وەزارەتی کارەبا دەنگۆیەک لەبارەی پێوەری زیرەک رەتدەکاتەوە

لیژنەی باڵای پێوەری زیرەكی سەر بە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، پڕۆژەی پێوەری زیرەك بە یەكێك لە “سەركەوتوترین” پرۆژەكانی كارەبا دادەنرێت و بەپێی ئەزمونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیكراوەتەوە و چەندین سودی بۆ هاوڵاتیان هەیە، بەڵام كەسانێك بە مەرامی خراپ پروپاگەندەی دور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن.

لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك لەرونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە باس لەوەش دەکەن، “پێوەری زیرەك بە یەكێك لە سەركەوتوترین پرۆژەكانی كارەبا دادەنرێت و بە كوالیتییەکی بەرز و بەپێی ئەزمونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیكراوەتەوە و چەندین سودی بۆ هاوڵاتیان هەیە. بەڵام بەداخەوە كەسانێك بە مەرامی خراپ پروپاگەندەی دور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوبەشانەی كارەبا ئاگادار دەكەنەوە كە سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک ئاشکرایە و وێڕای گرتنەبەری رێكاری یاسایی و سزای دارایی سەرپێچیكاران كە بە ئەنقەست دەسكاریی پێوەرەكە بكەن و بیشێوێنن، دەبێت تێچوی پێوەرەكە و چاككردنەوەشی لەئەستۆ بگرن.

لیژنەی باڵای پێوەری زیرەكی سەر بە وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستوەتەڕو، پێوەری زیرەک بەبێ بەرامبەر بۆ هاوبەشان بەستراوە و لەكاتی هەر هەڵەیەكی تەكنیكی یان گرفتێك، وەزارەتی کارەبا خەرجییەكانی لەئەستۆ دەگرێت، بەپێچەوانەوە هاوبەشەکە دەبێت تەواویی تێچونی چاككردنەوە و دانانی پێوەرێكی دیكە، جگە لەسزادانی دارایی ئەو تێچونەش لەئەستۆ بگرێت.

پەیوەندیدار