سود و زیانەکانی خواردنی جگەر بۆ تەندروستی مرۆڤ دەخرێتەڕو

جگەری ئاژەڵ یان پەلەوەرەکان، یەکێکە لەو خواردنانەی زۆر دەخورێت بە برژاوی بێت یان سورەوەکراوی و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەتایبەت لە خواردنگەکان، بەڵام ئایا سودەکانی زۆرترە یان زیان،  جگەر ئامێری پاڵاوتنە لە لەشی ئاژەڵ یان مریشكدا ئەرکی کۆکردنەوەی مادەی ژەهراوییەکانە لەشدا، بۆیە شارەزایانی خۆراکی باوەڕیانوایە دەبێت دڵنیابین کە ئەو ئاژەڵە یان مریشكە ماوەیەكە هۆرمۆن و دەرمانی پێنەدراوە ئینجا بیخۆین.

لەشکر حەمید، پزیشی پسپۆڕی خۆراکی رایدەگەیەنێت، جگەری ئاژەڵ و پەلەوەر كۆمەڵێک سودی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، رێژەیەكی زۆر ڤیتامین B12 ی تێدایە، کە سودی هەیە بۆ زیادبونی خوێن و یارمەتی دروستبونی خڕۆكە سورەكان دەدات و كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی دەمارەکان، بەهای خۆراكی بەرزە و دەوڵەمەندە بە پرۆتین، بە جۆرێک %28.18ی پرۆتینە.

باسی لەوەشکردوە، لەهەمانکاتدا دەبێت ئاگاداربن جگەر ئامێری پاڵاوتنە لە لەشی ئاژەڵ یان مریشكدا، هەمو ئەو هۆرمۆن و دەرمانەی كە دەدرێت بەئاژەڵەكە یان مریشكەكە تێیدا كۆدەبێتەوە، ژەهر لەلەشدا كۆدەكاتەوە، پێویستە دڵنیابین ئەو ئاژەڵە یان مریشكە ماوەیەكە هۆرمۆن و دەرمانی پێنەدراوە ئینجا بیخۆین.

بۆ ئەوانەی نەخۆشی دەردەشا (داء الملوك) یان هەیە جگەر گونجاو نییە، چونکە بڕێکی زۆر ترشی یوریک دروستدەکات، رێژەیەکی زۆریش چەوری و کۆلیسترۆڵی تێدایە، لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەو کەسانەش زۆر گونجاو نییە کە نەخۆشیی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنیان هەیە.

لەشکر حەمید ئاماژە بەوە دەکات، جگەری بەستوی هاوردە گونجاو تەندروست نییە، چونكە رێژەیەكی زۆر نیتراتی سۆدیۆمی تێدایە کە لە هەندێک باردا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.

پەیوەندیدار