وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی هەڵوەشاندەوە ئەوەش وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر رێککەوتنی نێوان ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر پێدانی کەشتیی ژێردەریایی ئەتۆمی.
تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسا لە بەرامبەر ئەو رێککەوتنە بەردەوامە، چونکە بەهۆیەوە ئوسترالیا لە رێککەوتنێکی 66 ملیار دۆلاری لەگەڵ فەرەنسا کشایەوە کە لە ساڵی 2016 دا واژۆکرابوو.
تێڕوانینەکان لەلایەن بەریتانیاوە جیاوازە و داوا دەکات رووداوەکە لێکدانەوەی نەرێنی بۆ نەکرێت، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، پێویست ناکات فەرەنسا لە رێککەوتنەکە نیگەران بێت، بەڵام فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆبوونەوەی لەگەڵ بێن واڵەس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا هەڵوەشاندەوە.
پێشتریش فەرەنسا باڵیۆزەکانی لە ئەمریکا و ئوسترالیا کشاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بەرگریی لە بڕیارەکەی دەکات و دەڵێت، لە بڕیارەکەی پەشیمان نییە، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئوسترالیا لە پێش هەموو شتێکەوەیە.
ئەمریکا نایەوێت گرژییەکان بەردەوام بن و دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە کە لەبارەی رێککەوتنەکانەوە گفتوگۆ بکەن. کۆشکی سپی رۆژی یەکشەممە رایگەیداند، “سەرۆک بایدن زۆر بایەخ بە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ فەرەنسا دەدات و چاوەڕێی ئەوە دەکات کە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن گفتوگۆ بکەن”.
رێککەوتنە سێقۆڵییەکە بە مەبەستی پاراستنی “ئاسایشی” زەریای هیندی و ئارامە، ئەوەش وەکو هەنگاوێک کە ئەمریکا دژی فراوانخوازیی چین گرتوویەتیە بەر. چینیش سەرکۆنەی رێککەوتنەکەی کرد و رایگەیاند، سەقامگیریی ناوچەکە دەشێوێنێت و بە هەنگاوێکی “نابەرپرسانە” ناویبرد.
ئیدارەی ئەمریکا لە ژێر سەرپەرشتیی بایدن هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی هەژموونی چین بەسەر بازرگانی و سیاسەتی جیهان. پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وڵاتانی جی حەوت، هەوڵی ئەوەی دەدا کە بەرەیەک دژی چین دروستبکەن، بەڵام هەموو وڵاتەکانی گرووپەکە پشتگیریی بڕیارەکەیان نەکرد.
لەبارەی رێککەوتنەکەوە سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت، “دەستپێشخەریی گەورەی یەکەمی ئەمریکا و بەریتانیا بریتییە لە گەیاندنی ژێردەریاییەک کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات بۆ ئوسترالیا. لە 18 مانگی داهاتوودا، ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ دیاریکردنی باشترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی ئەمە.”