شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە هیوای خواست دانوستاندنە سەرەتاییەکان لەگەڵ ئێرانی “هاوسێی” ببێتە هۆی بەدەستهێنانی “ئەنجامی کۆنکرێتی” بۆ بنیاتنانی متمانە لە نێوان هەردوو وڵات، داواشیکرد ئێران چیدی پشتگیری میلیشیاکان نەکات.
مانگی رابردوو نوێنەرانی ریاز و تاران لە لووتکەی بەغدا بەشداربوون و قسە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا کرا، کە لە ساڵی 2016وە تێکچوون.
هاوکات لە ساڵی 2015ەوە سعودیە سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن کە “شەڕێکی خوێناوی” لەگەڵ حوسیەکان دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوە هات کاتێک ساڵی 2014 حوسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت.
شا سەلمان لە میانی قسەکردنی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە بە ڤێرچواڵ بەشداربوو، رۆژی 22ی ئەیلوولی 2021 گوتی: “ئێران وڵاتێکی هاوسێیە و هیوا دەخوازین دانوستاندنە سەرەتاییەکانمان لەگەڵیدا ببێتە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی کۆنکرێتی بۆ بنیاتنانی متمانە و ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکانمان لەبارەی پەیوەندیی هاوکاری لەسەر بنەمای پابەندبوون بە پڕەنسیپ و بڕیاری نێودەوڵەتی، رێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی”.
داواشی لە تاران کرد بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتییەکانی بۆ “گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکان” رابگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە حوسییەکان بەمدواییانە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند شارێکی باشووری سعودیە.
لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، شای سعودیە جەختی لەسەر “راماڵینی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ” کردەوە و گوتی ” لەم روویەوە سعودیە پاڵپشتی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی”.
ئێران و سعودیە بە دوو وڵاتی هەژمووندار لە کەنداو هەژمار دەکرێن و لە زۆربەی دۆسیەکانی هەرێمیی لە دژی یەکدی دەوەستنەوە کە دیارترینیان گرژییەکانی یەمەنە کە ریاز سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دەکات و تارانیش پشتگیری لە میلیشیای حوسی دەکات.
ریاز لە کانوونی دووەمی ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند. ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد کرایە ئامانج، کە دەگوترێت کاردانەوە بوو بەرامبەر لە سێدارەدانی پیاوی ئاینی شیعە ‘نەمر ئەلنەمر’ لەلایەن سعودیەوە.