شەلال عەبدول بۆ ئێستا نیوز: هەشتا هەزار خێزان لە خورماتوو ئاوارەن

ئيستانيوز- چاوپێكه‌وتن.. شەلال عەبدول قایمقامی دووز خورماتوو لە دیمانەیەكی تایبەتی لە گەڵ (ئێستا نیوز) دا چەند پرسێكی گرنگ سەبارەت بە شارۆچكەی دووز خورماتوو دەخاتە ڕوو، ڕاشیدەگەێنێت  كە حكومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە پرۆسەی تەعریب كردنی كركوك دووبارە بكاتەوە و ژمارەیەك خێزانی عەرەبی دانیشتووی ناوەراست وباشوری عێراق بۆ كەركوك دەگوازیتەوە. ئێستا نیوز: لە دوای رووداوەكانی 16/10، لە ئێستادابارودۆخی خورماتوو لە چی ئاستێكدایە؟
شەلال عەبدول: لە ئێستادا شارۆچكەكە لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە،بە هۆی شاڵاوەكانی ئەو هێزەوە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی خورماتوو كە لە پێكهاتەی كوردن ئاوارە بوون وماڵ وحاڵی خۆیانیان بە جێهێڵاوە ولە ئێستادا بە هۆی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەریان ناتوانن بگەڕێننەوە نێو ماڵ وحاڵی خۆیان، ئەوانە قسوریان لە سوتاندن وڕوخاندن وبە تاڵان بردنی ماڵی كوردانی خورماتوویان نەكردووە كە زۆرینەی ئەو تاوانانە بە وێنەو ڤیدیو وەكو بەڵگە نامە لە لامانن.
ئێستا نیوز: ژمارەی ئاوارەكانی خورماتوو چەند دەبن؟
شەلال عەبدول: هەشتا هەزار خێزان لە خورماتوو ئاوارەن ولە ئێستادا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ژیان دەگوزەرێنن كە بارودۆخیان بە هاتنی وەرزی زستان ونەبونی پێداویستی تایبەت لە مەترسیدایە، لە گەڵ ئەوەشدا ناتوانین بە كەس بڵێن بگەڕێنەوە شارۆچكەكە چونكە ناتوانین ژیانی كەس بپارێزێن.
ئێستا نیوز:  ژمارەی قوربانیانی تاوانەكانی حەشدی شەعبی چەندن؟
شەلال عەبدول: تاكو ئێستا حەفت هاوڵاتی شەهیدبوون كە یەكێك لەو هاوڵاتییانە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كرا، سەرباری ئەوەی چەكدارانی حەشد تاوانی نامرۆڤانەیان دژ بە ژمارەیەك لە هاوڵاتی سیڤیل ئەنجامداوە.
ئێستا نیوز:  پەیوەند بە بارودۆخی ئێستای كەركوك، دۆخی شارەكە لە چی ئاستێكدایە؟
شەلال عەبدول:  لە ئێستادا حكومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە دووبارە پرۆسەی تەعریب كردن لە كەركوك دووبارە بكاتەوە، بەوەش كە ژمارەیەك لە خانەوادەی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاست وباشوری عێراق بۆ كەركوك دەگوازێتەوە، ئەو ڕەفتارەی حكومەتی ناوەند خزمەت بە بارودۆخی ناوچەكە ناكات، هەوڵەكەی بۆ ئەوەیە هاوسەنگی لە نێوان دانیشتوانی كەركوك دروست بكات وبڵێت ڕێژەی عەرەب لەو شارە هاوشانە بە ڕێژەی كورد.
ئێستا نیوز:  قسەتان لە سەر ڕفاندنی بەردەوامی هاوڵاتیان لە خورماتوو چییە؟
شەلال عەبدول:   كۆمەڵێك بەرپرسی نابەرپرس لە شارۆچكەی خورماتوو هەن لە پاڵ حەشدی شەعبی دەجوڵێنەوە و وەزعەكەیان قوستۆتەوە ودەستییان بە ڕفاندن ودەستدرێژیكردن وتیرۆركردنی خەڵك كردووە، ئێمە وەكو ئیدارەی شارۆچكەكە كردەوەكانی ئەو كەسانە ئیدانە دەكەین وبۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك لە گەڵ حكومەتی ناوەند ومەرجەعە ئاینییە شیعیەكان وحكومەتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كردووە وئەو كردانەوەمان پێیان ڕاگەیاندوون و وتومانە ئەوانە دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی هێزە ئەمنییەكانی خورماتوو كە ئەو ڕەفتارانەیان مایەی قەبوڵ كردن نییە.
ئێستا نیوز: كێن ئەوانەی كە زیاتر دەكرێنە ئامانج ودەڕفیندرێن یاخود تیرۆر دەكرێن؟
شەلال عەبدول:    زیاتر عەرەبی سوننەو توركمانی سوننە دەكرێنە ئامانج وناو بە ناویش كورد دەكرێنە ئامانج بەڵام كەمتر لەوان.
ئێستا نیوز:  سەبارەت بە پشتگوێ‌ خستنی دووز خورماتوو لە لایەن حكومەتی عێراقەوە چی دەڵێن؟
شەلال عەبدول:   حكومەتی عێراق چەند ساڵێكە شارۆچكەكەمانی پشتگوێ‌ خستووە وئاوڕی لێنەداوەتەوە، لە ساڵی 2013 تاكو ئێستاكە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بو دووز خورماتوو ئەنجام نەداوە و وەكو پێویست هیچی بۆمان نەكردووە .لە سەر ئەو پشتگوێ‌ خستنە هەڵویستمان هەبووە ولایەنە فەرمییەكانمان ئاگادار كردۆتەوە.
ئێستا نیوز:   ئێووە چی داواكارییەكتان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە؟
شەلال عەبدول:   داواكاری ئێمە ئەوەیە كە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بدات كە لە ساڵی 1976 لە لایەن حكومەتی ئەو كاتەی عێراق دەركراو  بە هۆیەوە دووزخورماتوو لە سەر كەركوك لابراو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین ، خوازیاری ئەوەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەدا هاوكارمان بێت بۆ ئەوەی شارۆچكەكەمان بگەڕێتەوە سەر كەركوك ولە سەر پارێزگای سەڵاحەدین نەمێنێت.
سازدانی پەیامنێری ئێستا نیوز/عومەرئاوارە

Hits: 1087
Category: