سەدر پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکردەوە

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند “کار دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بۆ ئەوەی هاوتای دراوە جیهانییەکان بێت”.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “سەرکەوتنی چاکسازی سەرکەوتنی عێراقە و لەمڕۆ بەدواوە شوێنێک بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران نامێنێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمە رۆژی ئێوەیە ئەی گەلی عێراق، رۆژێک کە چاکسازی تیایدا سەرکەوت، ئەمڕۆ رۆژی عێراقە و رۆژی گەل و دەوڵەتە”.
رونیشیکردەوە، کار دەکەن بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نێوان هۆزەکان و رۆڵی کارایان پێدەدەین لە پاراستنی عێراق و سەقامگیرکردنی ئاسایشەکەی.
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات بە خوێنی خۆیان گەندەڵی لەناو دەبەین.
سەدر ئاماژەی بەوە کرد پێشوازی لە هەموو باڵیۆزخانەیەک دەکەین بەو مەرجەی خۆیان لە کاروباری عێراق و پێکهێنانی حکومەت دەستوەردان نەکەن و هۆشداری ئەوەشیدا کە بۆ هەر دەستێوەردانێک وەڵامی دبلۆماسیانە و جەماوەرییان دەبێت. چونکە عێراق تەنها بۆ عێراقییەکانە و بەهیچ جۆرێک رێگە بە دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی نادەین.
لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە کرد کە لەمڕۆ بەدواوە رێگە نادەن حکومەت و پارتەکان یاری بە پارە و خێروبێری وڵاتەوە بکەن و دەبێت نەوت و پارە و خێروبێری عێراق تەنها بۆ گەل بێت.
رونیشیکردەوە “کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بۆ ئەوەی هاوتای دراوە بیانییەکان بێت”.

پەیوەندیدار