سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) رایگەیاند، کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وادەکات ئەو وڵاتە ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ گروپە تیرۆرستیەکان.
کریس ڕەی رۆژی چوارشەممە لە کۆبونەوەی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا مەترسی وڵاتەکەی لە گروپە “تیرۆرستییەکانی” ئەفغانستان دەربڕی و رایگەیاند، “دەبێت باش بزانین بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، گروپە چەکدار و تیرۆرستییەکان دوبارە گەشە دەکەنەوە و ئەو وڵاتە دەبێتە ئارامترین پەناگە بۆیان، هەروەها مەترسی لەسەر وڵاتانی دراوسێشیان دروست دەکەن”.
سەبارەت بە رێگەچارەکان، بەرپرسی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، “دەبێت هەنگاوی خێرا و کاریگەر بنێین بۆ رێگرتن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، چونکە هەمان شتمان لە 20 ساڵی رابردودا لەو وڵاتەدا بینیوە و دەزانین چەند کارێکی گرانە و دواتر کۆنتڕۆڵکردنی دەبێتە کارێکی تاڕادەیەک ئەستەم”.
پێشتر و لە دو رۆژی رابردودا، مارک هیلی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ هاوتا روسیەکەی کۆبونەوە و مەترسی تیرۆریان لە وڵاتی ئەفغانستان و سنورەکان تاوتوێ کرد، هەروەها لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پاکستان جەختی کردەوە لەوەی، وڵاتەکەی هەمو کارێک دەکات بۆ پاراستنی سەروەری خاک و سنورەکانیان.