یەپەگە :ئەردۆغان بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەكات

وتەبێژی یەپەگە رایگەیاند، مەترسیی هەیە ڕێككەوتنێك هاوشێوەی عەفرین بكرێت، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەك هێرشیان نەكردووە و لە هەر جۆرە هێرشێكیش مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەكاردەهێنن.

نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دەوڵەتی توركیا بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە، بەڵكو دەیەوێت سنووری توركیا تێپەڕێنێت و سەڵتەنەیەك بنیات بنێت.

وتیشی: لە ناوخۆی توركیا چەندین قەیران هەیە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا و گەلی توركیا بە گشتیی دەیانەوێت سیستەم بگۆڕن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەكات.

نوری مەحمود، وتی: مەترسییەك هەیە كە ئەردۆغان دۆخێكی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەكو دۆخێكی نائاسایی لەناوخۆی توركیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێك لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە.

لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی سوریاش لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئەردۆغان و دەوڵەتی توركیا، وتەبێژی یەپەگە ڕوونیكردەوە، كە حكومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارییەتەدا نییە، چونكە ناتوانێت بڕیارێكی سەربەرخۆ بدات و نایەوێت چارەسەریی بۆ دۆخی سوریا فەراهەم بێت، هاوكات حكومەتی سوریا لەژێر كاریگەری بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێران مامەڵە دەكات.

بە وتەی نوری مەحمود، ڕوسیا هەنگاوێكی بەرچاوی بۆ دۆخی سوریا نەناوە، بەر لە بەرژەوەندیی گەلی سوریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسیی و پێشبینی ئەوەش دەكرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێككەوتنێك بكرێت.

وتەبێژی یەپەگە، ڕوونیشیكردەوە”لە ماوەی نزیكەی ١٠ی ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان، لە هەر هێرشێك لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەكاردەهێنین و هیچ كاتێك هێرشمان بۆسەر هیچ لایەنێك نەكردووە، هیچ كاتێكیش داگیركەریی، چەتە و داعش و قاعیدە و پاشماوەكانی تیرۆر قبوڵ ناكەین

پەیوەندیدار