ئيستانيوز
پزیشکانی سەنتەری پزیشکی ساوسوێسترن لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە بوونی جۆرە ئەنزیمێک لە جەستەدا، مەترسیی تووشبوونی خانمان بە بەرزەپەستانی خوێنی پەیوەست بە دووگیانی زیاددەکات.
پزیشکە ئەمریکییەکان توێژینەوەیەکیان لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن لەماوەی دووگیانیدا ئەنجامداوە و لە جۆرناڵی (Circulation) بڵاوکراوەتەوە.
د. فیلیپ شاول، پرۆفسیۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، بەرزەپەستانی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا هۆکارێکی سەرەکی منداڵبوونی پێشوەختەیە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی کۆرپەکە.
لە توێژینەوەکەدا پزیشکانی ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە بوونی ئەنزیمێک بە ناوی (PP2A) رۆڵی هەیە لە تووشبوونی خانمانی دووگیان بە بەرزەپەستانی خوێن، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی بە ئامانجکردنی ئەم ئەنزیمە چارەسەرێکی نوێ بۆ بەرزەپەستانی خوێن لەماوەی دووگیانی و رێگەگرتن لە منداڵبوونی پێشوەختە دابنێن.
لە جیهاندا ٪5-7ی خانمانی دووگیان تووشی بەرزەپەستانی خوێنی پەیوەست بە دووگیانبوون دەبن، ئەمەش واتە خانمەکە خۆی تەندروستە و هیچ نەخۆشییەکی نییە بەڵام لەماوەی دووگیانیدا تووشی بەرزەفشاری خوێن دەبێت و بەمەش تووشی چەندین گرفتی تەندروستیی دەبێتەوە.