هەدەپە دامەزراندنی تەنیا 3 مامۆستای زمانی کوردی دەباتە پەرلەمان

پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە کێشەی دامەزراندنی مامۆستای زمانی کوردی گواستەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا. نەجدەت ئیپەکیوز، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئێلیهـ لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە نووسراوێکی ئاراستەی وەزیری پەروەردەی تورکیا کردووە و داوای کردووە کە لە پەرلەمان وەڵامی بدەنەوە.

لە نووسراوەکەدا چەند پرسیارێک خراونەتەڕوو و داوا لە وەزیری پەروەردە کراوە روونی بکاتەوە، بۆچی لەو 15 هەزار مامۆستا تازەیەی دادەمەزرێن، تەنیا سێ مامۆستا بۆ بەشی ئەدەبیات و زمانی کوردی دەستنیشانکراون؟

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لە داواکەیدا دەپرسێت:

  • پاساو چییە بۆ دامەزراندنی تەنیا سێ مامۆستای زمانی کوردی، لە کاتێکدا لە تورکیا دوای تورکی، کوردی بەربڵاوترین زمانە کە خەڵک قسەی پێدەکات؟
  • وەزارتی پەروەردە لە چوارچێوەی پەیماننامەی مافی منداڵ بۆ خوێندن بە زمانی دایک و پێدانی مافی کولتووریی هیچ کارێک بەڕێوەدەبات؟
  • وەزارتی پەروەردە هیچ کارێک دەکات کە هاوکار بێت بۆ پێشخستنی لایەنی پەروەردەیی و فێرکردنی منداڵ بە زمانی دایک؟
  • چەند دەرچووی بەشی زمانی کوردی هەن کە تاوەکو ئێستا وەک مامۆستا دامەزرێندراون، دامەزرادنیان بەشێوەی مامۆستای گرێبەست بووە یان هەمیشەیی؟
  • چەند دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەن کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە و چاوەڕوانی دامەزراندنن؟
  • پلانتان هەیە بۆ دامەزراندی دەرچووانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە قۆناخی داهاتوودا؟

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی 23ـی ئەیلوولی 2021 رایگەیاند، 15 هەزار مامۆستا لە تورکیا و باکووری کوردستان دادەمەزرێن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 3 کەسیان مامۆستای زمانی کوردی ( دوو کورمانجی – یەک زازاکی) دەبن.

پەیوەندیدار