لە پارێزگای سلێمانی 17%ی دەنگدەران دەنگەکانیان سووتاندووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، رێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 37%بووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 20%ی ئەوانە دەنگی دروستیان بە بەربژێری حیزب و سەربەخۆکان داوە و 17%ی دیکە دەنگەکانیان سووتاندووە.


بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ملیۆنێک و 425 هەزار و 705 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، 288 هەزار و 679 کەس دەنگیان بە حیزب و بەربژێرەکان داوە.


لە پێنج بازنەکەی سلێمانیدا زۆرترین دەنگ بۆ بەدەستهێنانی کورسی 22 هەزار و 634 بووە، ئەویش لە بازنەی چواردا بووە. کەمترین دەنگیش بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە بازنەی پێنجدا بووە و بە 5 هەزار و 346 دەنگ کورسی بەدەستهێنراوە.


لە بازنەی یەک، کە چوار کورسیی هەیە، لەکۆی نزیکەی 274 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە 44 هەزار و 334 کەس دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە.
بازنەی دووەم ژمارەی کورسییەکانی سێ کورسییە. زیاتر لە 341 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو 61 هەزار و 875 کەس دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە.


بازنەی سێ، سێ کورسی هەیە. لە کۆی نزیکەی 214 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، 50 هەزار و 285 کەس دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە.


بازنەی چوار ژمارەی کورسییەکانی چوارکورسین. زیاتر لە 282 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، 87 هەزار و 421 کەس دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە.
بازنەی پێنجیش کورسییەکانی چوار کورسین. نزیکەی 251 هەزار کەس کەمافی دەنگدانیان هەبووە 44 هەزار و 764 کەس دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە.


تاوەکو ئەمڕۆ 12ی ئۆکتۆبەر، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو دەنگانەی دەنگدەر سووتاندوونی، یاخوود لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەژمار نەکراون هیچ روونکردنەوەیەکەی بڵاونەکردووەتەوە.


رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کورستان بەڕێوەچوو. ئەمڕۆش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند.

پەیوەندیدار