دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی دەرکرد

دادگای تاوانی هەولێر بڕیاری دا، سزای ساڵێک زیندانیکردن بۆ هەر یەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی ببڕێتەوە.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری خۆبەخش لە دۆسیەی تۆمەتبارەکان رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای تاوانی هەولێردا بڕیاردرا هەردوو تۆمەتباران مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی، ساڵێک زیندانی بکرێن و گوتیشی: “بەهۆی ئەوەی نزیکەی ساڵێک راگیرابوون، ماوەیەکی دیکە ئازاد دەکرێن”.

ئاسۆ هاشم گوتی: “بەدەل بەرواری دوای 36 رۆژی دیکە و ئومێد بەرۆشکی دوای شەش رۆژی دیکە ئازاد دەکرێن”.

بەڵام عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان، کە لە نزیکەوە چاودێری دۆسیەکانی کردووە، لە پەیجەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: “ئومێد بەرۆشکی، بە تۆمەتی ناوزڕاندن، حوکمی دوو ساڵی دیکەی لەسەرە”.

رۆژی 22ی حوزەیران، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ چالاکڤان ئومێد حەجی فەتاح، ناسراو بە ئومێد بەڕۆشکی دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ی یاسای سزاکانی عێراق.

رۆژی 15ی ئایاری 2020 واتە رۆژێک پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری، کە یەکێک بوو لە رێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکرا.

 هەرچەندە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، لەنێو ئەو 14 کەسە بوون، کە دەبووایە لە کۆتایی مانگی مایسی 2021 ئازادبکرێن، بەڵام بە بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی هاندان و بەپێی ماددەی 222 لە یاسای سزاکانی عێراق، خرانەوە زیندانەوە.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان – لقی دهۆک، ساڵی 2020 زیاتر لە 300 مامۆستا و چالاکڤان و بەشداربووی گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی لە دهۆک دەستگیرکراون و بەشێکیان دوای چەند کاژێرێک ئازادکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی زیاتر لە 50 کەس نادیارە.

پەیوەندیدار