نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان دەستی لە کارکێشایەوە و خەمباری خۆی بۆ گەلی ئەفغانستان دەربڕی بۆ “ئەو بارودۆخەی کە تێکەوتوون”.
زاڵمای خەلیلزاد، دیپلوماتکاری ئەمریکی بە رەگەز ئەفغانی، لەدوای زیاتر لە 3 ساڵ کارکردنی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشتەوایی ئەفغانستان، رۆژی 18-10-2021 بە فەرمی دەستی لەکارکێشایەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سوپاس و پێزانینی فراوانمان بۆ زاڵمای خەلیلزاد هەیە کە چەندین دەیە خزمەتی گەلی ئەمریکای کردووە، گوتیشی تۆماس وێست، جێگری خەلیلزاد شوێنەکەی ئەو دەگرێتەوە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا، خەلیلزاد نووسیویەتی: “من دانبەوەدا دەنێم ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا هەبوو بەو جۆرەی کە خوازیاری بووین، نەچووەپێش. هۆکارەکەشی بۆ چەندین بابەتی زۆر ئاڵۆز دەگەڕێتەوە، کە لە چەند رۆژ و مانگەکانی داهاتوودا باسی دەکەم”.
زاڵمای خەلیلزاد گوتیشی هەست بە خەمباری بۆ گەلی ئەفغانستان دەکات بۆ “ئەو بارودۆخەی کە تێیکەوتوون”، راشیگەیاند دەستلەکارکێشانەوەکەی لەکاتێکدایە ئەمریکا بە قۆناخێكی نوێ لە “سیاسەتەکانی لە ئاست ئەفغانستاندا تێدەپەڕێت”.
دەستلەکارکێشانەوەی خەلیلزاد لەدوای دوو مانگ دێت لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دێت، کە لە 15-8-2021 دەستیان بەسەر کابولدا گرت و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی شپرزە و ناڕێکخراو کشانەوە، کە بووە جێگەی رەخنەی زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوخۆی ئەمریکاش.
زاڵمای خەلیزاد لە ئەیلوولی 2018وە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشتەوایی ئەفغانستان دەستبەکاربوو، ئەوەش رێگەی پێدا دەستی باڵای هەبێت لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی تالیبان و ئەمریکا کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا بە چڕی لە دەوحەی قەتەر بەڕێوەچوون.
زاڵمای خەلیلزاد
لەدایکبووی 22-3-1951 لە مەزاری شەریفی ئەفغانستان
2004 – 2005 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئەفغانستان
2005 – 2007 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق
2007 – 2009 باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان
2018 – 18-10-2021 نێردەی تایبەتی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری ئاشتەوایی ئەفغانستان