لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان، کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 100 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، نرخی یەک لیتر گازوایلیش لە 500 دینارەوە بۆ 700 دینار بەرزبووەتەوە.
هەرچەند حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو لەم مانگەدا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکات، بەڵام خەڵکی ترسیان لە دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتە و هەروەها گرانی نرخەکەیەتی، بۆیە لە زۆر ناوچەدا دیسان پەنا بردراوەتە بەر بڕینی دارە خۆرسکەکان.
سیروان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایگەیاند، ئەو نەوتە سپیەی لە بەنزیخانەکان هەیە هی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە. بەنزینخانەکانیش نەوتی سپی بە بەرمیل دەکڕن. دەشڵێت ” رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر نەوتی سپی هەیە و رەنگە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە نرخەکەی بەرزببێتەوە.”
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، حکومەت بڕیاری داوە نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشبکات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری داوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکە بکڕێت.
هەر بەرمیلێک 220 لیترە، بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر نرخی هەر بەرمیلێک بە زیاتر لە 150 هەزار دینار دەفرۆشرێت. دەشڵێت “رەنگە پێش سەرماوسۆڵە حکومەت دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکات.”
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی نەوتی سپی حکومەت هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و لەڕێگەی لیژنەکانی خۆیان دابەشدەکرێت.
ئەو نەوتەش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جار بەڵێنی دا بەسەر خەڵکدا دابەشی بکات هیچ دەنگۆیەکی نییە، بازرگانانی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێن؛ نەوتی سپی لە بازاڕ کەمە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەیکەنەوە ناو فلوین کە پاشماوەی نەوتە و هەناردەی بەندەرعەباسی دەکەن لە ئێران.
سەرەڕای دابەشکردنی بەنزینەکەی بەغداش نرخی هەر لیتر بەنزین ئەمڕۆ بە 900 دینار بووە، نرخی هەر تەن گازوایلش لە 360 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 500 دۆلار. بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە لەسەر ئاستی جیهان داناوە.
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و کەمبوونەوەی خستنەڕووی بەرهەمە نەوتییەکان، نرخەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا بەڕێژەی 50٪ بەرزبوونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی رایگەیاند، “لە 70%ی بەنزینی کوردستان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل لە ئێرانەوە بۆ کوردستان رادەگیرێت. ئەوەی کە دێت کۆمەڵێک ماددەی پترۆکیمیاوی مەترسیدارە کە لەکۆمەڵێک ماددەی بێکەڵک تێکەڵ دەکرێن و کوالیتی ئۆتۆمبێل تێکدەدات، ئەگەر ئێستا نرخەکەی بە 800 دینار بێت ئەو ماددە مەترسیدارە سەرەتانییە خراپە دەبێتە هەزار بۆ هەزار و 100 دینار.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوە دەدات کە “ئەگەر تاوەکو دوو هەفتەی ئایندە گوێمان لێنەگیرێت و بە قسەمان نەکرێت، نرخی بەنزین دەبێتە هەزار و 300 دینار. ئەمەش ئەگەر بێت و لە دوبەیەوە بێت. ئەمە بۆ گاز وایل و غازیش راستە.”
كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بەنزین سەردانی بەغدا دەکات و گوتیشی: “دەمانەوێ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق پلانێکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بەنزین دابنێین”.
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەمبوونەوەی بەنزینەوە رایگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە، قەیران نییە، بەڵام راستە بەنزین کەمبووەتەوە و دوو هۆکاریشی هەن، یەکەم: نەناردنی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە و دووەمیش: پابەندنەبوون بە ناردنی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە لەلایەن بەغداوە.