ئایا شەڕی نێوان ئەردۆغان و بایدن لە سوریا نزیکە؟

نووسینی :حسنی محلی*
و: هیوا سەید سەلیم
دوای شکستی دانوستانی (تورکی_ روسی) لە سوچی،کە تایبەت بوو بە ئایندەی بارودۆخی ئیدلب و بوونی هێزی سەربازی تورکیا لە باکووری سوریا بە گشتی.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی کە سەرۆک جۆ بایدن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی نانسی بیلۆسی دەنێرێت تووشی سەرسوڕما دەبێت.
شایانی باسە نامەکە تایبەت دەبێت بە درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە سوریا. کە پێشتر سەرۆک ترامپ ئەو بارە نائاساییەی لە14ی ئۆکتۆبەی 2019 ڕاگەیاندبوو.
بایدن، لەو نامەیەدا ئاماژەی داوە بە جموجۆڵە سەربازیەکانی تورکیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت:
” ئەو کارانەی سوپای تورکیا رێگر دەبن لە هەوڵەکانمان بۆ بنبڕکردنی رێکخراوی تیرۆررستی داعش، و هەڕەشەن لەسەر خەڵکی سڤیلی ناوچەکە،ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە تێکدەدەن، هەروەها مەترسیەکی گەورە دەبێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و سیاسەتی دەرەکیمان”
ئەو قسانەی بایدن وەڵامێک بوون بۆ لێدوانەکانی ئەردۆغان کە کاتێک لە نیویۆرک گەڕایەوە وە ووتبووی:
“بایدن پشتیوانی لە تیرۆر دەکات” مەبەستی ئەردۆغان لە تیرۆر هێزەکانی سوریای دیموکرات ( YPG)یە، هەروەها ئەردۆغان هێرشیشی کردبووە سەر نێردەی بایدن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، برێت مەکگۆرگ، سەبارەت بە ئەو ئەردۆغان ووتبووی:
“مەکگۆرگ پارێزەری تیرۆر و تیرۆرستانە، ئەو وا هەڵسوکەوت دەکات وەک ئەوەی بەرپرسی راستەوخۆی پەیەدە و پەکەک و یەپەگە بێت. ئەوەیان بۆ ئێمە جێگای نیگەرانیە، چونکە مەکگۆرگ ئەو کارانە لە شوێنیک دەکات کە ئێمە شەڕی دژ بە تیرۆری تیا دەکەین، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمەریکا لە ناوچەکە پاشەکشە بکات و ئەو ناوچەیە رادەستی سوریەکان بکاتەوە”
وەک لای هەموو لایەک ڕوونە کە گرژی و خاوبوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەردۆغان و سەرۆک بایدن ڕابردوێکی خراپی هەیە، کاتی خۆی کە جۆ بایدن جێگری سەرۆک ئۆباما بوو لە3ی ئۆکتۆبەری2014 تورکیا و سعودیە و ئیماراتی تۆمەتبارکرد بەوەی بە هەموو جۆرێک هاوکاریەکی تیرۆرستان دەکەن. لە نموونەی تیرۆرستانی قاعیدە و بەرەی نوسڕە، کە ئەو تیرۆرستانە لە تەواوی جیهانەوە روویان لە سوریا کردووە، لە رێگای تورکیا گواستروانەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.
بایدن، چەندین جاری دیکە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەردۆغان کردووە بەڵام بە زمانی جۆراو جۆر، کاتێک لە 7ی دیسێمبەری 2015 پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام دەدات، بایدن داوای لێدەکات “کۆتایی بێنێت بە پەڕینەوە تیرۆرستان بۆ سوریا لە ریگەی خاکی تورکیاوە”
گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئەوسای نێوان ئەردۆغان و بایدن هاوکات بوو لەگەڵ ئەو زانیاریانەی کە باسیان لە رەتکردنەوەی ئەمەریکا بۆ فرۆشتنی40 فڕۆکەی جۆری F16 بە تورکیا دەکرد، هەروەها نۆژەنکردنەوەی نزیکەی 200 فڕۆکەی هێزی ئاسمانی تورکیا ، هەروەها هەڵوێستی ئیدارەی بایدن دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن ڕەتیکردەوە کە فرۆکەی جۆری F16بە تورکیا بفرۆشیت، ئەمە لە کاتێکدا کە تورکیا بە ملیارێک دۆلار شەریکی ئەمەریکا بوو لە دروسستکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە.
هەروەها هەندێک پێیان وایە بڕیاری ئەردۆغان سەبارەت بە کڕینی مووشەکی S400ی رووسی هۆکاری سەرەکی ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی نێوان (ئەردۆغان و بایدن)بوونە.
وەک هەموو لایەک دەزانێت کە زۆر شت هەیە کە بایدن لە پەیوەندیەکانی دژ بە ئەردۆغان بیقۆزیتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی بایدن کاتی خۆی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی ووتبووی:
“ئەردۆغان سەرۆکێکی”چەوسێنەرە” کاتی ئەوە هاتووە کە تورکیا لێی دەرباز بێت، ئەویش لە رێگای پشتیوانیکردنمان لە ئۆپزسیۆنی ناوخۆی تورکیا”.
ئەمەریکا پێیوایە ئەو هەڵسوکەوتانەی تورکیا و ئەردۆغان پێی هەڵدەستن لە سوریا و لیبیا و عێراق و ناوچەکانی دیکە، دەبنە هۆکاری ئەوەی کێشە لە نێوانی ئەمەریکا و روسیا کە نەیارێکی تەقلیدی ئەمەریکایە درووست بێت.
دوا لێدوانی بایدن سەبارەت بە رۆڵی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا وا لێکدەدرێتەوە کە ئەردۆغان بیر لە کشانەوەی هێزەکانی ناکاتەوە لەو ناوچانە، وە هەر دەسپێشخەریەکی ئەمەریکی و ئەوروپی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکە بە تایبەت لە سوریا لە لایەن ئەردۆغان رەتدەکرێتەوە.
وەڵامی ئەنقەڕە بۆ قسەکانی بایدن کە رۆژی شەمە لە زاری وەزیری دەرەوەیان مەولود چاوش ئۆغلو بڵاوکرایەوە بریتی بوون لە:
” ئەمەریکا بۆ دابەشکردنی سوریا پشتیوانی لە هێزە تیرۆرستیەکان دەکات، هەروەها ئەمەریکا راستگۆ نیە کە دەڵێت بۆ شەڕی داعش لە سوریا ماوەتەوە، هەر ئەوانن چەکدارانی داعش لە سوریا دەگوازنەوە بۆ ئەفغانستان”
هەروەها چاوش ئۆغلۆ لەو لێدوانەیدا تۆمەتی زیاتری ئاڕاستەی ئەمەریکا کرد بەوەی سیاسەتێکی دووژمنکارانەی هەیە، کە کاریگەری لەسەر عێراق و سوریا و ئەفغانستان دەبێت. هەروەها داوایکرد کە ئەمەریکا لە جیاتی ئەوەی گلەیی لە تورکیا بکات با ئەویان سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: کەس بانگهێشتی ئەمەریکای نەکردووە بێتە سوریا، و هیچ سنورێکی هاوبەشیان لە نێوانی سوریا و ئەمەریکا نیە، ئێمە بۆیە لە سوریاین چونکە سنووری هاوبەش لە نێوانمان هەیە، مافمان هەیە لەوێ بین، بەڵام ئیمە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەین.
شایانی باسە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دیداری نێوان ئەردۆغان- بایدن، کە بڕیارە لە چوارچێوەی لوتکەی20 کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە ئیتالیا ببەسترێت، پەیوەندی تورکی-ئەمەریکی چاوەڕوانی زۆرێک لە رووداوی کتوپڕی لیدەکرێت. بە تایبەت ئەگەر ئەردۆغان تیگەیشت کە واشنتۆن جدیە لە دژایەتیکردنی، ئەو دژایەتیەی کە لە ئیستادا بازاڕی دروای تورکی هەستی پێکردووە، کە مەترسی زۆر لەسەر داتەپینی بەهای لیرەی تورکی دادەنێت، کە ئەمەشیان دەبیتە هۆی درووستبوونی قەیرانێکی گەورەتری ئابووری و دارایی لە تورکیا، قەیرانێک کە دوو ساڵە تورکیا پێەوە دەناڵێنێت، بە تایبەت کاتێک ترامپ هەڕشەی لە تورکیا کرد کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر کوردانی سوریا ئەوا ئابووری تورکیا خاپوور دەکات.
کاتی خۆی ترامپ نامەیەکی شەخسی بۆ ئەردۆغان نارد و داوای لێکرد لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی هیزەکانی سوریایی دیموکرات هەسەدە بکەوێتە گفتوگۆ. هەر لەو نامەیەدا بە گالتەپیکردن بە ئەردۆغان دڵێت” ئاقڵ بە گێژ مەبە”.
ئەو نامەیەی کە ئەردۆغان بە سوکایەتی بۆ تورکیا و گەلی تورکیای لێکدایەوە، و بڕیاریدا کە وەڵامی بۆ نامەکە دەبێت، بەڵام دواتر وای نەکرد، وە کاتێک ئەردۆغان لە رۆژی 13 ی ئۆکتۆبەری 2014لە کۆشکی سپی چاوی بە ترامپ دەکەوێت، ئەو رایدەگەیەنێت کە ترامپ دۆستێکی خۆشەویستی ئەوە، شایانی باسە ئەو دیدارە دوای سێ هەفتە لە ناردنی نامەکە ئەنجامدرا.
لە ئێستادا هەڵوێستی بایدن لە بەرامبەر ئەردۆغان بۆ سەرجەم پرسەکان یەکلاکەرەوە دەبێت، بەڵام گریمانەکە لەسەر هەڵوێستی نانسی بیلوسی ماوەتەوە کە بایدن داوای لێکردووە هەڵوێست لەدژی ئەردۆغان وەرگرن، کە پێشتریش کۆنگرسی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوەی لە ئەردۆغان کردبوو بەوەی سەروەت و سامانی ئاشکرا دەکات.
وەک دەزانرێت کە ئەمەریکا لە رێگای رەزا زەرب کە بزنسمانیکی ئێرانی/ تورکیە زانیاری بەدەست گەیشتووە کە تورکیا و ئەردۆغان دەستیان هەیە لە گەندەڵی گەوەرە کە لە ریگەی کوڕەکەی ئەردۆغان و چوار لە وەزیرە نزیکەکانی ئەنجام دراوە، ئەو گەندەڵیەی کە لە دیسێمبەری 2013 ئاشکرا کرا، ئەو نەهێنیانە کاتی خۆی رەزا زەڕب بە ئەمەریکای داوە بە تایبەت دوای ئەوەی لە تورکیا ڕادەکات بۆ ئەمەریکا.
لە ئێستادا ئەنقەرە لە بارودۆخێک دایە کە کەس ئیرەیی پێنابات، بە تایبەت کە بایدن لە نامەکەیدا بۆ نانسی بیلۆسی هەست پیدەکرێت جدیە لە دژایەتی ئەردۆغان. لەو حالەتەدا دەبێت بیلۆسی بۆ دیداری لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا سەردانی دیمەشق بکات، و دیداری 3 ئەپرلی 2007زیندوو بکەنەوە.
کە ئەمەیان بە شیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە سەرەتای گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ سوریا، بە تایبەت دوای ئەوەی قسە لەسەر دەستپێشخەری ئەمەریکی بۆ کرانەوەی عەرەبی و تەنانەت ئەوروپی بە رووی سوریا دەکرێت. ئەمەیان سەرەتای کۆتایی ئەردۆغان دەبێت لە سوریا، نەک هەر سەبارەت بە سوریا بگرە لە تێکڕای سیاسەتی تورکیا، لە ناویاندا ئیدلب و بوونی سوپای تورکیا لە باکووری سوریا.
لە ئێستادا ئەردۆغان خۆی لەبەردەم بارودۆخێکی سەختی ناوخۆیی تورکیاش دەبینێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوپەیمانیەتی هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە دژی ئەردۆغان، هەروەها پاش ئەوەی سەرجەم راپرسیەکان پێشبینی ئەوە دەکەن بە هۆکاری قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی کە روویان لە تورکیا کردووە، لە سەرینی سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە دوایی رووداوەکانی بەهاری عەرەبی بە تایبەت لە سوریا، ئەردۆغان لە هەلبژاردنی داهاتوو رووبەڕووی شکەست دەبێتەوە.
هەروەها بەبێ کشانەوەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی فوڕات، گۆرەپانی سوریا دەبێتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا لەگەڵ گەورەترین هاوپەیمانی ئەمەریکا، و دوای کشانەوەی لە عێراق، جارێکی دیکە کێشەی کورد وەک کارتێکی هەرێمایەتی بادەیبات و دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، دوای بەکارهێنانی لە لایەنی نێودەوڵەتی و بەسەر چوونی هەروەک بەدرێژایی سەد ساڵی رابردووبەکارهاتووە.

سەرچاوە: المیادین نێت.

پەیوەندیدار