رۆژی دووشەممە چوارەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن.
دانیشتنەکەی دادگە لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و رۆژی 18ی ئەیلوولیش پارێزەرەکانی دۆسیەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا و داوایان لە خەڵک کرد رۆژی 20ی ئەیلوول لەبەردەم دادگە ئامادەبن.
لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا داواکاری گشتیی داوای 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و زیندانی هەمیشەیی بۆ 38 لەو تۆمەتبارانە دەکات، کە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن. تاوەکو ئێستا لەو دۆسیەیە 8 سیاسەتڤان بە مەرج ئازادکراون.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
رووداوەکانی کۆبانێ کە لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا، وەک پاساوێکی سەرەکی بۆ داخستنی هەدەپە ئاماژەیان پێدەکرێ.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.