كە لە ئەساسدا پەیەدە درێژكراوی پەكەكە و ئەنەكەسەیش درێژكراوی پارتی دیموكراتە لە ڕۆژئاوادا. دەزانین كە پەیوەندی پارتی و پەكەكە زۆر ئاڵۆزە و مەترسی شەڕی ناوخویش هەیە. ڕای ئێوە لەم بارەوە چییە؟

هەندرێن شێخ راغب: با واز لەم كولتوری دابەشكاری حزبیە بهێنین، گەورەتر سەیر بكەین، ماناكانی كوردستانی بوون زۆر گرنگترە، نابێت جیاوازی پەكەكەو پارتی و هەر هێزێكی دیكە زیان لە كێشەی كوردو مافە رەواكانی بدات، كۆمەك بە ستراتیژی دوژمن بكات. جیاوازین بەڵام یەك نەتەوەو خاوەن یەك قەزیەین.

قەندیل پرێس:-- توركیا بەشێك لە ڕۆژئاوای داگیركردووە و مەترسی هێرشی دووبارە هەیە. ڕۆژئاوا لە باری سەربازی ناتوانێ بەر بە هێرشەكانی توركیا بگرێت. لە باری دیپلۆماسیشدا دیمان كە ئەمریكا و ڕووسیا لە عەفرین و ئەم هێرشانەی دواییدا بەریان بە توركیا نەگرت. بە ڕای ئێوە لەم بارودۆخە ڕێگای ڕۆژئاوا بۆ بەرپەرچدانەوەی توركیا چییە؟

هەندرێن شێخ راغب: مەترسی یەكەم لەسەر رۆژئاوای كوردستان، سیاسەتی توركیایە. توركیا پشتێنەی توركی دروست دەكات، وەك چۆن رابردوو بەعسیەكانی سوریا پشتێنەی عەرەبیان دروست كرد بۆ بەعەرەب كردنی رۆژئاوای كوردستان. دەبێت زۆر بە جددی سەیری سیاسەتی دوژمنكاری توركیا بكەین و مەترسیەكی گەورەیە لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی كێشەی رەوای گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.

لەروی هەڵوێستی نێودەوڵەتی، دەبێت بەردەوام كاربكەین، پشتیوانی زیاتر بەدەست بهێنین، خەباتی خۆمان نەكەینە بەردەبازی بەرژەوەندی كەس، بەڵام وریای بەركەوتنە نێودەوڵەتیەكانیش بین كە نەمانكەن بە قوربانی. بەداخەوە دەوڵەتە گەورەكان بەردەوام لەنیوەی رێگا بەجێیان هێشتوین.

قەندیل پرێس:--پەیەدە لە ئایدیۆلۆژی خویدا هەر وەك پەكەكە خۆی بە دژی دنیای سەرمایەداری پێناسە دەكات بەڵام هاوكات لە ڕۆژئاوا بووە بە هاوكاری سێمبۆلی دنیای سەرمایەداری یانی ئەمریكا. بە باوەڕی ئێوە ئەم تەناقۆزە بۆ چی هەڵدەگەڕێتەوە و تا كەی دەتوانێت درێژەی هەبێت؟

هەندرێن شێخ راغب: دۆسیەی سوریا، بابەتی ئایدۆلۆژیا نیە، بابەتی تیرۆرە. تیرۆرێكی نێودەوڵەتی بەهێزو مەترسیدار هەیە، لەسەر دنیای بەرژەوەندی ئەمریكاو ئەوروپیەكان و روسیا، بۆیە ئەمەیە هاوكێشەكەی بەمجۆرە لێكردووە. كورد شەڕی مافە دیموكراسی و ئازادی و رەواكەی خۆی دەكات، نەك بازاڕگەری بۆ كەس بكات. لە رۆژئاوا كەس هێندەی ئەمریكیەكان پشتیوان نەبووە، دەبێت بزانین ئەمریكا بەرژەوەندی هەیەو ئێمەش قەزیە..دەبێت دۆستایەتی ئەمریكا باش رابگرین.

قەندیل پرێس:- وەكوو پرسیاری كۆتایی. دەزانین بۆ تەسبیتی ڕۆژئاوا لە ڕووی سیاسی پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێدا بنێت بەڵام تا ئێستا ڕۆژئاوا بە فەرمی لە كوبوونەوەكانی ژێنێو و ئاستانە بەشدار نەبووە. و هەروەها دەزانین كە خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی مۆدێلی كۆنفێدڕاڵیزمی دیموكراتیكی عەبدوڵا ئۆجاڵان دایە كە مۆدێلی نەتەوە- دەوڵەتی قەبووڵ نییە. هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

هەندرێن شێخ راغب: مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە، گۆڕانكاری زۆری بەسەرداهاتووە، ئێمە خۆمان چەوساوەین، ئازارەكەمان زۆر چەشتووە، بۆیە نابێت لەسایەی ئێمە هیچ گەل و پێكهاتەو نەتەوەیەك هەست بە ئازارو چەوسانەوە بكات، كەس بڕوای بە پێكەوەژیان نەبێت لەم دنیایە دەبێت كورد بڕوای پێ هەبێت.

رێگری نوێنەری رۆژئاوا لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان زیاتر بەهۆی فشاری توركیاوەیە، بەداخەوە دەوڵەتی توركیا بەرامبەر كێشەی رەوای كورد بە رێگایەكی هەڵە دەڕوات. ئەمە خزمەت بە ئایندەی توركیا ناكات.

Hits: 207
Category: