مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین بە رووداوی هاتووچۆ گیانلەدەست دەدات

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دەڤەری راپەڕین، مامۆستایەکی ئافرەت گیانلەدەستدەدات و منداڵە بچووکەکەی بریندار دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 19-10-2021، عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین رایگەیاند، “کاتژمێر 10:00ـی شەوی رابردوو لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری (نیسان ڤێرسا) لە کڵاوسوورە لە نێوان (چوارقوڕنە – هیزۆپ) ژنێک کە مامۆستای زانکۆ بوو گیانی لەدەستداو منداڵە دوو ساڵانەکەی و هاوسەرەکەشی برینداربوون.”

ئەو ژنە لە دایکبووی ساڵی 1988ـە و ناوی بێگەرد خالید مستەفا بووە، مامۆستا بووە لە بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی راپەڕین.

ئامارەکانی هاتووچۆی راپەڕین ئەوە دەخەنەڕوو، لە 01-01-2021 تاوەکو 30-09-2021، (189) رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، بەهۆیانەوە 31 کەس گیانیان لەدەستداوە و 208 کەس برینداربوون.

زانکۆی راپەڕینیش لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری مامۆستاکەیان کردووە، دەڵێت، “مامۆستا بێگەرد لە ماوەی خزمەتی لە زانکۆی راپەڕین رۆڵێکی گرنگ و بەنرخی بینی لە خزمەتکردنی خوێندکاران و بەشی بایۆلۆجی و بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی بەشەکە.”

بەپێی زانکۆی راپەڕین، هاوژینی ئەو مامۆستایە هەر لە زانکۆکە لە بەشی مێژوو مامۆستایە و ناوی (د. هەرێم حەسەن)ـە.

پەیوەندیدار