كۆمسیۆن: دەنگدەر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دەنگ بدات

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق میكانیزمی بەشداریی كردنی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، ئاشكرا كرد و ئاماژەی بەوە كرد، دەنگدەر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دەنگ بدات.


لەو بارەیەوە موهەنەد مستەفا ئەندامی نووسینگەی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا، ئاشكرای كرد، بە هۆی ئەوەی پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە دەرەوەی وڵات هەڵوەشێندراوەتەوە، دەنگدەران دەتوانن بگەڕێنەوە عێراق و بەشداریی پڕۆسەكە بكەن و لە ناوەندەكانی دەنگداندا، دەنگ بدەن.


پێشتر ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری دابوو، هەڵبژاردنی پێشوەخت كە چاوەڕوان دەكرێت لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت، لە دەرەوەی وڵات ئەنجام نادرێت.


سەبارەت بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، موهەنەد مستەفا ئاماژەی بەوە داوە هەڵمەتەكە لە 9ی مانگی تەمووزی رابردووەوە لە لایەن كاندیدانەوە دەستی پێ كراوە و تا 24 كاتژمێر بەر لە دەست پێ كردنی دەنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت و وتی: “هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە 7ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا كۆتایی دێت”.



پەیوەندیدار