وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەزیری دارایی و ئابووری بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوەوە و کێشەی ئەو مامۆستایانە “چارەسەری پێویستی بۆ کرا.”
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، “هەر سێ لا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری کۆتایی بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەی کێشەکە بە میکانیزمێکی نوێ چارەسەر بکرێت.”
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “بڕیاردرا چارەسەری کۆتایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی بکرێت و کێشەکانیان لە ماوەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت.”
چەند رۆژێکە مامۆستایانی وانەبێژ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوامیان کردووە و گردبوونەوە دەکەن. ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە، هاوکات لە سنووری چەمچەماڵ و سەیدسادقیش ئەو مامۆستایانە گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
لە راگەیێندراوێکیاندا، مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق ئاماژەیان بەوە کردووە کە چارەسەری کێشەی ئەوان “تەنیا دامەزراندن” دەبێت.