وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێستا هەفتانە 100 هەزار ژەمی ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان و 11 سەنتەری دیكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینی فایزەر دەكەنەوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد زویتن، بەرپرسی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق: “ئێستا پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان دوو بەرامبەر زیادیكردووە و هەفتانە 100 هەزار ژەم ڤاكسین دەگات، نزیكەی 20٪ی ئەو كەسانەی لە سەرووی 18 ساڵیەوەن ژەمی یەكەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، و نزیكەی 13٪شیان ژەمی دووەمیان پێدراوە”.
ئاشكراشی كرد: “11 سەنتەری دیكەی پێدانی ڤاكسینی فایزەر لە هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، كە زنجیرەی گواستنەوە و هەڵگرتنی جیاوازە و بە بەفرگری تایبەتە كە دەبێ پلەی گەرمی 80- بێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد: ” رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڕێكی دیكەی لە پێداویستییە پزیشكی و تەندروستییەكان پیشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا. هاوكارییەكان بە بڕی 300 هەزار دۆلارە، لە ماوەی ساڵێكدا چوارەم جارە رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكاریمان پێشكەش دەكات، كۆی هاكارییەكانیان لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیكەی چوار ملیۆن دۆلار”.
وەزیری تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییان بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی كرد، بە مەبەستی خۆكوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا هەموویان رووبكەنە بنكەكانی تەندروستی .