ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەپاندنی پرەنسیپی زۆرینە لە یاسای دادگای فیدڕاڵی مەترسیدارە..

لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئێستانیوز، بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتی: ئەگەر یاسای دادگای بالای فیدڕاڵی دەستەبەری هاوسەنگی نەكات لەنێوان هەرێمەكان‌و دەسەڵاتی فیدڕاڵی، ئەوا سیستەمی فیدڕاڵی لەعێراق لەناوەرۆكدا لاوازو روكەش‌و دەبێ، باڵادەستی لایەنی زۆرینە لە دادگای فیدڕاڵی، مانایەك بۆ هەبوونی هەرێمەكان ناهێڵێتەوە، بۆیە ئەگەر لەكاتی یەكلایی كردنەوەی كێشە‌و ناكۆكی لەنێوان هەرێمەكان و حكومەتی فیدڕاڵی، كە بەپێی دەستور لەتایبەتمەندیەكانی دادگای فیدڕاڵیە، بڕیاردان بەتێكڕای دەنگ نەبێ، هاوسەنگی دەستەبەر نابێت، ئەو پرسە بۆ ئێستا‌و داهاتووی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ‌و چارەنووسسازە، نابێ سازشی لەسەر بكرێ، چونكە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی قەتعی دەبێ.

بێكەس قادر ئەوەشی گوت: لەكاتێكدا كە عێراق بە ئاراستەی فیدڕاڵی هەنگاوی  نەناوە و هێشتا ئەنگێزەی مەرکەزی زالە ، لەعێراقدا هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی تاقانە ماوەتەوە، رێگا بە هەرێمی دیكە نەدراوە پێك بهێنرێت، هەروەها  ئەنجومەنی فیدراڵی پێك نەهێنراوە كە زەمانی هاوسەنگی دەكات لەهەر دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، بۆیە ئێستاكە كە یاسای دادگای فیدراڵی لەپەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدرێ. لە غیابی ئەنجومەنی فیدراڵی، ئەوا دادگای فیدڕاڵی رۆڵێكی گرنگ دەبینێت، تێپەڕاندنی ئەم یاسایە لەپەرلەمان و چەسپاندنی بنەمای زۆرینە، سیستەمی فیدڕاڵی عێراق لەناوەڕۆكدا بەتاڵ دەكات،كە ئەمە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان‌و ئەو هەرێمانەش نیە کە لەداهاتودا پێكدەهێنرێن. بۆیە پێویستە لایەنی  كوردستانی سازش لەسەر ئەو پرسە نەكات بەتایبەتیش ئەگەر دەنگدان لەو یاسایەدا واتە لە دادگای فیدڕاڵی بە زۆرینەو كەمینە بڕیاری لێ بدرێت، هیچ شوێنێك نامێنێت دەستەبەری مافی هەرێمەكان بكات‌و دەستەبەری هاوسەنگی فیدڕاڵی بكات لەنێوان دەسەڵاتی هەرێمەكان و دەسەڵاتە فیدڕاڵیەكاندا، هاوسەنگی نامێنێت. لە سیستەمە فیدڕاڵیەكاندا دەسەڵات بەشێوەی زۆرینەو كەمینە بەرێوەنابرێت  بەڵكو رەچاوی هەرێمەكانیش دەكرێت.

بێكەس قادر ئاماژەی بەوەشدا: كۆ دەنگی كوتلە كوردستانییەكان لەپەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە گرنگی زۆری هەیە‌و پێویستە هەر بەو شێوەیە بمێننەوە. لەكاتێكدا كە ئەنجومەنی فیدڕاڵی پێك نەهاتووە، دادگای باڵای فیدڕاڵی رۆڵێكی باڵای دەبێت، بۆیە نابێت لەسەر بنەمای تائیفی‌و زۆرینەو كەمینە رێك بخرێت.

Hits: 246
Category: