سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی دەنگدەرانی عێراق دەکات، لەبارەی بەڵێنی چەند بەربژێر و لایەنێکی سیاسی کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ باس لە دامەزراندن و پێدانی زەوی دەکەن و دەشڵێت، باوەڕیان پێنەکەن.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی لەبارەی بەڵێنی ژمارەیەک بەربژێر و لایەنی سیاسی لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، “چەند رۆژێكی كەم ماوە لە بەردەم گەلەكەمان بۆ ئەوەی ئاییندەی خۆی لە رێگەی بەشداریكردنی فراوان و هەڵبژاردنی دروستەوە، بنەخشێنێت”.
لەبارەی بەشێک لە بەڵێنەکانی بەربژێرەکانەوە کازمی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، “بڕوا بەوانە مەكەن گفتی وەهمی دەدەن بۆ دامەزراندن و پارچەزەوی دەنگ دەكڕن، گوێ لەوانەش مەگرن هەڕەشە دەكەن، بە دەنگەکانتان لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرددا ئەم کەسانە دووربخەنەوە. با پێکەوە ئاییندەیەک بونیادبنێین شایەنی گەل بێت”.
بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
karwan