سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی زانیاری نوێ لەبارەی زیادکرنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی جامی جیهانی و کاتی بەرێوەچونی ئەو بۆنە وەرزشیە جیهانیە ئاشکرا دەکات.
لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گۆڕانكاریەكانی جامی جیهانی، جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆكی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی لە مۆندیالی ساڵی (2026) ەوە (48) هەڵبژاردە بەشداریی بكەن و بەرزكردنەوەی ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربوەکان لەو مۆندیالەوە یەكلایی بۆتەوە.
سەرۆكی فیفا راشیگەیاند، گفتوگۆكردن لەبارەی گۆڕینی كاتی بەرێوەچوونی مۆندیال، لە چوار ساڵ جارێکەوە بۆ دوو ساڵ جارێك بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە بڕیار و رێككەوتنی كۆتایی گفتوگۆكانیشیان لەوبارەیەوە درێژەی دەبێت.
لەبەشێكی لێدوانەكەیدا ئینڤانتینیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەرێوەچوونی مۆندیال لەدوو ساڵدا گرنگی ئەو پاڵەوانێتیە كەم ناكاتەوە، بەهۆی ئەوەی هەوادارانی تۆپی پێ دەیانەوێت زوتر روداوە گەورەكانی تۆپی پێ ببیننەوە.
فیفا پێشنیازی بۆ گۆڕینی كاتی مۆندیال كردوە، بەڵام لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین و زۆربەی یەكێتیەكانی تۆپی پێ لە ئەوروپا و زۆرێك لە كەسایەتیەكانی تۆپی پێ رەتدەكرێتەوە.