پەیامێکی تووند لە لاپۆرتاوە بۆ كۆمانی راهێنەر

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، راشکاوانە رایگەیاند، “لە بارسێلۆنا مانەوەی راهێنەر دوو مەرجی هەیە، ئەنجام و ئاستی یاریکردن”.

لاپۆرتا دانی بەوەدا نا کە ئەوان ئاگادار نەبوونە لەوەی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری یانەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا دەکشێتەوە و گوتی “لە دوایین خولەکەکاندا زانیمان کە کۆمان دەیەوێت ئەو بەیاننامەیە دەربکات”.

دوێنی کۆمان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی ئەمڕۆی یانەکەی بەرامبەر کادیز کشایەوە و رێگەی نەدا رۆژنامەڤانان پرسیاری لێبکەن، ئەمەش لاپۆرتا و بەرپرسانی بارسای تووڕەکرد.

سەرۆکی بارسێلۆنا، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا، گوتی “لە راستیدا دەبووایە کۆمان ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە ببێت، ئەو ئازادە لەوەی چ وەڵامێک دەداتەوە یان بۆچوونی خۆی بڵێت، ئێمە رێز لە بڕیاری راهێنەر دەگرین، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە نەماندەزانی ئەو کارە دەردەکات، تاوەکو چەند خولەکێک بەر لەوەی روویدا”.

رۆناڵد کۆمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاری یانەکەی بەرامبەر کادیز، ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان بداتەوە و گوتی “دەستەی راهێنەرانی بارسا پێویستییان بە پشتگیری بێ مەرج هەیە”. ئەو گوتیشی “دەبێت دەرفەت بە یاریزانە لاوەکانمان بدەین وەک چۆن پێشتر بە چاڤی و ئینێستا دراوە”.

راهێنەری بارسێلۆنا دانی بەوەشدا نا “مێسی هەموو کەموکوڕییەکانی تیپەکەمانی دەشاردەوە، بە رۆیشتنی لیۆ کێشەکانی بارسێلۆنا دەرکەوتن”.

خوان لاپۆرتا لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی کۆمان، گوتی “ئێمە لە ساتەوەختێکی زەحمەتداین، پێموایە کە پێویستیمان بەوەیە ئارام بین و هیوامان هەبێت بۆ بردنەوە لە کادیز، چونکە ئەوە گرنگە و بە ئەنجامی باش دەتوانین بەسەر زەحمەتییەکاندا سەربکەوین و بەردەوام بین لە تێکۆشان و پێشکەوتن”.

ئەو سەرۆک یانەیە، گوتیشی “ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چێژ لە یاریی کادیز وەربگرین و یارییەکی جوان و ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین”.

لاپۆرتا رەتیشیکردەوە کارلێس پویۆل تویتێکی بۆ کردبێت و داویلێکردبێت هەمووان لە پشت تیپەکەیان یەکگرتوو بن، سەرۆکی بارسا گوتی “لە راستیدا تاوەکو ئێستا ئەو تویتەی پویۆلم نەبینیوە”.

سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە، لە درێژەی قسەکانیدا، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە پێویست نەدەکرا کۆمان ئەو کارە بکات، چونکە وەکخۆی گوتی “وەڵامدانەوەی پرسیارەکان یارمەتیت دەدات ئەوەی لە مێشکتدایە روونیبکەیەوە”.

خوان لاپۆرتا، لە کۆتایی قسەکانیدا، راشکاوانە پەیامێکی بۆ رۆناڵد کۆمان نارد و گوتی “داهاتووی راهێنەر هەمیشە پشت بە ئەنجامەکانی دەبەستێت، بەڵام لێرە لە بارسێلۆنا جیاوازە، پرسەکە پشت بە ئەنجامەکان و ئاستی یاریکردنیش دەبەستێت، کۆمان ئەوە دەزانێت و وەک پیشەگەرێک مەمەڵە دەکات”.

پەیوەندیدار