هه‌ندرێن شێخ راغب: حیزبه‌كان خه‌ریكی پیلانی سوتاندنی سیاسی یه‌كترن

هه‌ندرێن شێخ راغب ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان و نووسه‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "ئێستانیوز" ئاماژه‌ به‌ ڕووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و هاوكات ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داواكاریه‌كانی عێراق له‌ كوردستان هه‌مویان سیاسین، راست ناكات كاتێك باسی ده‌ستور ده‌كات.

ئێستانیوز: چۆن له‌ روداوه‌كانی ئێستا ده‌ڕوانن؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: روداوه‌كانی ئێستا دابڕاو نین له‌ كێشه‌كانی رابردوو، چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌كانی رابردوو، ئێمه‌ی له‌ ئێستادا لاواز كردووه‌، كه‌لێنی نێوان گه‌لی كوردستان گه‌وره‌یه‌، ره‌هه‌ندی ئیقلیمی وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌ر نیشتمانی‌و كوردستانی بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌و به‌م شێوه‌یه‌ سیاسه‌ت نه‌كه‌ین، توشی كاره‌ساتی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ ده‌بین. به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌ سیاسه‌تدا بڕوام به‌ شتێك هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دوێنێ‌و ئه‌مڕۆمان له‌ ده‌ست چوو، سبه‌ینێمان ماوه‌.

ئێستانیوز: ده‌بێت چی بكرێت؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: زۆر شت، پێویسته‌ له‌ئاستی ناوخۆ بگه‌ینه‌ سیاسه‌تی دابه‌شكردنه‌وه‌ی رۆڵه‌كان، هێز بده‌ینه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كان‌و نیشتمانیه‌كان، له‌دواهه‌مین هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئه‌مریكاش ئه‌وه‌ باس ده‌كات كه‌ شه‌رعیه‌ت ده‌داته‌ حكومه‌تی هه‌رێم‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم، كه‌واته‌ ده‌بێت ورد بین ده‌زگای دیكه‌ی حیزبه‌كان دروست نه‌كه‌ین‌و هه‌وڵ بده‌ین پته‌و له‌ پشت دیموكراتیزه‌كردن‌و دامه‌زراوه‌كان‌و شه‌رعیه‌تی یاسایی خۆمان بین.

ئێستانیوز: ژیانی خه‌ڵك چی؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسه‌تی فه‌رمی له‌هه‌رێم ده‌بێت ژیانی خه‌ڵك بێت، موچه‌، بازاڕ، بودجه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ هاوڵاتیان، ده‌بێت له‌م باره‌یه‌وه‌ جه‌نگی ده‌ستوری له‌گه‌ڵ عێراق به‌رپا بكه‌ین، چونكه‌ عێراق مێشكی سه‌ری بردووین به‌ناوی ده‌ستوره‌وه‌، ده‌ فه‌رموو به‌پێی ده‌ستور نه‌وت و داهاته‌كانی هه‌رێمت ده‌ست به‌سه‌ردا گرت، كه‌واته‌ هه‌رچی زووه‌ سیاسیانه‌ مامه‌ڵه‌ مه‌كه‌و ئیستحقاقی كوردستان بنێره‌.

ئێستانیوز: عێراق چی ده‌وێت؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: داواكاریه‌كانی عێراق له‌ كوردستان هه‌مویان سیاسین، راست ناكات كاتێك باسی ده‌ستور ده‌كات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر عێراقیه‌كان بڕوایان به‌ده‌ستور هه‌یه‌ فه‌رمون بۆچی ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستوری جێبه‌جێ ناكه‌ن. عێراق ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له‌ناو ببات و حوكمی زاتیه‌كی ئیداری و كولتوری و گۆرانی و مۆسیقا‌و قه‌واره‌یه‌كی لۆكاڵیمان پێ بداته‌وه‌.

ئێستانیوز: كێ ده‌سوتێت؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: حیزبه‌كان خه‌ریكی پیلانی سوتاندنی سیاسی یه‌كترن، به‌ڵام بیریان چووه‌ ئه‌وه‌ی ده‌سوتێ داهاتوی گه‌لی كوردستان‌و نه‌ته‌وه‌ی كوردو كێشه‌ ره‌واكه‌یه‌تی. كه‌س دڵی به‌شكستی ئه‌وه‌ی دیكه‌ خۆش نه‌بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سوتان‌و شكانی گه‌لی كورده‌..موئامه‌ره‌كه‌ش ته‌نها عێراقی نیه‌، هه‌رێمیه‌.

ئێستانیوز: ئێوه‌ حزبن، یان دوكانی سیاسی، رۆڵتان؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: ئه‌مه‌ ده‌ردێكی كوشنده‌ی تابلۆی سیاسیه‌ له‌كوردستان، هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان به‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشن، ئاماده‌ن هه‌فته‌یه‌ك ستون‌و نوسین‌و هه‌ڵوێستی رۆژنامه‌نوسێكی بیانی، یان كه‌سێكی بیانی بكه‌نه‌ مانشێتی سه‌ره‌كی ‌و زۆریش موعجیب بن پێوه‌ی، به‌ڵام نوسین‌و به‌یاننامه‌‌و هه‌ڵوێست‌و قسه‌ی حزبێكی ناوخۆی كوردستان كه‌ نیشتمانی‌و كوردستانی‌و راستگۆیانه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ن نین گوێی لێبگرن، به‌ڵكو ته‌شیهریشی پێ ده‌كه‌ن و تۆمه‌تیشی ده‌خه‌نه‌ پاڵ.
ئه‌گه‌ر بمبورن هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌شێك له‌ وتارێكم تێكه‌ڵی وه‌ڵامه‌كه‌م ده‌كه‌م" هه‌موو حیزبێكی سیاسی، شوناس له‌ خه‌بات‌و ته‌مه‌ن‌و هه‌ڵوێسته‌كانی وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی شوناسی پێ ده‌به‌خشێت ته‌مه‌نی سیاسی خۆیه‌تی به‌پله‌ی یه‌كه‌م، حیزبه‌ كوردیه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی خه‌باتی سیاسی خۆی شوناسێكی دیاریكراوی خۆی هه‌یه‌. هه‌ندێك له‌و حیزبانه‌ شوناسی بچوك‌و چه‌ند چه‌مكێكی دیكه‌یان خراوه‌ته‌ پاڵ. به‌ڵام راستیه‌كه‌ی نه‌ حیزبه‌ گه‌وره‌كان گه‌وره‌ی سروشتین، نه‌ حیزبه‌ بچوكه‌كانیش بچوكی سروشتین. ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌ن خاوه‌نی دراو‌و ده‌سه‌ڵات‌و داگیركه‌ری كۆی جومگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگان‌و خه‌ریكی قوتدانی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگان بۆیه‌ ناچاری بژێوی ژیان وایكردووه‌ جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له‌ده‌وریان بن. به‌ڵام حیزبه‌ بچوكه‌كان دراو، ده‌سه‌ڵات، خانه‌نشین، ته‌عینكردن، گومرگ، چه‌ك..هتد له‌ده‌ست نیه‌ بۆیه‌ خه‌ڵكی به‌ده‌وره‌وه‌ نیه‌. ئه‌گه‌ر حیزبه‌ بچوكه‌كان موچه‌ی چاك‌و ته‌عینات‌و گومرگ‌و فه‌رمانگه‌ی حكومه‌تیان به‌ده‌ست بێت گه‌وره‌ گه‌وره‌ ده‌بن‌و هه‌زاران خێزان‌و هاوڵاتی له‌ده‌وریان كۆده‌بنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌هه‌ردوو باره‌كه‌یدا هه‌م بۆ حیزبه‌ گه‌وره‌كان هه‌م بۆ حیزبه‌ بچوكه‌كان ئه‌وپه‌ڕی گه‌نده‌ڵی‌و ناسروشتی‌و دووره‌ له‌ ئامانجی راسته‌قینه‌ی حیزبایه‌تی.
حیزب ده‌بێت به‌هه‌ڵوێستی نیشتمانی، سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، دیموكراسی‌و ئازادی گه‌وره‌ بێت، نه‌وه‌كو به‌جه‌سته‌، حیزب ده‌بێت به‌ پاكی‌و هه‌ڵوێستی مێژویی گه‌وره‌ بێت، نه‌وه‌كو به‌ زۆرو بۆری باره‌گا..حیزب ده‌بێت به‌وێستگه‌كانی ته‌مه‌نی خه‌باتی خۆی گه‌وره‌ بێت نه‌وه‌كو به‌ ته‌زویركردن..حیزب ده‌بێت خاوه‌نی كه‌سایه‌تی سیاسی خۆی بێت، نه‌وه‌كو هه‌ر جاره‌ له‌ ئاوازێك بخوێنێت، حیزب ده‌بێت به‌فكر گه‌وره‌ بێت نه‌وه‌كو به‌ هاشوهوش.."

ئێستانیوز: نه‌وت چیه‌؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: نه‌وت هێجگار گرنگه‌، بۆ كێشه‌ی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و داهاتومان، به‌ڵام شكستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وتمان نه‌كردۆته‌ كارتێكی ستراتیژی، ئه‌وه‌نده‌ی ئابوریانه‌و حزبیانه‌و تاكتیكیانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر نه‌وت ده‌كه‌ین، ستراتیژی بیر له‌نه‌وت ناكه‌ینه‌وه‌. ده‌بێت نه‌وت هێزمان پێ بدات، نه‌وه‌كو كێشه‌ی سیاسی ناوخۆمان بۆ دروست بكات، ئه‌گه‌ر نه‌وت له‌ناوخۆیدا بووه‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م فرۆشتنی رابگیردرێت. ده‌بێت نه‌وت سودی گه‌وره‌ی سیاسیمان پێ ببه‌خشێت.

ئێستانیوز: غه‌مگین بین؟
هه‌ندرێن شێخ راغب: بۆ ئێستا به‌ڵێ، چونكه‌ كه‌ركوك داگیركرایه‌وه‌، خاكی زۆرمان كه‌وته‌ ده‌ست دوژمن، بیرت نه‌چێت، من به‌ناچاری خۆم به‌عێراقی ده‌زانم، ده‌وڵه‌تێك ئه‌نفالی كردبین‌و كیمیابارانی كردبین، شه‌رمه‌ خۆمان به‌عێراقی بزانین. نابێت به‌هیچ جۆرێك ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی ده‌وڵه‌ت بین. ده‌وڵه‌ت بۆ شه‌خس‌و حزب‌و گروپێك نیه‌، بۆ داهاتووه‌، بۆ گه‌لی كوردستانه‌. ده‌بێت غه‌مگین بین، به‌ڵام سبه‌ینێشمان هه‌یه‌.

س.س

 

Hits: 1135
Category: